ئارام فەتحی: شیعری ئێستاکەی ڕۆژهەڵات پتر لە هەر سەردەمێکی تر، گرێدراوی بە ڕووداوەکان و کۆمەڵگاوە پچڕاوە

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف 

ئارام فەتحی، دانیشتووی مەریوان ـ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەن دەنگ و ڕەنگێکی جودای شیعرییە، کردەییانە شاعیربوونی سەلماندووە. لە پێنج ساڵی ڕابردوو، چەندینجار بە بیانووگەلی جۆراوجۆرەوە لەسەر چالاکییە مەدەنی و مافی مرۆییەکانی وەک هەڵوێست نواندن بەرامبەر بە کوشتنی کۆڵبەران و … دەستبەسەرکراوە و لەلایەن دادگاوە سزای زیندانی بە تۆمەتگەلی وەک بانگەشە دژی ئاسایشی نەتەوەیی بەسەردا دراوە.

لەم دیدارەماندا لەگەڵ ئارام فەتحی، لەبارەی شیعر بە گشتی و شیعری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دواوین.

دیار لەتیف: لەکتێبی (من ئەزانم بیرم چووەتەوە شاعیربم)، هەڵبەت ناونیشانێکی سەرنجبەر و ڕاکێشەرە و لاساییکەرەوە نییە، بایەخدانی هونەریانە بەو ڕەگەزە دراوە. دەکرێت بپرسین ئاخۆ هۆکاری چییە شاعیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەرمتر و بە گوڕترانە گرنگی بە ڕەگەزی ناونیشان دەدەن و مۆرکێکی تاڕادەیەک تایبەت و ناسراویشیان هەیە؟ شیعر لەم کتێبەدا لەسەر ڕێڕەوێکی درامییانە دەڕواتە پێش.

برسێتی وەک تەوەرێکی بایەخدار سەیرکراوە، مەرگ و ئازادی و بێدەنگییش پەنجەرەی گێڕانەوەیان لەسەر ئاوەڵاکراوەتەوە. زمانێک بریندارە و توڕە خۆی دەهۆنێتەوە، بانگی مرۆڤانە دەدات و دەخوازێت زامەکان بۆ ساتێک لە ساتەکان سارێژبن. ئەم چامەی کە بۆخۆی کتێبەکەیە، ڕەخنەی دەسەڵاتی داگیرکەر و دەسەڵاتی سەپاوی سەرمایەداری و لە نەوەیەکیش کە نیشتمانیان هەڕاج و زەلیل کرد دەگرێت.

لە دەفتەرە شیعری(من غوربەتم)، چەند دەنگێک، دەنگێک لە دەنگێکیترەوە گۆڕاو بەپێی دۆخی دەروونی ئامادەن، من گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەندێجار شێواو، یان توڕە، یان بیرکەرەوە و پرسیاروەشێن، ساتێک لە بۆتەی شیعردا دێتە گۆ و ساتێک بۆتەکە بۆ پەخشان دەگۆڕدرێت. ئایا ئەم دۆخگۆڕکێیە چەندێک لە بەرژەوەندی بەرەوپێشچوونی شاعیردایە و خزمەت دەکات؟ غوربەت لێرە هەر بەواتای تاراوگە نەهاتووە، لەکاتێکدا لە زێدیش، بەڵکو فرە واتایانەیە و دەشێت واتای نامۆبوون بگەیەنێت و ئەوەش ڕوونتر لەناو دێڕەکاندا هۆنراوەتەوە. لە ئەزموونی ئێوەدا لەناو ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کتومت ئەوەی پێی دەوترێت بەرە، لەو بەرەدا بەراورد بەوانیتر زۆرترین ڕووبەری واتاخوازی لە ئەزموونی شیعریتدا ڕەنگ دەداتەوە و دەبینرێت. لەهەمانکاتدا پشتت لە ڕەگەزەکان نەکردووە و وەک وێنە و زمان و ناونیشان و شێوازگەری. ئایا ئەم هاوسەنگخوازییە لە چییەوە دێت و گرنگییەکەی؟

ژیان زۆر شاعیرانە دەڕۆیشت، ئێمە هاتین و لە سوپادا دامان مەزراند! گەر بێت و ژیان شاعیرانەبێت، پێویستمان بە سوپا نامێنێت، دەسەڵاتە تاکڕەوەکان نەدەبوون، شۆڕش تەنانەت لەناو فەرهەنگیشدا جێگەی دەسڕایەوە. وێرانەیی جەنگمان نەدەدیت. بەڵام مرۆڤ ئاوەزی هەڵبژارد، ئایا عەقڵ هەمیشە لەبەرەی شەڕدایە، سەرەڕای هێنانەئارای گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان؟! گەر بگەڕێمەوە سەر ئەو پرسەی شیعر بەناوی شیعری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئایا بە کام وێستگە گەیشتووە؟

ئایا لەسوارە و هاوار و چاوە، بۆ مەلەکشا و هەژار و هێمن، چی گۆڕانێکی خۆماڵیانە و بنچینەیی لە شیعری ڕۆژهەڵات هاتەئارا؟ بۆچوونێک لە باشوور هەیە، باوەڕی وایە پاژێک یان ڕووبەرێک لە شیعری نەوەی نوێی ئێستای ڕۆژهەڵات، لە شەپقەی شیعری فارسی، بەتایبەت ڕەزا بەراهانییەوە هاتبێتەدەر، مەبەست لە کاریگەرییە؛ ئەم ڕوانینە تا چەند درووستە؟ ئایا باوەشکردنە تەکنیک و زمان، لەهەمان وەخت پەراوێزخستنی ناوەڕۆک، چی زیانێکی بە شیعری ڕۆژهەڵات گەیاندووە؟ لەلای باشوورییەکان بەجۆرێک پێچەوانەیە، زۆرتر پەنا بۆ ناوەڕۆک دەبرێت، بەڵام بیرمان نەچێت تەکنیک ئامادەیی هەیە، هەڵبەت بەشێوەیەکی کەمتر و کاڵتر وەک ئەوەی لەلای ڕۆژهەڵاتییەکان دەبینرێت. هاوڕێ لەگەڵیدا نموونەی شاعیری تەکنیکار و فۆرمخواز هەن و یەک لەوانە ئەنوەر مەسیفی، خاوەن کارنامەی فۆرمی گران لە شیعردایە، ئایا مەسیفی چی سەربارێکی خستووەتە سەر ڕەوتی شیعریی ڕۆژهەڵات؟ ئایا شیعری ئێستای ڕۆژهەڵات لە ئارێشەدایە؟

ئایا شیعری ئێستای باشوور گرفتەکانی چین؟ ئایا ئەم تەرزە توانیویەتی بچێتە ناو دڵی بەردەنگەوە؟ ئایا تەکنیک و گەمە زمانییەکان هەموو شتێکی شیعری تازەن؟! ئاخۆ ئێستا سەردەمی ونکردنی پەیامە لەشیعردا؟ ئایا ڕەخنە مافی خوێندنەوەی بە ڕەوتی شیعری کوردیی ڕۆژهەڵات داوە؟

شاعیرەکان ئەو ڕاوچیەن هەموویان ئاواتیان ئەوەیە سەلەمونێک ڕاوبکەن، سەلەموونی شیعر. هەر ئەو دڵنیانەبوونەیە شاعیر دەخاتە گڕ و بەدوای هەردەم باشترینەکان عەوداڵ دەبێت. ئایا شتێک هەیە بەنێوی تەواوکۆی شیعرییەوە؟ شیعرێک وەک نەمر و شاکار و وەک گەیشتنە دواخاڵ؟ تێڕوانینی شاعیر بۆ دەقی خۆی وەک پیرۆز و  شا دەق، دەبێتە لەمپەر لەبەردەم گەشەسەندن و پێشچوونی؟ شیعر ئەو ئاژەڵە کێوییەیە هەم ترسناکە هەم سانا نییە ڕامکردنی. باوەڕێکی ناجێگیرە و کارکردنێکی سرکە لەساتەوەختێکدا و دواتر پیشەسازکردنەوەی لەساتی دواتردا. شوختە بە دۆخی سەپاودا و ئازارێکی ئۆنتۆلۆژییە و هەروا ئاسان نابێت بیخەینە ناو پۆڵێنێکی دەستنیشانکراوە و بەڵام هەموو شیعرێکی باش لانیکەم بەو ڕاڕەوە ئۆنتۆلۆژییەدا تێدەپەڕێت، پاشان دەکرێت هەر خوودی دەقەکە لە ئازارێکی سووژەییەوە بازی بۆ ناو ئۆبژێکت دابیێت؟ شیعر هاوچوون بە ڕۆمان و دونیای گێڕانەوە، هەم سووژە کار لەسەر ئۆبژێکت دەکات و لەهەمانکاتدا چەپەوانەکەشی. هیچ شیعرێک نییە لەسووژەدا چەقی بێت و نەڕواتە دەر بەرەو ئۆبژێکت. کەواتە هەر ئەوەی کە دەوترێت و ڕایەکی ناو ڕایەکانە گوایە شیعر هۆنینەوەیەکی خوودییە، هەم بابەت دەرهاوێشتەی خوودە و هەم خوود لەناو بابەتدا دەجمێت. چۆن ئەو پوختە سەرنجە هەڵدەسەنگێنن؟

شاعیران پاسەوانی زمانن زمان یانی شووناس، دەکرێت بڵێین بەرگریکار؟ ئاخۆ داهێنانی شیعری هەر تەنیا لە شێوازدا دەکرێت؟ یان هەر ڕەگەزێک لەشیعردا بۆخۆی پێویستە داهێنراوی تێدابکرێت و نموونەی وەک میتافۆر، بونیادی ناونیشان، وێنەسازی، سۆز، وشەکاری، واتاسازی، ڕەوانبێژی، شیعرییەت، هتد. لەباری وشەوە، ئایا تاچەند گرنگە شاعیرانی ئێستا خۆیان لە وشە زۆر بەکارهاتووەکان دووربگرن و نوێکاری لە وشەدا بکەن؟

ئارام فەتحی:بەڕای من ناونیشانی کتێبەکان دەبێ ئەوەندە سەرنجڕاکێش بن کە هەر لە قۆناغی یەکەمدا سەرەنجی خوێنەر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، یانی ناونیشانەکە بەشێک لەو شتەیە کە ئێمە دەمانەوێ بە خوێنەری بگەیەنین، یان بەشێک لەو شتەیە کە پێمانوایە خوێنەر دەبێ بیخوێنێتەوە!

“من ئەزانم لەبیرم چووەتەوە شاعیر بم” ئەتوانێ بۆ خۆی گوزارشتێک بێ لە قەزیەکە، یان ئەشتوانێ توانجێک بێ بەنسبەتی شاعیرانی ئەم سەردەمە و ڕووداوەکانی پێشدەمیان، لەوانەیە بەلاڕێدابردنی زەینی خوێنەر بێ بە ئەنقەست. ئەم مانا هەڵگرییە، بەپێی بەرداشت و تێگەیشتنی خوێنەرەکان دەتوانێ جیاواز بێت.

بەڵام بۆ ئەوەی کە بڵێین ناونیشانی کتێبەکان، بە گشتی لە ڕۆژهەڵات جیاوازترن، ئەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو بابەتەی کە ئێستاکە شیعری ڕۆژهەڵات لە چ قۆناغێکی زمانیدایە و ئایا ئەو زمان و هەڵسوکەوتە پێشووە لە زمان و ژیان، ئیدی لیپاولیت نەبووە لە ئەدەبی کوردیدا؟ ئایا پێویست نییە کاتێ لە ئەمڕۆکەدا ژیان بەسەر دەبەین، به زمانی ئەمڕۆکەش ئەو ژیانە بنووسرێتەوە و دەیان پرسیاری دیکە کە وڵامەکانیش بۆ خۆیان لە ناو پرسیارەکاندان.

هەر شیعرێک گوزارشت لە ژیانێک دەکات، جا ئەوەی کە ئەو ژیانە سەر بە چ کۆمەڵ و کام گردییە و گردییەکە چەندە بچووک یان گەورەیە، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆد و تەوەرانەی شیعرەکە بەسەریانەوە بیچمی گرتووە. ئەم تەوەرانە ڕەنگە لە کۆمەڵگایەکی ئازاد، تا کۆمەڵگایەکی ژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرانە و چەوسێنەرانە، بگۆڕدرێن. بڕوام وایە هەموو ئەندێشەی مروڤایەتی، لەسەر ئەو دوو دەستەیە، ئەو دوو گرووپە لە ئینسان هاتووەتە ئاراوە، مرۆڤی برسی و مرۆڤی تێر، یان داراکان و نەدارەکان! لە سەرەتای دەسپێکردنی ژیانی مرۆڤەوە، لەو کاتەوەی بە کۆمەڵ و تاقم ژیاوە، ئەم شەڕە هەیە و هەر ئەوەشە کە سیستەم و شێوازی وڵات‌بەڕێوەبردنەکان و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ خواست و پێداویستی و حەزەکانی داڕشتووە.

لە جیهانێکدا کە ڕۆژانە هەزاران مرۆڤ لەبەر برسێتی دەمرن و لە هەمانکاتدا بەشێک لە ڕێژەی حەشیمەتی ئەم گۆی زەوییە، هەموو بانکەکانیان پڕ کردووە لە پارە، لە جیهانێکدا کە پارە بووەتە خودایەک و زۆرینەی ئەمرە ئەخلاقییەکان وەلا دەنێ و زۆرجاریش وەک دەمامکێک کەڵکی لێ وەر دەگیردرێ، لە وڵاتێکدا کە بەشێک لە خەڵکەکەی ڕۆژانە لە پێش چاوی یاسا و کۆمەڵگا و شەقام و بلووک و مزگەوتەکانەوە، سەریان بەنێو زبڵدانەکاندا شۆڕ کردووەتەوە و بۆ پارووە نانێک زبڵەکان دەپشکنن، لە وڵاتێک کە بەسەر دیوارەکانیەوە بانگەوازی فرۆشتنی گورچیلە داکوترابێ لەبەر پارە! ناتوانین لەو دۆخەدا چاومان بەڕووی نەهامەتییەکان و چەرمەسەرییەکاندا دابخەین و تەنها گوڵ و بولبول ببێتە کەڵکەکەی مێشکمان و وشەکانی سەر زارمان!

ئەویش لە سەردەمێکدا کە برسێتی یەک لە هۆکارە هەرە گەورەکانی شۆڕشی نێو دەسەڵاتەکانە و بە هەزاران ئینسان لە بەندیخانەکاندا لەسەر داواکردنی مافە ئاسایی و بنەڕەتییەکان دیل کراون. بگرە شاعیرەکە بۆ خۆی لەو نەدارانە بێ و لەو دیلکراوانەی گەیشتن بە ئازادیش!

مەبەست لە نەتوانینی نواندنەوەی ژیانی گوڵ و بولبولانە لە دۆخێکی وەهادا ئەوە نییە کە مەحاڵ بێ شتی وا، بەڵکوو پێچەوانەش؛ وەک وتم مرۆڤەکان دوو دەستەن، دارا و نەدارکان، هونەرمەندەکانیش نواندن و ئافراندنەکانیان هەر لەو دوو دەستەیەیە، جا چ وشەی برسێتی  و تێری لەناو دەقەکانیاندا وەک وشە ببێ یان فەزایەکی گشتی و کەڵکەڵەکانی ناو دەقەکە دەرخەری هەمان مەسئەلە بن.

وەک وتم هەر شیعرێک گوزارشت لە ژیانێک دەکات، هونەر کاریگەری بەسەر خەڵکەوە دادەنێ و خەڵکیش بەسەر هونەرمەند و هونەرەوە. هەر ئەو خەڵکەشە کە تەوەرەکان و چەمکەکان تێیاندا ژیان دەکەن، هونەرمەندیش لە ناو خەڵکەکەیە، جا یان خەڵکی دارا، یان نەدار! ئەو گوزارشت لە ژیانی خۆی و خەڵکانی وەک خۆی دەکات، جا ئەو گوزارشتە بریتی بێ لە گێڕانەوەی برسیەتی و بەرفراوانیی مەرگ و بریتی بێ لەو هەموو دیلییەی لە دەلاقەیەکەوە چاوەڕوانی ئازادییە، یان بریتی بێ لە نهۆمێکی بەرز و ڕاخەرێکی نەرم و ئەو ژوورە گەرمەی بۆڵەی خاس دانەخستنی درگاکەیەتی!

چەمکی لێدان، (کوتەک لێدان) لەوانەیە لە هەموو کۆمەڵگاکان و وڵاتاندا ببێ، بەڵام ڕێژەی ڕوودانی ئەو کردارە و بە ئەنجام گەیاندنی، هەروەها جۆری ڕوودانەکە(واتە لە چ پێوەندییەکدا، پێوەندیی ژن و مێردی، باوک و منداڵ، توندوتیژیی سەرشەقام و…) لەو نێوانەدا جیاواز بێ و ئاستەکانیان بگۆڕدرێ، هەر بەپێی ئەم جیاوازیە لەو ڕێژەیە و لە ڕوودانی کردارەکە، کاریگەری دانان و ڕەنگدانەوەشی لە ژیان و دەقەکاندا جیاوازە و ئاستەکەی دەگۆڕدرێ؛ مەرگ و برسێتیش وەهایە! ڕێژەی ڕوودانی مەرگ لە وڵاتێکدا، هۆکارەکەی، چۆنیەتیی مەرگەکان و… پێم وایە ئەمانە دەخیلن لە ڕەنگدانەوەی ئەم مەسئەلانە لە کۆی بەرهەمەکانی وڵاتێکدا. بۆ وێنە، مەرگەکان بە شێوەی ئاسایی ڕوو دەدەن؟ مرۆڤەکان لە تەمەنێکی ئاساییدا دەمرن یان زیاتر بە قەتڵ و کوشتن و خۆکوژی؟(کە ئەویش بە ڕای من زیاتر لەوەی خۆکوژی فیزیکی بێت، کوشتنی دەروونییە لەلایەن کۆمەڵگا و دەسەڵات و دەوروبەرەوە). ئەمەش تەنها بەو چەن وشەیەوە قەتیس نامێنێ کە ئێوە لە ناو شیعرەکانی مندا لە کتێبی “من ئەزانم لەبیرم چووەتەوە شاعیر بم” ئاماژەتان پێ داوە.  بۆ وێنە وشەی ئومێد وە زۆرێک چەمکی دیکە، کە ڕەنگدانەوەیان لە شانۆ، نیگارکێشی، مۆسیقا، شیعر و… دەرخەری دۆخی گشتییە و پێوەندیی بەو شتانەوە هەیە کە بەکورتکراوەیی باسم کرد.

دیارە تووڕە بوون و گلەیی هونەرمەند هەمیشە تەنها لە دەسەڵاتە فەرمییەکە وەک حوکمەت نییە. بەڵکوو ئەو وردە دەسەڵاتانە، ئەو تریبوونانەش کە بانگەشەی ئازادی دەکەن و کەچی لە ژێرەوە بۆ خۆیان پڕن لە زیندانی بچووک بچووک و لە خیانەتی لەتوکوت و پڕن لە بونبەست و داخستن، ئەوانەش بەشێک لەو لایەنانەن کە دەبێ هونەرمەند لێیان تووڕە ببێ و گللەیی بکا. یان لەوانەیە بەرهەڵستی نەریتێکی کۆن و بەکەڵکنەهاتوو ببێتەوە، گرنگ ئەوەیە هونەرەکەی، وە هەست و ویستەکەی دەستەمۆ نەکرێن و تەسلیمی ئەو دۆخە نەبن کە هەیە و زاڵە.

“من غوربەتم” بەڕای من ئەزموونێکی زۆر جیاوازترە لە کارەکانی دیکەم، ئەگەرچی پێم وایە مرۆڤ، تەنانەت هونەر و ئەندێشەکانیش، بەردەوام وەک فارس دەڵێن خەریکی “شودەن”ە. بەڵام لەم کتێبەدا ئەو مرۆڤەی کە دەچێت و هەروەها ئەو مرۆڤەش کە دوای خۆی دەیهێنێتەوە، مرۆڤێکی عاسییە و زمانەکەشی هەر وایە. مرۆڤێکە کاتێک کە دەچێت، وەک ئەو ئینسانەیە بەدەم ڕێگاوە دەبۆڵێنێ و جنێو دەدا بەوانەی پشتسەری کە جێی هێشتوون. یانی ڕۆیشتنەکەی زیاتر لەوەی خۆشی تێدا بێ، لە تووڕەییدایە و ئەیەوێ خۆی بگرێتەوە، لە زمان، لە بنەماڵە، لە داب و نەریت، وە هەروەها لەو ڕەنجانەش کە لەو گردییە جوگرافییەدا تووشی بووە، ئەیەوێ ئەوان لە بوونی خۆی بێبەش کا.

بۆیە ئینسانی ناو “من غوربەتم” بەردەوام خەریکی شودەنە، لەوسەرەوە کە دێتەوە ماڵئاوایی لە شاملووی فارسی دەکا لە ژوورەکەیدا، لەمسەریشەوە کە دەچێت، باوکی گورگێکە بەوا دەلوورێنێ!

ئەم ئینسانە زیاتر لەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە دەبێ شیعر بنووسێ یان چیرۆک یان پەخشانەشیعر، بیر لە نووسینەوەی خۆی دەکاتەوە، بە هەر شێوازێک کە پێی وابێ باشتر دەتوانێ قسەی خۆی بکا، هەر قسەیەکیش خۆی زمانی خۆی و تووڕەیی و نەرمیی زمانەکە هەڵدەبژێرێ. جا ئەوکات لەدوای ئەوە هەوڵ دەدرێ بزانرێ ئەوە شیعرە یان چیرۆک یان پەخشانە شیعر کە نووسراوە. چونکوو ئێمە ناتوانین بۆ نووسینەوەی خۆمان بە شێوەیەکی مکانیکی هەڵسوکەوت بکەین لەگەڵ ئەو ژانرانەدا. هەر بەو شێوەیەی ئێمە لە سەرەتاوە نەهاتووین بیر لەوە بکەینەوە و هەڵبژێرین کە شاعیر بین یان دەرهێنەر، یان فۆتۆگرافێر، بەڵکوو سەرەتا شتەکە لەئێمەدا ڕووی داوە، جا چ ڕاستەوخۆ بووبێ، یان ناڕاستەوخۆ و لەڕووی کۆدگەلێکەوە کە نزیکییان هەیە لە هەرکام لەو ژانرانە.

ئەگەرچی بە بڕوای من شاعیر کەسێک نییە کە تەنها شیعر بنووسێت، هەر بەوشێوەیە کە لەوانەیە چاو لە وێنەیەک بکەین و بڵێین چ وێنەیەکی شاعیرانەیە، یان چیرۆکێک بخوێنینەوە و بڵێین شاعیرانە نووسراوە. یانی شاعیر بوون خۆی شێوە ژیانێکە. بەڕای من پەخشان بۆ خۆی تامێکی تری هەیە و شیعریش تامێکی دیکە. ئەگەرچی هەردووکیان لە وشە پێک هاتوون بەڵام دەقێکی شیعری لە ڕووی زمانییەوە جیاوازترە لە پەخشان. بۆ خۆم پێم وایە گرنگ کەسایەتییەکەیە، کەسایەتییەکی هونەری یان ئەدەبی، جا ئەو کەسایەتییە بە تێکەڵیی دوو ژانری ڕۆمان و شیعر پێک هاتبێ و لەسەر هەردووکی کاری کردبێ، یان تەنها ڕۆمانی نووسیبێ و بە تاقە ژانرێکەوە خۆی پێک هێنابێ. زۆر بوون ئەو هونەرمەندانەی هاوکات هەم شاعیر بوون هەم ڕۆماننووس، هەم ڕۆماننووس بوون، هەم مۆسیقاژەن. گرنگ کەسایەتییە، قسەیە، جا لەوانەیە ئەو قسەیە بە چەندین ژانریش دەر ببڕدرێت کەچی هێشتاکە هونەرمەندەکە لە وتن تێر نەبێت!

دیارە ئەزموونی غوربەت، ئەزموونێک نییە کە تەنها مرۆڤەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەگەڵی ڕووبەڕوو بووبێتنەوە، بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی دیکەش تەنانەت بەشێک لە ئەدەبیاتی وڵاتەکەیان تایبەتە بە ناوی ئەدەبیاتی موهاجرەت یان دیاسپۆرا! ئەگەرچی زۆرێک لە ئەدیبانی ئێمە تووشی ئەم حاڵەتە بوون و خوازراو یان نەخوازراو، ڕوویان لە غەریبی و تووشی غۆربەت‌بوون کردووە(هەرچەن بە بڕوای من هەڵبژرادنی غوربەت هیچکات خوازراو نییە و هەمیشە هۆگارگەلێکی داسەپاو هاندەری ئەو هەڵبژاردنە بوون). بەڵام بەداخەوە لەو دۆخەشدا کورد وەک باقی نەتەوەکانی دیکە نەیتوانیوە ئەدەبیات و بەرهەمگەلێکی تۆکمە و یەکپارچە بخولقێنێ. ئەمە نەک تەنها بۆ باسی غوربەت، بەڵکوو بۆ زۆرێک لەو بەڵا و تاوانانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، وەک ئەنفال و هەڵەبجە  و کۆڕەو و… لەکاتێکدا ئێمە دەبینین جوولەکەکان لە ڕووداوی هۆلۆکاستدا لە ڕێگای سینەما و ڕۆمانەوە چەندە توانییان ئەو تاوانە دژە مرۆییە پیشان بدەن و نەهێڵن ئەو زامە بەرینە هەروا تێپەڕ بێت! کەچی لای ئێمە بەم هەموو برینە قووڵ و تاوانە گەورانەوە، شتێک وەک بەرهەم زۆر تاک و تەرا و پەرتەوازە ئەگەر خولقابێت، وەک بڵێی هونەرمەندانی ئێمە لە جیهانێکی تردا ژیان بەسەر دەبەن!

بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەی جەنابتان، دیارە شیعر یا چیرۆک یان هەر دەقێکی تر لای من زیاتر وەک جنێو و تف و شەڕکردنە، یان پێچەوانەکەی وەک ماچ و بەڵێن و خۆشەویستی، جۆرێک هەڵڕشتنی پیساییە لەبەردەم ئەو ماڵانەی تاوانباری پیساییەکە بن کە لە ئێمەدا جێیان هێشتووە. ئێمە کاتێ جنێوێک بە دیواری دراوسێکەمانەوە بنووسین، هەوڵمان ئەوەیە جنێوەکە جۆرێک و شێوازێک بێت کە ئەو دراوسێیە پێی ناڕەحەت بێ یان تووڕەی بکا، لە هەرحاڵەتێکدا هەست بکەین جنێو نووسینەکەمان بەو دیوارەوە جێی گرتووە و کاریگەر بووە. ئەگەر بزانین دراوسێکه لە جنێوەکە تێنەگەیشتووە ئەوا بۆ هۆکارەکەی دەگەڕین، ئایا لە دەستخەتەکەمان تێنەگییوە یان لە وشەکان و گرفتەکەی دەدۆزینەوە. بە بڕوای من شیعر و باقی ژانرەکانی دیکەش وان. هەر جۆرە شیعرێک لە ئاستێک لە ناوەڕۆک و زمان و فۆرم پێک هاتووە، شیعرە بۆننامەییەکان شێواز و ستایلی دەقەکانیان جۆرێکە و شیعرە حەماسییەکانیش جۆرێکی تر و شیعرە عاشقانەکانیش دیسان لە ئاستێک لە زمان و ناوەڕۆکدان. هەرچەن ئەو هاوسەنگخوازییە پێوەندی بە جۆری شیعرەکەوە هەیه، بە زمانەکەیەوە. پێم وا نییە لە شیعرێکدا کە تەنها تەکنیک ڕۆڵ دەگێڕێ ئەو دەقە بتوانێ لە زمانەکەدا و لە قسەکەشیدا قووڵ بێتەوە. بۆیە پێویستە ئەو هاوسەنگییە لەبەرچاو بگیردرێت، ئەوەش بە خەلاقییەت و پەرداختی شاعیرەکە کەوتووە، کە تا چ ڕادەیەک دەتوانێ سەرکەوتوو لەو نێوانەدا مامەڵە لەگەڵ هەردوولا بکا، بۆ خولقاندنی هونەرەکە.

ئەگەرچی پرسیارەکان نەختێ شپرز دیارن و ئەوەش لەوانەیە دەرخەری ئەوە بێ کە زەینی پرسیارکەرەکە باسی فرەی تێدابێ و مەجالی وتووێژێکی نزیک و پڕکات بوونی نەبێ. هەرچەن خۆی لە خۆیدا ئەم جێهانە تەکنۆلۆژی و دیجیتاڵەش هەر باشە بۆ دەسڕاگەیشتن و پێوەندی، ئەگەرچی هەندێک لەوپێوەندییانە لەم ڕێگایەوە خەساریان بەر کەوتووە لە بارە کەیفی و کوالیتییەکەیەوە! بەڵام با بگەڕێمەوە سەر ئەو بەشەی لە پرسیارەکە کە دەڵێن شیعری ڕۆژهەڵات گەیشتووەتە کام وێستگە! ڕاستییەکەی نازانم شیعر ئایا نە تەنها لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە پانتای ئەدەبی جیهانیشدا تاکوو ئێستا گەیشتووەتە وێستگەیەک! یانی شیعر وێستگەی هەیە! بە بڕوای من نە تەنها لە ڕەوتە گشتییەکەشیدا بەڵکوو لە زەینی شاعیرەکانیشدا وێستگەیەک بوونی نییە، چونکوو ئەگەر ببوایە ئەوا ئیدی شیعری تر نەدەنووسرا، خواستی بەدینەهاتووی شیعر، ئەو هێزەیە کە دەبێتە هۆی بەردەوامی و ئافراندنی هەردەمیانە!

بەڕای من شیعری ئێستاکەی ڕۆژهەڵات زیاتر لە مرۆڤێکی لاڵ دەچێ، لە شیعرێکی لاڵ! چونکوو پتر لە هەر سەردەمێکی تر، ئەو گرێدراویەی بە ڕووداوەکان و کۆمەڵگاوە پچڕاوە، ئەمەش باسم لەو دەنگە تاک و تەرا و شپرزانە نییە، بەڵکوو بە کۆ، دەنگێکی کزی هەیە و لە ئێستاکەدا ئەگەرچی هەموان پێیان وایە ئەسەر دەخولقێنن، بەڵام هێشتاکە ئەو ئەسەرە لە ناو ساحەی ئەدەبی و زەینی خوێنەردا بەدی ناکرێ.

ناکرێ بە شێوەیەکی پڕبەپێست لەسەر ئەدەب، بەتایبەت شیعری ئێستاکە بدوێین، ئەکرێ سەبارەت بە سەردەمی سوارە بەپێی ئەو دەیتایانەی بەردەست لە خۆی و هاودەورەکانی و دۆخی کۆمەڵایەتی و هونەریی ئەوکاتە قسە بکرێ، بەڵام شیعری ئێستاکە، ئێمە(مەبەست لە ئێمە، خودی سەردەم و شیعرە) هێشتاکە تێدا ژیان ئەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەرکەس بەپێی خوێندنەوەکان و ئەو چاویلکەیەی هەڵی بژاردووە، تەعبیر و تەوسیفی خۆی هەیە.

سەرەتا پێویستە ئەوە ڕاست بکەمەوە کە گۆڕان لە سوارە و چاوە و هاوارەوە بەرەو هێمن و هەژار نەبوو! بەڵکوو هێمن و هەژار لە کۆتاییەکانی سەردەمی شیعری کلاسیکەوە هاتن و دەستەواژەکانی ناو شیعرەکانیان زیاتر سەر بە ژیانی گوندنشینی و هەروەها کەڵکەڵەیان ساز کردنی بیرێکی نەتەوەیی و یەکگرتوویی لە ڕێچکەی حاجی قادر بوو، هەروەها لە بڕێ شوێنیشدا ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێماکانی ئەو دەسەڵاتە چەوسێنەر و دواکەوتووسازە، وەک شێخ، ئاغا، بەگ و…بوو. بەڵام لە پاش ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی ئەوکات و بزاڤە شۆڕشگێڕییەکان، بۆ وێنە وەک پەرەسەندنی دامەزراندنی قوتابخانەکان، دەستەیەک کەس کە دێنە گۆڕەپانی خوێندنی ئاکادمیک و لەڕێگای ئاگادارییە هونەری و هزری و ئەدەبییەکەیانەوە لە ناو گەلانی دیکەدا، بڕگەکانی شیعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار دەکەن و شیعری کلاسیک تێک دەشکێنن وخۆیان لە کێشی کلاسیک و زێهنیەتەکەی ڕزگار دەکەن.

فەزای ناو شیعرەکانی هەژار و هێمن زیاتر هەر لە نێو گوندەکاندا ماونەتەوە، ئەگەرچی هێمن لە زۆربەی شیعرەکانیدا باسی ڕاپەڕین و ئازادیی ژن لە کۆتوبەندەکان دەکا و گەلێ بانگەوازی تر هەڵدەدا، بەڵام چوارچێوەی وتنەکەی و هۆنینەوەکەی، هەمان چوارچێوەی کۆن و کلاسیکە. لە حاڵێکدا ئەم تاقمە نوێگەرە، بەهۆی ئەزموونی ژیانی شارییەوە ناتوانن چاویان بەڕووی گۆڕانکاریییەکاندا دابخەن و ئەو ئەدەبە بەرەو پێشتر نەبەن. سوارە و هاوسەردەمەکانی هەم لە بابەتی زمانی و هەم لە بابەتی ئاگایی بە نسبەت دۆخی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، گۆڕانکارییەکی جددیتر دەست پێ دەکەن و دەستەواژەی نوێ دەهێننەوە ناو شیعرەکانیانەوە، هەروەها ڕوانینێکی نوێش بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دۆخەکە دەخوڵقێنن. ئەو وێنانەی سوارە سازیان دەکا، وێنەگەلێکی سەردەمیانەترن و نزیکترن بەژیانی خەڵکی سەردەمی خۆی.

شیعری مەلەکشا، بەجۆرێک ترۆپکی شیعری بەرگرییە لە سەردەمی خۆیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە باری فۆرم و زمانی شیعریشەوە نزیکایەتی به عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆبێکەس زۆرترە؛ ئەگەرچی مەلەکشا لە شاعیرانی فارسی وەک ئەخەوان سالس و شاملووش کاریگەری گرتبوو. بەڵام کاریگەری گرتنەکەی ئەو بە شێوەیەک بوو کە نەتەنیا هەست بەو نامۆ بوونەی شیعرەکانی لە پانتای ئەدەبی کوردیدا لەچاو دەقی شاعیرانی دیکەوه نەدەکرا، بەڵکوو شیعری کوردیی ڕۆژهەڵاتیشی چەند هەنگاو بردە پێشتر.

شیعری جەلالی مەلەکشا ئەگەرچی بۆنی شکستێکی سیاسیی پێوە دیار بوو، بەڵام لە ئەوپەڕی هەست به نائومێدیدا، دیسان هەر بەگژ جەللادان و دەسەڵاتداراندا دەچووەوە و خۆی بەدەستەوە نەدەدا و یاغییەکی سەوداسەری ئەدەبی بوو. ئەگەر سوارە لە ناو شیعرەکانیدا هەندێ وشەی  فارسی دەبینران بەڵام شیعرەکانی جەلال زمانێکی پاراو و زیاتر دۆخ و ڕۆحیاتی تاکەکەسانەی خۆی بوو لەناو فەزایەکی کۆمەڵایەتی – سیاسیدا. شیعرەکانی جەلال و سوارە، لەباری داڕشتنی ڕستەی شیعریشەوە و هەروەها وێنەسازییەکانی شیعری سوارەوە، جیاوازییان زۆر بوو.

نە تەنیا پاژێک لە شیعری ڕۆژهەڵات، بەڵکوو تەنانەت دەسپێکی شیعری نوێش لە ڕۆژهەڵات بە کاریگەری گرتن لە شیعری فارسی و ئاگادار بوونەوە لە دۆخی شیعری وڵاتانی دیکەوە لەڕێگای ئەو دەقە بیانییانەی وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی فارسی و لە زمانی کوردیدا لەبەردەستدا نەبوون، سەری هەڵدا. کاتێک کە سوارە و چاوە و هاوار ڕوویان لە تاران کرد بۆ خوێندن لە زانسگاکانی ئەوێ و نزیکبوونەوەی زیاتر لە دۆخی شار و هەست پێ کردن بە دەرئەنجامەکانی ململانێ ئەدەبییەکانی ئەوان، لە ژێر ئەو کاریگەرییانەدا هەوڵیان دا بە پێی زەروورەت، خۆ لەو شێوە باوەی پێشوو ڕزگار بکەن کە لە پێشدەم گۆڕەنکارییەکاندا یەکی نەدەگرتەوە. کاریگەری دانان شتێکی زۆر ئاساییە و فارسەکانیش هەر بەو شێوەیە لەڕووی ئەدەبی وڵاتانی دیکەوە بەو شتە گەیشتوون، تەنانەت خودی گۆرانیش لە باشوور، لە ژێر کاریگەریی شیعری عەرەبیدا و هەروەها ئاگاداری لە شاعرانی وڵاتانی دیکە و بزاڤە ئەدەبییەکان، ئەو هەوڵەی دەست پێ کرد. نێوان دەقێتی لە ئەدەبی هەموو وڵاتاندا باوە و ئەگەر وا نەبوایە بەرەوپێش چوونێکیش ڕووی نەدەدا، بەڵکوو زۆرجار لەڕووی ئاگاداربوون لە گۆڕەنکارییەکانەوەیە کە ئێمەش هەڵدەسەنگێنین کە چۆن لەو پەنگ خواردووییە خۆمان کێشینە دەر!

بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئێمە پێمان وابێ چونکوو ئەدەبی فڵانە وڵات، فڵانە بزاڤی دەست پێ کردووە یان تێپەڕاندووە، ئەوا دەبێ ئێمەش لەسەر هەمان شت، ئەو بزاڤە دەست پێ بکەین یان تێپەڕێنین! لەکاتێکدا گۆڕانکارییەکان لە وڵاتەکاندا جیاوازن، جومگە کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسییەکان جیاوازن و ڕەنگه ئەو پەلە کردنەی لەم ساڵانەی دواییدا بە سیمای بەشێک لە شیعری ڕۆژهەڵاتەوە بەجۆرێک دەبینرێ، باس و مەبەستی ئێوە بێ. دیارە ئەگەر منداڵێک لە کاتی خۆی نەیەتە دنیا و پەلەی لێ بکرێ، کەمئەندام ئەبێ و وەک ئینسانێکی تەواو و تەندروست ناتوانێ ژیان بکات! ئەگەرچی بەڕای من سەرەکیترین گرفت ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە وڵاتێکی شوێنکەوتوو بووین، میللەتێک بووین کە زیاتر لەوەی داهێنەر بین، بەدوای پاشماوەکانەوەین. ئەمەش نە تەنها لە هونەر و ئەدەبیات بەڵکوو لە سیاسەت و بزاڤە سیاسییەکانیشدا هەر ئەو شتە دەبینێرت، ئەوەی لە وڵاتێکی تر بە شێوەی بنەڕەتی و ئەساسی ڕوودەدا و دێتە ئاراوە، لێرە بە شێوەیەکی ڕووماڵیانە و ڕووکەشیانە دێتە مەیدان و گۆڕەپانەکە و کەسانێکیش هەوڵی پیادەکردن و جێبەجێ کردنی دەدەن. ئەوەی لە وڵاتێکی تر بەپێی دۆخێکی دیکە دەخولقێ، بۆ ئێرەش هاوردە دەکرێ! ئەگەر ڕەوتێک لە وڵاتێکی ئەورووپی دەست پێ دەکات، بەپێی دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری ئەم ڕەوتە دێتە ئاراوە، نموونە بۆ ئەمانە زۆرن و پێویست بە ناوهێنانەوە ناکات! هەروەها ئەو ڕەوتە تەنیا لە ژانری شیعرەوە نایەتە ناو هونەری وڵاتەکە و بە تەنها لەو ژانرەدا قەتیس نامێنێتەوە، بەڵکوو نیگارکێشی، مۆسیقا، شانۆ و… چەندین ژانری تریش دەگرێتەوە. کەچی لێرە ئەوەی بەناوی نوێگەرییەوە ئەکرێ، تەنها لە شیعردایە دەبینرێ و باقیی ژانرەکانی تر لێی بێبەرین و هەروەها دۆخی کۆمەڵایەتی – سیاسیش هەمان دۆخی پێشووترە!

دیارە باوەشکردن بە تەکنیک و زمان و کەوتنە دوای پۆست مۆدێڕنیزم ئەویش تەنها لە شیعردا! لە کۆمەڵگایەک کە هێشتا مۆدێڕنیزمیشی تێنەپەڕاندووە و ڕۆژانە دەیان ژن یان بەدەستی کەسوکاریان دەکوژرێن یان بەناچار خۆ دەکوژن و هێشتاکە ئێختیار لە هەڵبژاردنی سەرەکیترین مافەکاندا بوونی نییە و تاک مانایەکی نییە، دەرەنجامەکەی دەبێتە ئەوەی کە خوێنەر هەست بە دابڕان بکا و لێتێنەگەیشتن ببێتە بایەخ و دەرخەری هونەری بوونی دەقێک! نان بە قەرزدان و تریبوونی دەسکرد بۆ یەکتری ساز کردن، نە تەنیا ناتوانێ دۆخ یان ڕەوتێک سەقامگیر بکا و مەشرووعیەتی پێ بدا، بەڵکوو لە بینایەک دەچێ کە لەگەڵ دەستت لێ بەردا، دەڕووخێ! ئەوەی کە بێ لەبەرچاو گرتنی فاکتە کۆمەڵایەتی – سیاسییەکانی وڵاتێک، بکەوینە دوای هەندێ پێناسە که بەو دۆخە نەخۆن و نەتوانن ئاڵترناتیڤێک بن بۆ ئەو فەزایەی داواکاریەتی، بەڵکوو زیاتر جۆرێک هەوڵدان بۆ فریا کەوتن لە جێنەمانی ساحەی جیهانیدا بێ، خەسارە، مۆدگەرایی تەنیا لە جلوبەرگ و خواردەمەنیدا نییە کە هەیە و بووەتە خەسار، بەڵکوو دەتوانێ وەک چاولێگەری لە هونەریشدا ببێت!

ئەوەی لە ڕۆژهەڵات هەیە، لەچاو کەسایەتییەکی وەک ئەنوەر مەسیفی، جیاوازییەکەی لەوەدایە ئەنوەر مەسیفی بە تەنها مایەوە، یان با بڵێین نەبووە دەنگێک کە کەسانێک بە چاولێگەری بە شوێن خۆیدا بێنێت. لە باشوور دەنگی شێرکۆ و شاعیرانی سەردەمی زاڵ بوو و تەنانەت کاریگەرییەکی زۆریشی بەسەر شیعری ڕۆژهەڵاتیشەوە دانا. پێویستە ئەوەش بڵێم ئەنوەر مەسیفی هەمیشە بەچاوی ڕێزەوە دەیڕوانیە شاعیرانی پێش خۆی و بەرزی دەنرخاندن، نەک بیەوێ بە لاواز نیشان دان و تەوسیفگەلێک لە کەسانی پێش خۆی، ئەوان بکاتە نەزانکار و خۆی بە ڕێککەرەوەی ڕەوتەکە! بۆ وێنە کاتێ باسی عەبدوڵڵا پەشێو دەکات دەڵێ: (ئێمەی نەوەی دوای پەشێو بە شانازییەوە تەماشای شیعرەکانی دەکەین، ھەندێ جاریش من خۆم شیعرەکانی دەخوێنمەوە و ناتوانم ئەو جۆرە شیعرانە بنووسم، پەشێو یەکێکە لەو شاعیرە تاک و تەرایانەی کە وەکوو شاعیرێکی جەماوەردۆست خۆی لە کتابی شیعری جەماوەر نووسی، ئەگەر مۆزەیەکی مەڕمەڕی بۆ شاعیرانی کورد دروست بکرێ، دەبێ پەیکەری پەشێویش ھەبێ وەک چۆن بۆ نالی و بابا تاھیر و… ھتد دەبێ ھەبن.)

هەرچەن لە باشووردا هەوڵەکان دیسان بەو لایەنەدا شکایەوە کە ئێستاکە زیاتر بەرەو ناوەڕۆکگەرایی و گرنگی دان بە ناوەڕۆک زۆر بەرچاوە، بە شێوەیەک که زۆرجار دەقەکان لەگەڵ دەقێکی ئاساییدا جیاوازییەکیان نامێنێت!

چونکوو پێوەر ئەوە نیە کە کامە دەنگ تەکنیکی ترە یان زمانەکەی بەهێزترە، ئەوە پێوەری موتڵەق نییە! بۆ ئەنوەری مەسیفی نەیتوانی بەقەی شێرکۆ یان عەبدوڵڵا پەشێو یان ڕەفێق سابیر خوێنەری هەبێ؟ بۆ نەیتوانی لە ئاست ئەوان کاریگەری بەسەر‌ زمانیشەوە دابنێت؟ لە ئاست ئەوان کاریگەری بەسەر کەسانی دیکەوە دابنێت لە ئەدەبیاتدا؟ دیارە ئەم پرسیارانە ئەکرێ ڕوو لە ئەم دۆخەی ئێستای شیعری ڕۆژهەڵاتیش بکرێت. چونکوو هیچ داهێنانێک ناتوانێ بیچم بکوتێت مەگەر بەپێی چوارچێوەی ئەو شوێنە بێت، کە ئەو خەڵکەی بڕیارە ئەو دەقەی تێدا بخوێننەوە، داهێنانەکە کرابێت.

لە باشوور لەم ساڵانەی دواییدا بە لێشاو کتێبی شیعر چاپ و بڵاو دەکردێنەوە، بەڵام ئایا چاپ و بڵاو کردنەوەی زۆرینەی ئەو کتێبانە لەگەڵ نەکردنەوەیاندا جیاوازی هەبوو؟ بەبڕای من لە ئێستادا شیعری ڕوژهەڵات و باشوور، له ساحە کوللیەکەدا چەقیون، هەر دوو بە باری ناڕێکی خۆیاندا و هەرکام لەوسەری بانەوە کەوتوونەتە خوار؛

دیارە هەموان مافی ئەوەمان هەیە شیعری شار بنووسین، بەڵام ئەوەی کە من کارتۆنخەوەکەی بنووسمەوە یان ئاپارتمان نشینەکەی، جیاوازییەکە لێرەدایە!

ئەوەی بەناوی بەرەی چواری شیعری ڕۆژهەڵاتەوە ڕووی دا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاکسازیی دەسەڵات لە ئێراندا، کە تا ڕادەیەک ڕێگا بۆ ڕێکخراوە خەڵکییەکان و ناوەندە مەدەنییەکان کرایەوە و هەندێ گۆڤار و ڕۆژنامە دەستیان بە کار کرد. کە دۆخەکەی هەنگاوێک بەرەوپێش برد، بەڵام کاتێ کە ئەم فەزایە داخرا و دۆخەکە گۆڕا، زۆرێک ڕۆژنامە داخران و بڕێکیان کرانە حوکمی، کاتێ کە دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکە دیسان درگای بەڕوودا تەنگ کرایەوە، ئەمان هێشتا مۆڵەتی لەچاپ دانی کتێبەکانیان کە لە چەندین درگای فیلتێرەوە تێپەڕ بووبوو، دەکردە هێمای کرانەوەی دۆخ و نزیکبوونەوە لە ئازادی، چونکوو کتێبە شیعرێک بەو هەموو فیلتێرەوە چاپ بووە! وەها کە بانگەشەی سیاسیشی پێوە دەکرا و خەڵکی پێ هان دەدرا بۆ بەشداری لە دەنگدان و هەڵبژاردنە سیاسییەکان. ئالێرەدایە که کەسانێک لەبری وەستانەوە بەرانبەر بە دۆخەکە، تەسلیم بوون و خۆ بەدەستەوەدان بکەنە کولتوور؛ وەک شاملوو شاعیری چەپی فارس دەڵێ، هونەرمەند بەرانبەر بە دەسەڵاتە، نەک لەگەڵ دەسەڵات. یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە کە ئێستاکە لە ڕۆژهەڵات زیاتر لەوەی شەڕی نێوان بەرە شیعرییەکان بێ، یان با بڵێین هەندێجار ئەوەی بەناوی شەڕی ئەدەبی و بەهێزبوونی بەرهەمێک یان ڕەوتێک بە خوێنەر دەفرۆشرێتەوە، زیاتر لەوەی جیاوازیی لە ڕوانگەی ئەدەبی یان فکرییەوە بێ، شەڕەکە(کە هەندێ جار بەتاک دەکرێ و بڕێجاریش دەستە و گرووپ پێک دێنن) لە کێبڕکێی ناو داخستن وەک یەکەم داهێنەربووناس!

یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە کە ئەم بەرەیە، زمانە شیعرییەکەیان لە ئاستێکدا نزیکە لە یەک، کە تۆ بە ئاستەم بتوانی شیعری کەسێک لە کەسێکی تریان جیا بکەیتەوە. لە حاڵێکدا زمانی شیعریی بۆ وێنە کەسێکی وەک بێهزاد کوردستانی، لەگەڵ فەرەیدوون ئەرشەدی یان ئیبراهیم ئەحمەدی نیا کە هەر سێکیان سەر بە بەرەیەکی شیعریشن بە ئاسانی لێکتر جیا دەکرێنەوە و ئەو ئاستە لە نزیکایەتییان نیە کە پێمان وابێ هەموویان یەک کەس نووسیونی، یا بتوانین لە جێی یەک دایاننێین. هەرچەن ئاساییە لە هەر ڕەوتێکدا یەک دوو کەسێک زیاتر دەردەکەون و ئەوانی دیکەش بەدوایاندا بەجۆرێک دەبنە پاشکۆ و لاساییکەرەوە.

ئەگەر تەکنیک و گەمە زمانییەکان هەموو شتێکی شیعر بن، ئەوا دەکرێ هەرکەسێک بە فێربوونی چەن تەکنیکێک ببێتە شاعیر! پێکهێنەری ئەم دۆخە ئاڵۆزە کە سەری لە خوێنەریش شێواندووە تەنها خودی شاعیران نین و لەوانەیە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ڕەخنە بە واتا ڕاستەقینەکەی خۆی. کە هەر شاعیرێک هەستاوە وتار یان وتارگەلێکی بە جۆرێک نووسیوە کە لە کۆتاییدا خوێنەر هەست بکا تاقانە شاعیری زانا و ئەدەبیکار خودی نووسەری وتارەکەیە! زۆرینەی ئەوەی بەناوی ڕەخنەوە هەیە بە هۆی خاتروخۆتر و دەستە و تاقمگەرییەوە نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆ دابنێت. بۆیە ئەوەی وەک ڕەخنە هەیە زۆر کەمە و نایەتە ئەژمار و حسێبی لەسەر ناکری.

هەموو شاعیرێک یان نووسەرێک دواهەمین کتێبی خۆی، ئەوەی کە لە باری زەمانییەوە تازەترین بەرهەمیەتی، بە باشترینی دادەنێت و پێی وایە ئەمە نزیکترە لەو شتەی ویستی خۆی. بەڵام باسەکە ئەوەیە کە هیچکات پێی وا نییە ئەوەی نووسیویەتی، ئەوە هەموو ئەو شتەیە کە مەبەستی بووە؛ ئەگەر وەها نەبوایە، ئەوا ئیتر شیعری دیکەی نەدەنووسی. یانی ئەو هەستی نەگەیشتنەیە، ئەو ئێرزا نەبوونەیە کە وا دەکا دەقێکی تر بێتە بەرهەم. لەوانەیە شاعیر یان نووسەر، دەقێکی خۆی زۆر پێ شاکار بێ، بەڵام لەلای خوێنەر و ڕەخنەگر دەقێکی دیکەی ئەو شاعیرە جێگیرتر بێت، یان بە پێچەوانەکەی. ئەوە ڕای ئەو وەک نووسەری شیعرەکە نییە کە دیاری دەکا دەقەکەی چەنده کاریگەرە، یان چەند دەمێنێتەوە و دەستبەدەست دەکرێت و دەخوێنرێتەوە.

گرنگ لێرەدا بەردەوامی لە داهێناندایە. ئێمە ئێستاکە هێشتا شیعرەکانی نالی و مەولەوی دەخوێنینەوە، یان چوارینەکانی خەییام، یان شانۆنامەکانی شێکسپییەر، ئەگەرچی لەدوای ئەو شانۆنامانەش بە دەیان بەرهەمی شاکاری دیکە خولقابن. مەبەستم ئەوەیە هیچکام لەو بەرهەمە شاکارانە وەها نین کە جێی یەکتر تەنگ بکەن! ئەوە خەسڵەتی هونەرە. هیچ دەقێکی شاعیرێک، جێگای دەقێکی دیکەی ناگرێ.

بێگومان هیچ دۆخێک ناتوانێ شیعر ڕام بکا، شیعر لە هەر دۆخ و شەرایتێکدا هەوڵی داوە حوزووری ببێ، جا ئەو حوزوورە چ وەک بەرپەرچدانەوە بێت، چ وەک تۆمارکەر و دژە فەرامۆشی و لەبیر بردنەوە بەرانبەر بە ڕووداوەکان و تراژدییەکان. دیارە پێناسە و ڕاڤەی شیعر لەو سەردەمە تێپەڕیوە کە پێمان وابێ شیعر تەنها نواندنەوەیەکی لاساییکارانەیە،

هەر شیعرێک نزیکایەتی بە ڕوانگەیەکی ئەدەبییەوە هەیە، یان بۆ خۆی ڕوانگەیەکی ئەدەبی پێک دەهێنێت، هەر ڕوانگەیەکی ئەدەبیش بۆ خۆی پشت ئەستوورە بە مەعریفەتێک؛ بەڵام ئەوەی کە دەقێک تا چەند توانیبێتی لەو مەعریفەتە لە جێی خۆی و بەباشی کەڵک وەرگرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ژیان و کاریگەریی لێ بگرێت، یان پێچەوانەکەی، کاریگەری بەسەر ژیانەوە دابنێت، چونکوو حوزووری شیعر، حوزوورێکی یەکلایەنە نییە!

شیعر هاوکات کە بابەتێک دەهێنێتەوە ئاراوە و باسی لێوە دەکات، بۆ خۆشی دەبێتە بابەتێک و باسی لێوە دەکرێت، چونکوو ئەو ئێستاکە لە درەوەی واقع و حەقیقەت نەوەستاوە، تشتی هونەری تشتێکی جیاواز لە جیهان نییه، بەڵکوو درێژە و تەواوکەری جیهانی واقعە.

ئەگەر ئێمە بمانهەوێ دۆخی مێژوویی، سیاسی، کومەڵایەتیی وڵاتێک تاوتوێ بکەین و لێکی بدەینەوە، بێگومان یەک لەو شتانەی بۆ لێکۆڵینەوە لەم بوارانەدا دەستی بۆ دەبەین، شیعرە. کەوایە شیعر بۆ خۆشی لە زۆر ڕەهەندەوە دەتوانێ ببێتە ئۆبژە!

ئەگەر ئەدەبی کورد لە چاو ئەدەبی وڵاتە دراوسێکانی چاو لێ بکەین، دەبینین بۆ وێنە شانامەی فێردەوسی لە ئەدەبی فارسیدا، سەرەتا بە ئامانجی دەستکەوتنی پارەوە هاتووەتە نووسین. بەڵام لە ئەدەبی کوردیدا زیاتر لەوەی شتەکە بەرنامە بۆ داڕێژراو بێ، یان پشتگیرییەکی بنچینەیی و ئەساسی بۆ بکرێ، ئەوە لەسەرشانی خودی ئەدیبان چالاکییە ئەدەبییەکان بەڕێوە چوون و هەوڵ بۆ پاراستن و بەرەوپێش بردنی زمان و ئەدەبەکە دراوە. دیارە کەموکووڕی هەیە و ئەو کەموکووڕییەش زیاتر پێوەندی بە دۆخی کومەڵایەتی سیاسیی کوردستانەوە هەیە. بەڵام بەگشتی زمان ناتوانێ تاکه شوێن بێ بۆ درکەوتنی شوناس، مەگەر ئەوەی کە وەک شوێنی بیرکردنەوە چاوی لێ بکرێت! ڕاستە ئەوە شاعیرانن که زەرفیەتی زمان تاقی ئەکەنەوە و خەسڵەتەکانی بەکار دەهێنن و کارتێکەرییان لەسەر یەک دەبێت!

هەموو ئەو خاڵانەی ئاماژەتان پێ کردوون هەرکامەو بەشێکن لە پێکهاتەی شیعرێک، لەوانەیە شیعرێک چەن خەسڵەتێکی لەوانەی لە پرسیارەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە، تێدا بێت؛ بەڵام بەپێی شێوازی شیعرەکان، ڕەنگدانەوەی خەسڵەتەکانیش جیاوازن. یانی لەوانەیە لە شیعرێکدا زیاتر باری وێنەسازی زاڵ و بەرچاوتر بێت و لە شیعرێکی دیکەدا ڕەوانبێژی و سۆز! لەوانەیە کۆی بەرهەمەکانی شاعرێک، بکرێ لە ڕێگای چەن خەسڵەتێکی وەهاوە لە زەینی خوێنەردا جێ بگرن و پێناسە بکرێن. ئەوەی کە هەرکام لەو خەسڵەتانه چەندە بە پوختی و دوور لە دەسکرد بوون بەکار چووبن. پێم وا نییە هیچکام لەو ڕەگەزە ئاماژەدراوانە بکرێ بەتەنها داهێنان کردن لە بەشێکیاندا بەرهەمێکی جوان بخولقێ. چونکوو هەر شیعرێک خاوەن پێکهاتە و فۆرمێکە! شیعری لاروگێڕ ناتوانێ لە ژێر قورسایی و سەختگریی زەماندا هەڵ بکات!

دیارە داهێنان ناکرێ تەنها لە شکڵ و شێوازدا بکرێ، یان بە تەنها لە ناوەڕۆکدا و ئەو دوانە گرێدراوی یەکترن! شکڵ و شێوازیش بۆ خۆیان بەشێکن لە مەعنا. ئێمە کاتێک دەتوانین زرووفێک بگۆڕین، بۆ وێنە پارچێک ئاو یان گۆزەڵەیەک ئاو کاتێ ئەکرێتە زرووفێکی گەورەتر که ئیتر ئەو گۆزەڵەیە ئاوی لێ سەرڕێژ بووبێ و لێی بڕژێ، ئەوکات ئەبێ زرووفێکی گەورەتر بدۆزینەوە. بەگشتی داهێنان ئەو شتەیه کە شیعری لە مردن ڕزگار کردووە و هەناسەی شیعرە.

وشە وەک خشت و ئاجۆری ماڵ وەهایە، ئەگەر ئێمە لە سووچێکی ماڵێکی گڵینەدا جۆرە بەردێکی ڕازاندنەوە و رەنگیی ئەمڕۆییانە بەکار بێنین، ئەوا ماڵەکە ناشرین دەکەین، ئەگەر لە ماڵێکی ئەمڕۆییدا بەشێکی بکەینە گڵ و خشت هەر دیسان ماڵەکە ناحەز دەبێ. هەر شیعرێک وشەی خۆی هەڵدەبژێرێ و داوای دەکا. پێش نوێکاری لە وشە، دەبێ خودی شیعرەکە نوێ کرابێتەوە، هەندێجاریش مامەڵە کردن لەگەڵ وشەکانە که گرنگە، بەپێی ژیانێک که ئەو وشانە لە ئێمەدا دەیکەن! بۆ وێنە، وشەی تەنیایی یان وشەی باوک، ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وشانە و ژیانێک که ئەو وشانە بەپێی گۆڕانکارییەکان دەیبەنە سەر، و ئەو پێوەندیە نوێیە کە ئەو وشەیە گرتوویەتی و چۆنیەتی نواندنەوەی لە ژیانی سەردەمی خۆیدایە کە دیاری دەکا شیعرێک چەند ئەتوانێ لە نوێبوونەوەدا جووڵابێتەوە یان نا، دەنا خودی وشەکە نیە بە تەنها. ئێمە ئەگەر نوێترین وشەکانیش بهێنینە ناو شیعرێکەوە کە ڕەگەزەکانی لاواز بن، هیچ ناژی!

 

بەرهەمەکانی ئارام فەتحی:

٭ئەوەندە بە مردنا تکاوم(شیعر ـ ٢٠١٤).

٭من غوربەتم(شیعر ـ ٢٠١٦).

٭من ئەزانم لەبیرمچووەتەوە شاعیربم(شیعر ـ ٢٠١٩).

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا