پۆڵەتیك پرێس
رۆزە ساڵح كچە كاندیدە كوردەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سكۆتلەندا كە كاندیدی ژمارە یەكی پارتی نەتەوەیی سكۆتلاندە رایگەیاند، چەندین بەرنامەو پلانی هەیەو لەكاتی دەرچوونی جێبەجێیان دەكات دەشڵێت، “دەمەوێت دەنگی كورد بم لە پەرلەمانی سكۆتلەندا”.
لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس رۆزە ساڵح كاندیدی پەرلەمان لەسەر پارتی نەتەوەیی سكۆتلەندا بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەرنامەی زۆرەو ئەگەرهات و سەركەوتنی بەدەستهێنا ئەوا كاریان لەسەر دەكات، بەتایبەت كاری لە پێشینەی تایبەتە بواری خوێندن و هەوڵدەدات خوێندن بۆ هەموو كەس بێت.
-چۆن كۆچتان كرد بۆ دەرەوەی وڵات؟
+ باوكم ساڵێك پێش ئێمە هات بۆ بەریتانیا واتە ساڵی 2000 ئێمەش ساڵێک دواتر لە رێگەی فڕۆكەوە گەشتینە بەریتانیا و دواتر لە لەندەنەوە گواستراینەوە بۆ گلاسكۆ.
-لە دەرەوەی وڵات جگە لە كاروباری خوێندن بە چییەوە سەرقاڵبوویت؟
+ من كەسێكی چالاكبووم سەرباری سەرقاڵبوونم بە خوێندنەوە، تێكەڵبووم لەگەڵ خەڵكی ئێرە و حەزمكرد زیاتر بیانناسم، بەتایبەتی لە سەندیكای كرێكاران كە زیاتر حەزمكردووە كامپینیان بۆبكەم.
– چۆن بڕیارتدا كە روو لە دنیای سیاسەت بكەیت؟
+ بڕیارم نەدا سیاسەت بكەم بەڵام هەستم بە بۆ شاییەك كرد كە دەبێت ئەم بۆشاییە پڕ بكەمەوە، ئەویش بریتیە لەوەی تا ئێستا ئافرەتی سەر ڕەش نەچووەتە پەرلەمانی سكۆتلاند، بۆیە منیش وەكو كەسێكی چالاك بیرم كردەوە كەسی دیكە لەناو حزب وەكو من باشتر نیە، بۆیە ناوی خۆمم تۆماركرد و ئەوەبوو پارتەكەم منیان بەدڵ بوو بۆئەوەی بچمە پەرلەمان، دەبێت ئەوەش بڵێم من بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلاند لە ساڵی 2014 تێكەڵی سیاسەت بوم، زۆربەی گەنجەكان لەگەڵ ئەوەبوون مافی سەربەخۆییان هەبێت و خاوەن بڕیاری خۆیان بن و لەندەن بڕیاریان بۆنەدات، ئەمەش بووە هۆكارێك بۆئەوەی بچمە ناو پارتی نەتەوەیی سكۆتلاند و تا ئێستاش پشتگیری ئەم حزبە دەكەم زۆر شانازی دەكەم ئەوان منیان بەدڵ بووە.
– خێزانەكەت تا چەندە هاوكارت بوون بۆ ئەوەی رووبكەیتە دنیای سیاسەت؟
+ خێزانەكەم زۆر پشتگیری منییان كردووە و دایك و باوكم زۆر مافیان پێداوم، ئازادیان پێداوم كە بتوانم بچم بۆ كۆبوونەوە، ئیتر لە هەر كاتێكدابێت، ئەوان متمانەیان بە من هەبووە، هەستم دەكەم ئەوە پاڵپشتم بووە كە تا ئێستا كۆڵم نەداوە.
– بەرنامەی تۆچییە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن؟ دەتەوێت چی بكەیت كە چوویتە پەرلەمان؟
+ بەرنامەی زۆرم هەیە یەكێك لە بەرنامەكانم ئەوەیە ئەگەرهات و سەركەوتم ، كاری لە پێشینەم تایبەتە بە بواری خوێندن و هەوڵدەدەم خوێندن بۆ هەموو كەس بێت، لە وەش گرنگتر دەمەوێت دەنگی كورد بم لە پەرلەمانی سكۆتلەنداو پرسی كورد و كێشەكانی كورد دەگەیەنمە پەرلەمان، پێش هەڵبژاردن هەوڵدەدەم خەڵك دەنگ بدات چونكە بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە خەڵك هەمووی لە ماڵەوەیە و لەوانەیەش پرۆسەی دەنگدان لاواز بكات، لەوانەیە تا هەفتەیەكی دیكەش بتوانین لە دەرگا بدەین و قسە لەگەڵ خەڵك بكەین (هەڵمەتی دەرگا بە دەرگا) دەمانەوێت خەڵك دەنگ بە حزبەكەی ئێمە بدات، زۆر حەز دەكەم قسە لەگەڵ خەڵك بكەم وە دەتوانم قەناعەت بە بەرامبەرەكەم بهێنم دەنگ بە من بدات، هەرچەندە ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ناتوانم بچمە دەر و لە رێی سۆشیال میدیاوە قسە لەگەڵ خەڵك دەكەم.
– تا چەندە ئەگەری سەركەوتنت بەهێزە؟
+ ئاواتەخوازم سەربكەوم، ئەگەر دەریش نەچم چاوم لە داهاتووە چونكە من كچێكی گەنجم تازەش دەستم بە كاری سیاسەت كردووە، ناتوانم بڵێم 100% چانسی سەركەوتنم هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم 50% یە چانسی بردنەوەم، رۆژی 6ی 5ی 2021 دەردەكەوێت كە چۆن خەڵك دەنگ دەدات.
– ئێستا ژیان و گوزەرانی رەوەندی كوردی بە گشتی لە بەریتانیا چۆنە؟
+ رەوەندی كوردی بە گشتی لە بەریتانیا زۆر لاوازە، هۆكارەكەی ئەوەیە كۆمەڵەی كوردی پارچە پارچە بووە، لەلایەن بەهۆی پارچە پارچە بوونی بەشەكانی كوردستان خۆی (باكور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا) لەلایەكی دیكەش كوردانی باشور بوونەتە چەند پارچەیەك، رەوەندی كوردی پرۆژەی نیە ئەوەی هەیە تەنها خەریكی ئیشكردن و پارە پەیداكردنن، بۆیە بەبڕوای من رەوەندی كوردی ئەوەندە باش نیە، هەرچەندە دەیانتوانی باشتربن.
– تا چەندە دەتوانی سود لە رەوەندی كوردی وەربگریت بۆ سەركەوتنت بۆ پەرلەمان؟
+ زۆرگرنگ دەبێت بۆمن گروپی كوردی بتوانن یەكگرتووبن، بەڵام بەداخەوە لە پرسیاری پێشوودا وەڵامی ئەوەم دایەوە هەستناكەم بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ئیش و چالاكی منیان بینیوە هیوادارم بتوانن پشتگیری من بكەن وەكو كچە كوردێك.
-دوای ئەوەی چویتە پەرلەمان چۆن دەتوانی كێشەكانی كورد بگەیەنیتە پەرلەمان و داكۆكی لێ بكەیت؟
+ ئێستاش دەتوانم بڵێم ئیشم بۆ كورد كردووە بەڵام ئەگەر بچمە پەرلەمان زیاتر ئەتوانم پشتگیری بۆ كورد بە دەست بهێنم و باشتر گوێم بۆ دەگیرێت و میدیاكان زیاتر گرنگی بە قسەكانم دەدەن.