وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریکا و عێراق راگەیەندرا

ئەم بابەتە 24 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس

عێراق خۆی ئامادەدەکات رۆژی چوارشەممەی داهاتوو گەڕێکی نوێی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکات.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، ئەمە دەبێتە یەکەم گەڕی دانوستانی ئەمریکا و عێراق لەماوەی سەرۆکایەتی جۆ بایدندا و بڕیارە تاوتوێی دۆسیەکانی ئاسایش و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و ئابوری و وزە و بواری تەندروستی بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە جەعفەر حسێنی، وتەبێژی کەتائیبی حزبوڵـڵا رایگەیاند، دانوستانەکان هیچ بەهایەکیان نییە بەتایبەت کە گەلی عێراق یەکلابووەتەوە لە بڕیاری کۆتاییهێنان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی.

لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا ئەمە دەبێتە سێیەمین گەڕی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق، یەکەم گەڕی گفتوگۆی ستراتیژی لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوو بەڕێوەچوو، دووەم گەڕیش لەمیانی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن بەڕێوەچوو.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک