بێدەنگی هەرێم بەرانبەر “چنگی پڵنگ” بەردەوامە

پۆڵەتیك پرێس:
هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامەو چالاكوانانیش گومانیان لەسەر بێ‌ هەڵوێستی‌و بێ‌ دەنگی حكومەتی هەرێم هەیە.

فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا لەشەوی 14 حوزەیران دەستیان بەئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەناوی “چوڕنكی هەڵۆ” بۆ سەر بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كردو چەندین هێرشیان ئەنجامدا.

هاوكات دوای ئەو هێرشە رۆژی 17 هەمان مانگ سوپای توركیا دەستی بەئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ ناو خاكی هەرێم كردو ئەو ئۆپەراسیۆنەشی ناونا “چنگی پڵنگ”، كە بۆ ئەو مەبەستەش هێزێكی كۆماندۆی سوپای وڵاتەكە هێرشیان كردە سەر ناوچەی حەفتانین‌و هێرشەكانیش بەردەوامی هەیە.

لەگەڵ بەردەوامی هێرشەكان، كە رۆژانە زیانی زۆری گیانی‌و ماددیشی بۆ سەر خەڵك‌و ناوچەكانی هەرێم هەیە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر هێرشەكە هەر لەسەرەتاوە بێدەنگی هەڵبژاردووەو ئەوەش گومانی لای چالاكوانانی باشووری كوردستان دروست كردووە.

 

لەگەڵ بەردەوامی هێرشەكان، كە رۆژانە زیانی زۆری گیانی‌و ماددیشی بۆ سەر خەڵك‌و ناوچەكانی هەرێم هەیە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر هێرشەكە هەر لەسەرەتاوە بێدەنگی هەڵبژاردووە

 

لەو بارەوە چالاكوان كنێر عەبدوڵڵا، كە هاوكات ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ژنانی كوردستانە، بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: ئەوەی توركیا دەیكات دژی هەموو مافەكانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكانە، پێشلكارییەكی ڕوون و ئاشكرای ئەو دەوڵەتەیە بەرانبەر خاكی هەرێمی كوردستان و سەرورەی دەوڵەتی عێراق.

كنێر وتیشی: راستە حكومەتی هەرێم بەرانبەر ئەو هێرشە بێدەنگە، كە ئەوە جێگەی گومانی ئێمەشە، بەڵام ئێمە وەك یەكێتی ژنان دەنگی خۆمان یەك دەخەین لەگەڵ هەموو ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی لە دژی داگیركاری توركیان.

باسی لەوەش كرد، كە بە پێویستی دەزانن هەرچی زووە عێراق بەپێی ئەو دەستوورەی، كە هەیەتی كار بكات بۆ ئەوەی سنووربەزاندنی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق ڕابگرێت.

بەشێك لەچاودێران باس لەوە دەكەن، كە سەرەڕای بێ‌ دەنگی حكومەتی هەرێم بۆ خۆی بەشێكی یارمەتیدەری ئەو هێرشەیە، كە سوپای توركیای پەلكێشی باشووری كوردستان كردووە.

 

بە پێویستی دەزانن هەرچی زووە عێراق بەپێی ئەو دەستوورەی، كە هەیەتی كار بكات بۆ ئەوەی سنووربەزاندنی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق ڕابگرێت

 

گومانێكی تر لەسەر بێدەنگی حكومەتی هەرێم ئەوەیە، كە لەهەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەنگی ناڕەزایی بەرزدەبێتەوە، لەڕێگەی هێزە ئەمییەكان رێگری لێدەكرێت، بەو هۆیەشەوە ناتوانرێت ناڕەزایی جەماوەری لەدژی هێرشی سوپای توركیا ئەنجامبدرێت.

نەورۆز فازیل چالاكی مەدەنی لەبارەی بەردەوامی‌و بێدەنگی ئەو هێرشانە بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: بەردەوامی هێرشكانی توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان، تەنیا دژی هێزێكی سیاسی نییە، بەڵكو ئامانجی زەمینە خۆشكردنە بۆ داگیركردنی تەواوی باشوور.

سەبارەت بە هەڵوێستی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی نەورۆز فازیل دەڵێت: ڕێكخراو گروپەكان بێ متمانەیی و نەبوونی ئیرادەی تەواو لە نێوانیاندا هەیە، هەروەها زۆرێك لە ڕێكخراوەكان و گروپ و دەستەكان لەپشتیانەوە حیزب ئاراستەیان دەكات، بۆیە هەڵوێستی ئەوانیش جددی نییەو ناتوانرێت وەك كارتی فشار دروست بكرێت.

لەمانگی ١/ ٢٠١٥ تاكۆتایی ٢٠١٨ سوپای توركیا (٣٩) جار بەفڕۆكە و (٤٢٥) جار بەتۆپبارانكردن هێرشی بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، هەروەها تەنیا لەماوەی پێنج مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠دا (١٣٥) هێرش لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە ئەنجامدراوە.

 

تەنیا لەماوەی پێنج مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠دا (١٣٥) هێرش لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە ئەنجامدراوە

 

هاوكات بەپێی ئامارەكان لەساڵی ١٩٩٢ـەوە زیاتر لە (١٠٠) هاووڵاتی مەدەنی لەباشووری كوردستان شەهیدبوون، لەساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٨ ،٢٠١٩دا (١٦٥) هاووڵاتی مەدەنی لەباشووری كوردستان شەهیدبوون بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەكان، تەنیا لەماوەی ٢٠١٥ تا ٢٠١٨، (٨٥) هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و (٩٥) هاووڵاتی دیكەش بریندرابوون.

لەدیارترین كۆمەڵكوژییەكانیش كە توركیا ئەنجامیداون لەباشوور بریتییە لەكەندەكۆل ساڵی ٢٠٠٠، كورتەك ٢٠١١، زارگەلی ٢٠١٥، شیلادزێ ٢٠١٩، كورتەك ٢٠١٩، شیلادزێ ٢٠٢٠، بۆتێ لەسەرەتای هێرشەكانەوە كە لە ١٥/٦/٢٠٢٠ەوە تائێستا بەردەوامن و زیانی گیانی و ماڵی زۆر بەرانبەر هاوڵاتیانی سڤیل و گوندنشینان كەوتووە جگە لەشەهیدبوونی سەدان هاوڵاتی و برینداربوونی دەیانی تر، بەسەدان ملیۆن دۆلار زیاتر زیان بەدانیشتوانی ناوچەكان كەوتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا