پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رۆژی 7ی ئەم مانگە خولی نوێی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستپێدەكات.
بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: خولی نوێی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكا كە لە ڕۆژی 7 ی نیسانەوە دەستپێدەكات، بابەتی ئابوری و سیاسی و ئەمنی لە خۆ دەگرێت حكومەتی عێراقیش دۆسیەی تایبەتی هەیە بۆ گفتوگۆكردن بە تایبەتی ڕەوشی ئەمنی عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: عێراق ئەمڕۆ لە رووی ئەمنییەوە پێشكەوتوە و دەتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت بۆ بەرگریكردن لە سنوورەكانی خۆی بەبێ ئەوەی پێویستی بە هێزی زیادە هەبێت.
لەمانگی حوزەیرانی 2020 دا دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكا دەستی پێكرد و تێیدا هەردوولا گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژی و سوربوونی خۆیان لەسەر هەنگاونانی گونجاو بۆ سەرخستنی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكەدا دووپاتكردەوە و ئەمریكاش پێشوازیی لەو دەرفەتە كرد كە بۆ دووپاتكردنەوە و پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراقدا هاتۆتەدی.
لە كاتی سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە مانگی تەمموزی ساڵی 2020 دا بۆ ئەمریكا ، گەڕێكی دیكەی دیالۆگی ستراتیژی لە واشنتن لە نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچوو.