پۆڵەتیك پرێس
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەك كۆچبەر كە زۆرینەیان كورد بوون لەكاتی پەڕینەوەیان لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا گرفتیان بۆ دروستبووەو لەلایەن پۆلیسی ئێشكگری فەرەنساوە رزگاركراون.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لەراگەیەنراوێكدا ئاشكرایكردووە، رۆژی 1ی ئەم مانگە لەلایەن كەسوكاری یەكێك لەو كۆچبەرە كوردانەوە ئاگاداركراونەتەوە لەوەی ئەو چوپەی لە فەڕەنساوە پێی دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا كونی تێبووەو گرفتی گەورەیان بۆ دروستبووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو كۆچبەران ژمارەیان 36 كەس بووە كە زۆرینەیان كورد بوون، دوای ئاگاداركردنەوەیان لەو كێشەیە فیدراسیۆنەكەیان توانیویەتی لە ئاستی بریتانیاو فڕەنسا ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە پەنابەری و مرۆییەكان ئاگاداربكاتەوە.
هاوكات باس لەوەكراوە، دوایین زانیاری كە بە فیدراسیۆنەكەیان دراوە ئەوە بووە پۆلیسی ئیشكگری فەرەنسا بەهانای ئەو كۆچبەرانەوە چووەو سەرجەمیانی رزگار كردووە.
ساڵانەو بەهۆی كۆچی بەردەوامی هاوڵاتیانی وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەردەوام چەندین روداوی نەخوازراو روودەدەن و چەندین كۆچبەر دەبنە قوربانی.