پۆڵەتیك پرێس
بەهۆی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتییەوە، رێبەری رەوتی سەدر پەیوەندی بە سەرۆكی پەرلەمانەوە دەكات و داوای لێدەكات لەمەودوا چاودێری جێبەجێكردنی بڕگەو ماددەكانی یاساكە بكەن.
نوسینگەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، سەدر پەیوەندی بە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و حەسەن كەعبی جێگرییەوە كردووەو لەبارەی تێپەڕاندنی بودجەی گشتییەوە گفتوگۆیان كردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەو پەیوەندییانەدا سەدر سەرەڕای ئەوەی دەستخۆشی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، هاوكات داوای لێكردوون چاودێری جێبەجێكردنی تەواوی بڕگەو ماددەكانی پرۆژە یاساكە بكەن.
رۆژی چوار شەممەی رابردودا پەرلەمانی عێراق بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسەندكرد.
چاوەڕوانیش دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پرۆژە یاساكە رەوانەی سەرۆك كۆمار بكرێت بۆ واژۆكردنی، دواترش دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیع بە فەرمی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.