عیبرەت لەجێبەجێكردنی-دایە

دوێنێ شەو دەنگ لەسەر یاسای بودجەی (٢٠٢١) درا، مادەی (١١) ی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێم بەو دەقەوە تێپەڕێنرا كە وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە شیعیەكان لەسەری رێككەوتبوون، تەنانەت ئەو ئیزافەشیان قبوڵكرد كە رێگە لەسیستمی مەقاسە دەگرێت و ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبوو، بەغداش هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نەنێرێت، تەنانەت بەرگریان لەناوەرۆكی ئەو رێككەوتنەش نەكرد كە (١٩) ی مانگ لەگەڵ لایەنە شیعیەكان كردبوویان..ئێمە وەك هاوپەیمانی هیوا، جگە لەوەی توانیمان چەند بڕگەیەكی گرنگ بخەینە ناو یاساكەوە؛ وەك ئەولەویەتدان بە مووچەی فەرمانبەران و رادەستكردنی لیستی مووچەخۆرانی مەدەنی و سەربازیی هەرێم بە بەغدا و حیسابكردنی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق كە هاوڕێكانمان لەلیژنەی دارایی رۆڵی كرنگیان لەوەدا بینی، لەدانیشتنەكەی دوێنێ شەویشدا توانیمان سەركەوتووانە كار بۆ پەسندكردنی مادەی تایبەت بە گواستنەوەی مووچەی فەرمانگە فیدرالییەكانی هەرێم بۆ سەر بەغدا بكەین، دواتریش كە فراكسیۆنی پارتی ئیمزایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆكردەوە، توانیمان كار و لۆبی پێویستی بۆ بكەین و جارێكی دیكە دەنگ بە مادەكە درایەوە و شكستمان بە هەوڵەكەی پارتی هێنا..

ئێستا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەدوێنێ شەوەوە خۆشحاڵی خۆیان بە پەسندكردنی یاساكە دەردەبڕن و وەك دەستكەوتێك باسیدەكەن، لەكاتێكدا تاكە دەستكەوت ئەوە دەبێت كە حكومەتی هەرێم پابەندی جێبەجێكردنی یاساكە بێت و لەرێگەیەوە بتوانێت كێشەی مووچەی خەڵكی هەرێم چارەسەربكات كە هەموو مانگێك بێ لێبڕین و لەكاتی خۆیدا دابەشی بكات، بەدەر لەوە دیسان دەستكەوت دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و مەینەتییەكانی خەڵك درێژەیان دەبێت.

بۆیە یاساكە، بە هەموو كەموكوڕیەكانیەوە، دڵخوازی حكومەنی هەرێم بووە و رێككەوتنی پێشوەختی لەسەركردووە و ئێستاش خۆشحاڵی بۆ رادەگەیەنن، بەڵام عیبرەت لەجێبەحێكردنی یاساكە و كۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچەدایە، تەنها ئەمە ئەستۆتان لەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و مێژووییە خاڵی دەكات و ئەوكانە خەڵك دەتوانن شایەدی ئەوەتان بۆ بدەن كە سەردلن و رێككەوتنەكانتان بۆ بەرژەوەندی خەڵك بووە، ئەگینا جارێكی دیكە دەیسەلمێننەوە كە هەرگیز باكتان بە چاككردنی ژیانی خەڵك و مووچەخۆران نەبووە و هەموو هەوڵ و هەنگاوەكانتان تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆتانە و بەس.

كاوە محەمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا