دەنگدان بەپرۆژە یاسای بودجە دەستیپێكرد

پۆڵەتیك پرێس

دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق دەستی پێكردو چاوەڕوان دەكرێت تەواوی بڕگەو ماددەكانی ناو پرۆژە یاساكە پەسەند بكرێت.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەئامادەبوونی زیاتر لە 200 پەرلەمانتار كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردووە.

وتیشی، “هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە یەكلایی بكرێتەوە”.

هاوكات مەریوان نادر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەناو هۆڵی پەرلەمانەوە رایگەیاندووە، دانشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی٢٠٢١ و هەڵوەشاندنەوەی خولی ئێستای پەرلەمانە.

دەشڵێت، “ناكۆكییەكانی نێوان لانە سیاسییەكان زۆربەی چارەسەركراون و ( نصاب) ژمارەی پێویستی و یاسایی ئامادەبووی پەرلەمانتاران هەیە بۆ گرێدان و تا ئێستا دوو لایەن كە هەڵوێستیان روونە و دەنگ بە یاساكە نادەن دەوڵەتی یاسا و رەوتی نیشتیمانین”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، رێككەوتن هەیە لە نێوان سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكان كە دەنگ لەسەر ماددەكان بدرێت و گفتوگۆی كۆتایی لەسەر ناكۆكییەكان بهێڵرێتەوە بۆ پێش دەنگدان لەسەر یاساكە بە گشتی .

هەرچەندە پێشتر رێككەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا هەندێك لە لایەنە شیعەكان ناكۆكیان لەسەر بەشێك لە بڕگەو ماددەكانی پرۆژە یاساكە هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا