ئەم بابەتە 148 جار بینراوە
پۆڵەتیک پرێس
دادگای تورکیا بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سزای زیندانی بەسەر نیلۆفەر ئایدانی 81 ساڵ، ژنە سینەماکاری تورکدا سەپاند.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، نیلۆفەر ئایدان کە یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی سینەمای تورکیا بەهۆی چەند بڵاوکراوەیەکییەوە کە مێژووەیەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، سزای 11 مانگ و 20 رۆژی بەسەردا سەپێنرا.
لەوبارەیەوە ئیگیسان یوکسێلی پارێزەری ئایدان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو نوسراوانەی چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەو ژنە ئەکتەرە بڵاویکردوونەتەوە تەنیا رەخنەی سیاسی بوون.
لە یەکێک لەو بڵاوکراوانەی نیلۆفەر بەهۆیەوە دادگایی کراوە لەسەری، ئەوەی نوسیوە: هەوڵ دەدەن راستییەکان بە وەهم بشێوێنن و جەماوەر بە لاساییکردنەوە هەڵبخەڵەتێنن.
زنجیرەی دەستگیرکردن و دادگاییکردن بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان هێشتا لە تورکیا بەردەوامە و بەردەوام لە زیادبووندایە بەبێ ئەوەی رێز لە ئازادی رۆژنامەوانی و هونەری و رادەربڕین بگیرێت.
تەنیا لەماوەی نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2017، 12 هەزار و 893 دۆسیەی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆماری تورکیا تۆمارکراوە کە نزیکەی 12 هەزار و 305یان لەلایەن پارێزەرانی سەربە ئەردۆغانەوە بوون.