ئەگەری ئازادبوونی بەدەل بەرواری لە ئارادایە

پۆڵەتیك پرێس

پارێزەری بەدەل بەرواری یەكێك لە دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند، ئومێدی زۆریان هەیە لە چەند رۆژی داهاتودا دۆسییەی بەدەل بەرواری دابخرێت و ئازاد بكرێت.

ئاسۆ هاشم پارێزەری مامۆستا بەدەل بەرواری یەكێك لە دەستگیركراوانی بادینان كە نزیكەی حەوت مانگە لە زیندانە، بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، دوو رۆژ پێش ئێستا سەردانی ئاسایشی گشتییانكردو چاویان بە دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش كەوتووە تاوەكو بەدواداچوون بۆ دۆسیەكەی بەدەل بەرواری بكەن.

راشیگەیاند، دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی پێی راگەیاندوون دۆسیەی بەدەل بەرواری بۆیە لە دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر گەڕاوەتەوە بۆلایان چونكە، شاهیدێك ناوی هاتووە كە لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لە دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر ئامادە نەبووە .

روونیشیكردەوە، ئێستا دوو ئەگەر هەیە یان ئەوەیە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش لە دۆسیەكەی بەدەل بەرواری دەست بەلێكۆڵینەوەدەكاتەوە، یان دۆسیەكە دادەخات و ناوبراو ئازاد دەكرێت.

وتیشی، “ئەوەی ئێمە بەدیمان كرد ئومێدی ئەوەی لێدەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەدەل بەرواری ئازاد بكرێت”.

رۆژی 16ی شوبات، دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر یەكەم دانیشتنی لەسەر دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان ئەنجامدا و لەو دانیشتنەدا سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسی بادینانی دەركرد، چەند رۆژێك دوای ئەو دانیشتنە دۆسیەی بەدەل بەرواری گەڕاندەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش.

نزیكەی حەوت مانگە بەدەل بەرواری و ژمارەیەك لە چالاكوانی دەڤەری بادینان بەهۆی بانگەشەكردن بۆ خۆپیشاندان دژی نەبوونی موچە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆكەوە دەستگیركران، دواتریش پێنج كەس لەو دەستگیركراوانە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بۆ دەرچوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا