پۆڵەتیك پرێس
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە لایەنەكان دووربكەونەوە لە موزایەدەكردن بە پرسی ئاڵوگۆڕی دۆلار، لەمكاتەشدا بەپەرۆشەوە لە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە بڕوانن بۆئەوەی پەسەند بكەن.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، قسەكردن لەسەر ئاڵوگۆڕی دۆلار پێویستە دووربێت لە موزایەدەی سیاسی و دۆخەكە دەخوازێت هەمووان هاوسۆز و هاوكاربن بۆئەوەی بەسەر مەترسییەكاندا سەركەون.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیوادارە لایەنەكان لە پرسی رێژەی گۆڕینەوەی دۆلار بەرامبەر دینار دووربكەونەوە لە موزایەدەكردن، بڕیارەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەپێی پلانێكی ستراتیجی و ئامانجدار دراوە، “ئێمە لە دەرەنجامەكانی ئەو بڕیارە دەڕوانین كە تاچەندە كاریگەری هەیە لەسەر گەشەی یەدەكی بانكی و چی جۆرە كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر ئاستی متمانەی نێودەوڵەتی بەرانبەر عێراق”.
كازمی جەختی كردەوە كە پێویستە پەلە بكرێت لە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی وڵات لە پێناو خستنەگەڕی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و ژیانی هاوڵاتیان.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئێستا بەشێك لە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق دەنگدانیان بە پرۆژە یاسای بودجەوە بەستووەتەوە بە دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، كەئێستا لە بودجەدا 100 دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر 145 هەزار دیناری عێراقی جێگیركراوە.