دەی پێبكەنە

ئەم بابەتە 125 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپە” لە وتارێكدا لەژێر ناوی “دەی پێبكەنە”، كە لە ماڵپەری تی 24 بڵاوكراوەتەوە، رەخنەی لەو یارییانە گرتووە، كە لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە دەكرێت، هاوكات ئاماژەی بە گرنگی تێگەیشتن لەوانی دیكە كرد و داوای كرد وەك دوژمن تەماشا نەكرێن و بە هەڕەشە نەبینرێن.

دەمیرتاش ئەم قسانەی لە ئاماژەدان بۆ هەوڵەكانی حكومەتی فەرمانڕەوای توركیا نووسی، كە دەیەوێت كۆتایی بە هەدەپە بهێنێت و ئەو پارتە دابخات و وەك شوێنكەوتووی “تیرۆر و پشتیوانكاری تیرۆر” وێنای بكات.

لە وتارەكەیدا دەمیرتاش پەیامێكی ئاراستەی ئەو لایەنە كرد، كە هەدەپە وەك هەڕەشە دەبینێت و وتی: برا ئازیزەكەم چاوت بكەرەوە، لە لێدان بوەستە، دەزانم ئێستا تۆ منیش وەك هەڕەشەیەك دەبینیت، لێت تێدەگەم، تۆ بڕوا بەوە ناكەیت تەنانەت حەز بەوە دەكەم، چونكە كاتێك چاوت دەكەیتەوە، دەبینیت ئێمە مرۆڤین، مەودای ئەو قەرەباڵغیەش دەبینیت كە لەم تاریكییەدا بە چاو داخراوەییمان دروستمان كردووە.

دەمیرتاش باسی لە حاڵەتەكانی هەڵەتێگەیشتن و هەوڵدان بۆ سەرلێشێواوی‌و بێئاگایی لایەنەكانی ناو كۆمەڵگا لە یەكتری كرد و نووسیویەتی: بۆ یەكەمجار لە تاریكیدا تۆم بینی، من لەو شتانە دەترسم، كە مرۆڤ نایبینێ یان دەستی لێنادات و نایناسێت، تۆ تەنیا یەك دەنگت هەبوو، ئەمە ترسناكە ترسناك، یەكەم كاردانەوەی من پارێزگاریكردن بوو لە خۆم، بەدەستم، بە مست و بە قاچم پەلەقاژەم دەكرد، ئەمە شەڕی كوێرەكانە، چەندێك لێتانداوە و لەكوێ؟ نازانم.

بۆ یەكەمجار لە تاریكیدا تۆم بینی

دەمیرتاش هەروەها نووسیویەتی: بەڵام من دووچاری لێدانێكی زۆر هاتم، دڵنیام لەمە، هەموو جەستەم ژان دەكات، فێری خواردنی خوێن بووم، نەمدەزانی كێ لە ئێمە خوێنی لێهاتووە، تامی خوێن لە تاریكیشیدا هەر هەمان تامی هەیە، دەمویست زیاتر لێتبەم لەگەڵ بێزاربوون لە ترس و خەم، نقوم بووم، تاكە هیوام مانەوە بوو لە ژیاندا، نەمدەتوانی تێبگەم چیان لە من دەوێت، چەندی خایاند! نازانم، رەنگە رۆژێك بووبێت، رەنگە هەزار ساڵ.

لەبارەی ساڵانی دوورودرێژی زیندان دەمیرتاش ئەوەی نووسیوە: لەدوای ئەوەوە چی روویدا؟ برا جوانەكەم چاوم كردەوە و بینیم، تاریكی نەبوو، دیارە ئێمە چاومان داخستبوو، تۆ لە هەموو شتێكدا هاوشێوەی من بووی، تۆ زۆر جوان و بریندار بووی برا ئازیزەكەم، لە تۆ ئەچووم، بەڵام بە تۆپەڵێك خوێنەوە، ئێستاش تاكە جیاوازیمان ئەوەیە چاوی تۆ هێشتا داخراوە.

دەمیرتاش ئەوەشی نووسیوە: تۆ وەك سیاسییەك من دەناسیت، بەڵام لە راستیدا حەزم لە سیاسەت نییە و هێشتاش تیایدام، بەڵام خۆشبەختانە سیاسەت لەناومدا نییە، ئەگەر لەناومدا بووایە، ئەوا زانیاری وردم پێدەدایت، نزیكەی هەموو ئەو سیاسییانەی دەیانناسیت بە بەردەوامی دەسوڕێنەوە، رەنگە منیش هەندێك جار بەو شێوەیە رەفتارم كردبێت بۆیە بڕوامان پێناكەیت، چاوت بكەرەوە و دەبینیت، جیهان تاریك نییە.

ئێمەی سیاسی چاوی تۆمان داخست

دەمیرتاش رەخنەی لە خۆی و سیاسییە توركەكان بە بێ جیاوازی گرتووەو نووسیویەتی: ئێمەی سیاسی چاوی تۆمان داخست، وەك سیاسەتمەدار لە ژوورەكانی پشتەوە كۆبووینەوە و كۆمەڵێك رێككەوتنی نهێنیمان كرد، دواتریش بڕوامان پێهێنایت چاوت دابخەیت، هەمووتانمان لە تاریكیدا نقومكرد، وەكچۆن تۆ دەترسیت، ناشزانیت چی بكەیت! تۆ بە ئاراستەكردنەكانی ئێمە پشتت بەخۆت بەست، وتمان: “بۆلای راست” “كەمێك لای چەپ” “لە ناوەڕاستدا بوەستە”، “لە كەسێكی دیكە بدە”، لەو كاتەی ئێمە دەگەڕاین ئێوەمان كردە دوژمنی یەكتر لە تاریكییەكی كوێرانەدا.

دەمیرتاش لە داواكەیدا بۆ بەئاگاهاتنەوە دەڵێت: چاوت بكەرەوە و تەماشای ئەویتر بكە و بۆی پێبكەنە، لەو ساتەدا جیهان دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی تێڕوانین و پێكەنین شۆڕشگێڕانەترین كارن، بۆیە متمانە بە شۆڕشگێڕەكان بكە نەوەك سیاسییەكان، ئەی شۆڕشگێڕەكان كێن؟ مەپرسە. تەنیا لە هەموو شوێنێك چاوت بكەرەوە هەتا رووناك ببێتەوە و دوای ئەوە دەبینیت تۆش شۆڕشگێڕیت. لەبیرت بێت رووناكی لە دڵتایە!

لە درێژەی وتارەكەیدا دەمیرتاش نووسیویەتی: ئەگەر ئەم سیستمی حوكمڕانییەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت یاخود رۆژانی نوێ بێنە بەردەممان، ئێمە هەنگاو بە هەنگاو لەو بژاردەیە نزیك دەبینەوە كە سروشتێكی جیاوازی هەیە، “كام سەركردەی سیاسی چی دەكات؟ كام پارت بەشداری چ هاوپەیمانییەك دەكات؟ كێ دەیباتەوە؟ كێ سەركردایەتیمان دەكات؟ شەو و رۆژ باسی دەكەن، تێكڕای دەنگەكان هاوشێوەی بازاڕی بۆرسە و دراو بەرز و نزم دەبنەوە، هیواكانیش بەمشێوەیەن.

لە كۆتاییدا دەمیرتاش باسی لەوە كردووە، سەرباری ئەمەش ئەوان نازانن لە هەر ساتێكدا یەكێك لە خۆیان چاو دەكاتەوە و بە خۆشەویستی و ئاشتی و هاوڕێیەتی دەست لە یەكێكی دیكە دەدات تا ئەویش چاوی بكاتەوە. دەمیرتاش وتی: لێگەڕێن با سەركردەكانی تاریكی لە سیحری حساباتە وردەكانی سیاسەتیاندا بن، دوودڵ مەبن، ئەو هاوپەیمانیە گەورەیەی چاوداخراوان كە رۆژێك چاویان دەكەنەوە سەردەكەوێت، تەماشای رووناك بوونەوەتان بكەن، ئەو سیاسییەی دەتوانێت بەڕووی ئەو هاوپەیمانیەی گەلدا بوەستێت كە لە گەلێكی رۆشنبوو پێكهاتبێت، هێشتا لەدایك نەبووە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک