ڕاستە هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا هەلومەرجە ناوخۆیی و دەرەكیەكان پێگەكەیان گەیاندە ئاستی دەوڵەت، كەچی لایەنە سیاسیەكان بەگشتی و دەسەڵاتیش بەتایبەتی لە جیاتی قۆزتنەوەی دەرفەتی ئەو هەلومەرجە لەبارانە و جێگیركردنی بنەما و رێساكانی دەوڵەتداری لە هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆ، بە فەرمانڕەوایەكی میرایەتی بەرژەوەندخوازیی تایبەت، دەرفەت بۆ هەموو نەیارەكانی هەرێمی كوردستان رەخسێندرا، كە بەئاسانی پەلامار و ئابلۆقە بدرێین.
لە پەیڕەوی هەموو حزبەكان نوسراوە بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمان لەسەرووی بەرژەوەندیی حزبییەوەیە، بەڵام پێچەوانەكەی سەلماوە. دیارە سیستەمی حوكمڕانی هەر وڵاتێك ڕەنگدانەوەی سیستەمە سیاسیەكەیەتی، بەڵام لەبەر ئەوەی لە كوردستان دروشم ئامانجە نوسراوەكان ڕەنگدانەوەی واقعی سیاسی و كۆمەڵاتی نین، گفتار و رەفتاری پێچەوانە كلاشەی دەكەن. دەنا ئەگەر بەپێی دروشم و پرۆگرامە سیاسیەكان بوایە دەمێك بوو یٔەم وڵاتە گەیشتبوە قۆناغی سەقامگیریی.
ئەوەندەی ئەم وڵاتە لە ژێر دروشمی رەونەقداری نیشتیمان پەروەریی، نەتەوەپەروەریی و مرۆڤ دۆستی بەڕێوە دەبرێ، نیو ئەوەندە وڵاتە پێشكەوتوەكان باسی ئەو بابەتانە ناكەن، بەڵام ئەوان بێ باسكردن سازشی لەسەر ناكەن، كەچی لە جیاتی نیشتیمانسازی و بەهێزكردنی پێگە ئابوری و سەربازی و یەكخستنەوەی تواناكان، رێك پێچەوانەی ئەو ئەرك و دروشمە ڕاگەیێنراوانە لە ژێرەوە پەرە بە عەقلیەتی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتی میرایەتی دەدرێ!
ئێستا ئێمە لە دووڕیانی قۆناغێكی نوێین، ئەو سیستەمە حوكمڕانیە سەقەتە و ەو بێباكی و خەمساردییە لەبەرامبەر پێشهاتە چاوەڕوان كراو و نەكراوەكان گەورەترین مەترسین. ئەگەر هەموو لایەكمان بەتایبەت لایەنە بڕیار بە دەستەكان بەخۆماندا نەچینەوە دوا ڕۆژێكی گەش نابینرێ، هەرێم بەگشتی و دەسەڵاتیش بەتایبەت ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی ناوخۆیی و پیلانی نەیاران دەبێتەوە. هەموو ئەو لایەنانەی كە بەڕاستی لە خەمی نیشتیمان و دوا رۆژی گەلەكەیاندان نابێ چیتر بەتەمای شانازیی خەباتی ڕابردوو و هێزەكانی ژێر دەستیان بن و بنازن، چونكە قۆناغی داهاتوو لەگەڵ بەڕێوەبردنێكی میرایەتی ئاسا ناگونجێ، بەڵكو پێویستی بە حوكمڕانییەكی سەردەمیانە دەوڵەتداری هەیە.
ئارێز عەبدوڵڵا