هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری لە عێراق دەدرێت

پۆڵەتیک پرێس

ئەندامێکی لیژنەی خزمەتگوزاری پەرلەمانی عێراق هۆشداریدا لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لەناو عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و نەبوونی جێگرەوەی گوزەران بۆ چینی هەژار و مامناوەند.

مەنار عەبدولمەتڵەب شەدیدی بە  میدیاکانی عێراقی راگەیاند، مانەوەی بەهای دۆلار لەو ئاستەی ئێستایدا حاڵەتەکانی هەژاری زیاددەکات و بازاڕ لە دەستی بازرگاناندا دەهێڵێتەوە و قوتی هاوڵاتیان دەکاتەئامانج.

هاوکات شەدیدی داوای لە حکومەت کرد، بەهای هەر 100 دۆلارێک لە 130 هەزاردا دیاریبکات و رێگری بکات لەو بازرگانییەی چینی هەژار و مامناوەندی کۆمەڵگا دەکاتەئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بەهای دۆلار لەم ئاستە بەرزەیدا بمێنێتەوە ئەوا رێژەی هەژاری لە عێراق لە %30 بۆ %70 زیاددەکات.

لەگەڵ ئەوەی لەناو پەرلەمانی عێراق مشتومڕێکی زۆر لەبارەی جێگیرکردنی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی لە پڕۆژەیاسای بودجە هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە بەهای دۆلار بابەتێکە پەیوەستە بە وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەند و لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا