پۆڵەتیك پرێس
دوای چوار مانگ بۆیەکەمینجار لەمساڵدا مردن بە کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد و بەشێوەیەك لە کاتژمێر 12 شەوی رابردوو 11 حاڵەتی مردن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە پەیامێکدا هۆشداریی دەدات و دەڵێت، “بەپێی زانیاریە سەرەتاییەکان، دوێنێ زۆرترین ژمارەی توشبوی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و ژمارەیەکی زۆریش داخیلی نەخۆشخانەكان کران و قەرەوێڵەکانی بەشی چاودێری چڕ خەریکە پڕ دەبێتەوە و جێگا نامێنێت”.
ناوبراو باسی لەوەشكردووە،بەهۆی پابەندنەبون بە بڕیارەکان و رێنماییەكانی تەندروستی، دوای تێپەڕینی چوار مانگ و لەم ساڵدا بۆیەکەمینجار مردن بەهۆی کۆڕۆنا ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاند و تەنها تا کاتژمێر 12:00ی شەوی رابردو 11 حاڵەتی مردن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
پێشتر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاندبوو، ماوەیەكە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی كۆرۆنان لەرێگەی چەند تیمێكی تایبەتمەندەوە دەركەوتووە چوار جۆر كۆرۆنای نوێ لەسنووری پارێزگای سلێمانی بوونی هەیە و حاڵەت تۆماركراوە.
ئەوەشی وتبوو: ڤایرۆسەكە لە هەڵكشانێكی زۆردایە و هاووڵاتیانیش وەك پێویست پابەندی رێماییە تەندروستیەكان نییە و لەكاتێكدا پێویستە تاكپارێزی پەیڕەوبكەن.