ئەمریكا لەهاتنی نەسر حەریری نیگەرانەو كاردانەوەی دەبێت

ئەم بابەتە 24 جار بینراوە

هاتنی نەسر حەریری بۆ هەولێر لەسەر داوای توركیاو ئەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن هەولێر (جگە لەنێچیرڤان بارزانیی) و ئەنەكەسە، ئەمریكیەكانی زۆر نیگەران كرد. وەك هەوڵێكی توركیاو هەولێر بۆ تێكدانی پرۆژەی ئەمریكا بۆ ئاشتەوایی ناوماڵی كورد لەرۆژئاوای كوردستان لێكدرایەوە.

لەدوایین كۆبونەوەی دیفید براونستین نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لەبنكە سەربازیەكەیان لەحەسەكە بە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان و ئەنەكەسە، بەر لە چەند رۆژێك، نوێنەری ئەنەكەسە (محەمەد ئیسماعیل) لێی پرسی؛ ئێوە پشتیوانی رێڤەبەری خۆسەر دەكەن ئەگەر ئەنەكەسەش نەیەتەوە؟ لە وڵامدا بەپێكەنینەوە وتبوی “بەلێ‌ بێگومان، ئێمە دەمێكە ئەو قسەیە دەكەین، ئەمە شتێكی نوێ‌ نییە!” ئەو وڵامەی نوێنەری ئەمریكا نامەو پەیامێكی روون بوو بۆ توركیاو بۆ هەولێر، بەتایبەت نوێنەرەكەی ئەمریكا دەزانێت نوێنەرەكەی ئەنەكەسە كە پرسیارەكەی لێكردووە تەنها نوێنەر نییە، بەڵكو ئەو هەواڵە بە توركەكانیش دەدات.

رۆژی دوای ئەو كۆبونەوەیە، نوێنەرەكەی ئەمریكا لەسەر داوای خۆی بەڕەسمیی سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی رێڤەبەری خۆسەری كرد لە قامیشلۆو لەسەر داوای خۆی وێنەی بڵاوكرایەوە! ئەمەش دیسان وەك پەیامێكی دیكە بۆ توركیا كە ئەمریكا دەیەوێت لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ رێڤەبەری خۆسەر هەڵداتەوە، یان لانیكەم قۆناغێكی دیكە لەپەیوەندیەكانیان دەستی پێكردووە.

ئێوارەی پێش نەورۆز بەئامادەبوونی مەزلوم عەبدێ‌ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دیفید براونستین لەژێر وێنەی عەبدوڵلا ئۆجالان و مەزلوم دۆغان لە حەسەكە ئاگری نەورۆزی كردەوە، ئەم ئامادەبوونەی نوێنەری ئەمریكا بۆ سوریا، پەیامێكی زۆر روون بوو بۆ توركیا، كە ناردنی نەسر حەریری بۆ هەولێر بەبێ‌ كاردانەوە تێناپەڕێت و ئەمریكا زۆر نیگەرانە لەهەر هەوڵێك پلانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان تێكبدات.

لەدوای ئەو جموجۆڵەی ئەمریكاو پشتگوێ خستنی ئەنەكەسە لەلایەن ئەمریكا بۆ یەكخستنی رەوشی ناوخۆ لە رۆژئاوای كوردستان، پێدەچێت ئەمریكا بەشێوەیەكی دیكە مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بكات، بەتایبەت تائێستا واشنتۆن لەسەر ئاستی سیاسی و ڕەسمیی مامەڵەی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان نەكردووە، بەڵام لەمەودوا دەیكات. هاوكات لەوانەیە بیر لەبەدیلی ئەنەكەسە بكاتەوەو ئەو حزبانەی تائێستا نەچوونەتە ناو رێڤەبەری خۆسەرو ئەندامن لەناو تەڤدەم، هەوڵی رێكخستنەوەیان بدات و لەگەڵ پەیەدە چوارچێوەیەكی سیاسیان بۆ دروستبكات و هاوكاریان بكات. واتە دوای هاتنی نەسر حەریری، ئەنەكەسە لەبری ببنە كارتێك بۆ فشار خستنە سەر رۆژئاوای كوردستان، خۆیان بوونە كارتێكی سوتاو و چیتر لەلایەن ئەمریكاوە وەك جاران مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت. ئەو كارتەی بەدەست ئەمریكاوەیە زۆر بەهێزترە لەكارتەكەی توركیا! دانیشتنەكەی نوێنەری ئەمریكا لەژێر وێنەی ئۆجالان، لەنامەو پەیامێك زیاتربوو، ئەنەكەسە و نەسر حەریری بۆ ریش هاتبوون سمێڵیشیان لەسەردانا! چاڵێكیان هەڵكەند بۆ پەیەدە، كەچی خۆیان تێیكەوتن.

زیاتر لە ساڵێكە ئەمریكییەكان لەڕێی مەزلوم عەبدێ‌ لەهەوڵی رێككەوتنی نێوان تەڤدەم و ئەنەكەسەن، بەڵام پێدەچێت لایەنە پەیوەندیدارەكان (توركیا + هەولێر) رێگری لەو رێككەوتنە بكەن، بۆیە ئەمریكییەكان نیگەران بوون و لەمەودوا رێگای دیكە دەگرنەبەر.

سەرتیپ جەوهەر

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک