سلێمانی.. بەرپرسانی تەندروستی هۆشداری دەدەن

پۆڵەتیك پرێس:
بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی ئاشكرایدەكەن، چوار جۆری جیاوازی كۆرۆنای گۆڕاو تۆماركراون، بەڕێوەبەری یەكێك لەنەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆناش لە سلێمانی دەڵێت: زۆربەی نەخۆشەكان باری تەندروستییان ناجێگیرە و ئەگەر وا بڕوات دوو هەفتەی تر نابات نەخۆشخانەكان پڕدەبنەوە.

هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ماوەیەكە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی كۆرۆناین لەرێگەی چەند تیمێكی تایبەتمەندەوە دەركەوتووە چوار جۆر كۆرۆنای نوێ لەسنووری پارێزگای سلێمانی بوونی هەیە و حاڵەت تۆماركراوە.

هێرش سەید سەلیم وتیشی: ڤایرۆسەكە لە هەڵكشانێكی زۆردایە و هاووڵاتیانیش وەك پێویست پابەندی رێماییە تەندروستیەكان نییە و لەكاتێكدا پێویستە تاكپارێزی پەیڕەوبكەن.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە چوار هەزار پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان ئەنجامدراوە، بەڵام دەركەوتووە لەو وادەیەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ حاڵەتێكی توشبوون تۆمار نەكراوە، لەكاتێكدا بەرپرسانی تەندروستی شارەكە ئاماژە بە تۆماركردنی چوار جۆری جیاوازی كۆرۆنای گۆڕاودەكەن.

لای خۆیشییەوە داهات حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كۆماری سلێمانی لە هەژماری تایبەتەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: ڕۆژانە زیاتر لە ۱٥ نەخۆشی تازە داخل ئەكرێن لە نەخۆشخانەی كۆماری سلێمانی، باری تەندروستی زۆریان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەری دەرمان و ئۆكسجین هەیە.

هەروەها نووسیویەتی: ئەگەر وا بڕوا ناگەینە دوو هەفتەی تر نەخۆشخانەكان دیسان پڕ ئەبنەوە و جێگا نامێنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا