بەهۆی کۆرۆناوە نەشتەرگەری “سارد” لە نەخۆشخانەکان ئەنجام نادرێن

پۆڵەتیک پرێس_

لەئێستادا بەهۆی مەترسییەکانی تووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدانی نەشتەرگەری سارد لە نەخۆشخانە حکومییەکانی سلێمانی ئەنجام نادرێن و تاکو کەمبوونەوەی، کۆرۆنا رادەگیرێت.

لەلێدوانێکیدا بۆ پۆڵەتیک پرێس دکتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند “لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ترسی بڵاوبوونەوەی زیاتر، ئەنجامدانی نەشتەرگەری سارد و ئەو جۆرانەی مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست ناکەن، کەمبووەتەوەو بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیراون”.

لەماوەی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە لەناو بەشێکی خەڵکیدا بڵاوبووەوە کە کەرتی تەندروستی بەرەو تایبەتکردنی زیاتر دەچێت و زۆرێک لە نەشتەرگەرییەکان و چارەسەرییەکان دەبن بە پارە، بەڵام جێگری بەڕێوەبەری گشتی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوەو ئاشکرایدەکات کە بەهۆی کۆرۆنا یان نەبوونی مووچەو بایکۆتکردنی بەشێکی پزیشکانەوە، هەندێک لەو نەشتەرگەرییانەیان راگرتووە کە لە جۆری “سارد”ن و مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیان دروست ناکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ پۆڵەتیک پرێس دکتۆر هێرش سەلیم ئاماژەی بەوەشکرد کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی دیکە وەک جاران لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەڕێوەدەچن و بەهیچ شێوەیەک هیچ هەنگاوێکی لەو جۆرە نەنراوە کە کەرتی تەندروستی بەرەو تایبەتکردن بچێت و خزمەتگوزارییەکانی کردبێت بە پارەیەکی زیاتر لەوەی جاران.

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ سێشەممە پزیشکانی نیشتەجێی و خولاو و پزیشکانی نیشتەجێی دێرین لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بەهۆی لێبڕینی مووچەوە مانگرتنیان راگەیاند و بڕیاریاندا نەچنەوە سەر دەوامی خۆیان، کە ئەمەش وادەکات بەشێک لە هاوڵاتیان بێبەش بن لە خزمەتگوزارییەکان.

لەماوەی رابردوودا خشتەیەک بڵاوبووەوە کە پێکهاتبوو لە دیاریکردنی نرخی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لە کلینکە تایبەتییەکانداو ئەوەش دەنگۆی زۆری لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوەو هاوڵاتیان نیگەرانیان لە بەرزی ئەو نرخانە دەربڕی کە بۆ چارەسەری تووشبووان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دیاریکراوە.

دکتۆر هێرش باسی لەوەشکرد کە ئەو نەشتەرگەریانەی کە باری لەناکاو نین دەتواندرێت بۆ ماوەیەک ئەنجام نەدرێن “نەشتەرگەری سارد”، لە نەخۆشخانەکانی حکومەت راگیراون و بەو هۆیەوە بەشێک لەو نەخۆشانە روودەکەنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان و چارەسەر بە پارە وەردەگرن.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەخۆشخانەی ئاسۆ کە تایبەتە بەنەخۆشی چاو، خزمەتگوزارییەکانی راگیراوەو ئەو نەخۆشخانەیە تایبەتکراوە بە چارەسەری نەخۆشانی کۆرنا، بەو هۆیەوە هاوڵاتیان روودەکەنە نۆرینگەکانی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشی چاو تاکو دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو هێوربوونەوەی زیاتر دەچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا