توركیا و ئاكپارتی

پارتی داد و گەشەپێدان لە 14ی ئابی 2001 دامەزراوە، ئۆفیسی سەرەكی لە ئەنقەرەیە، مەزەندە دەكرێت نزیكەی 10 ملیۆن ئەندامی هەبێت. ساڵی 2002 بۆ یەكەمجار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كرد، لە كۆی 550 كورسیی پەرلەمان 363 كورسی بەدەستهێنا. بەڵام ئێستا قورسایی ئاكپارتی وەكجاران نییە و تادێت لەلای خەڵكی بێبایەختر سەیردەكرێت.

ئەردۆغان وەك سەرۆككۆمار و سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی، جڵەوی دەسەڵاتی ھەم لە حكومڕانیی توركیاو ھەمیش لەنێو پارتەكەیدا بەھێزتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتیی كاركردنی لەنێو خۆی وڵات و دەرەوەدا تادێت ناشرینتر دەبێت، ئەمەش یەك ھۆكاری سەرەكی ھەیە، كە دژایەتیكردنی بەرانبەر بە كورد بەگشتی و ھەدەپە بەتایبەت بووەتە جێی ناڕەزایی ھەمووان.

لەگەڵ بەھێزبوون و فراوانبوونی ئاكپارتی، ھەدەپەش گەشەی سەند، ئەگەرچی ھەدەپە وەك پارتێكی سیاسیی نوێنەرایەتی خەڵكی توركیاش دەكات، بەڵام سیاسەتیی گشتی حیزبەكە كوردی بوونی وەرگرتووە، بەو مانایەی كە ھاونیشتمانییان لە باكووری كوردستان و توركیا، یان روونتر بڵێین كورد لە باكووری كوردستان و شارە گەورەكانی توركیا ئەندامی زۆرینەیی ھەدەپە پێكدەھێنن.

ئەردۆغان بە دژاتەتیكردنی ھەدەپە و سەركردەكانی، بە زیندانیكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەك وێنە گەورەكە، بە زیندانیكردنی سەلاحەددین دەمیرتاش و سەركردەكانی دیكەی كوردی ھەدەپە، بە دانانی قەیووم بۆ سەرۆك شارەوانییەكانی كورد، بە ئۆپەراسیۆنەكانی لە باكووری كوردستان و بۆردوومانكردنی بەردەوامی قەندیل و گارە، ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و یەكێتیی ئەوروپای لەخۆی تۆراندووە.

ھەموو ئەم دژایەتییانەی كورد، كێشەكانی لەگەڵ جەھەپە وەك گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیاو ھاوپەیمانی ئەردۆغان لەگەڵ مەھەپە كە پارتێكی نەژاد پەرستی تووندڕەوە، ئایە چارەنووسی ئەردۆغان و ئاكپارتی توركیا بەكوێ دەگەیێنێن؟

لەلایەكی دیكەوە ئەردۆغان و ئاكپارتی كێشەی گەورەیان لەگەڵ گولەنییەكان ھەیە، وەكخۆیان دەڵێن فەتۆ، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای توركیا چووەتە نێوخاكی سووریا و كێشەی لەگەڵ ھەسەدە و حكومەتی بەشار ئەسەد ھەیە، داڕمانی دۆخی ئابووریی توركیاش پرسێكی گەورەتری وڵاتەكەیە، ئایە ئاكپارتی پلانی بۆ چارەسەری ئەم كێشانە ھەیە یاخود نا.

ئەگەر ئەردۆغان بیەوێ چارەسەری كێشەكان بكات، سەرەتا دەبێ سیاسەت و بەرنامەی حكومەت و ئاكپارتی بەرانبەر بە كورد بگۆڕێت، دەبێ بە سیاسەتێكی نەرمتر و واقیعی مامەڵە لەگەڵ پرسی كورد لە توركیا بكات، ھاوكات دەبێ لەگەڵ جەھەپە ئاراستەی سیاسەتی گشتی بەڕێوەبردنی توركیا دابڕێژێتەوە، كەمتر خۆی لە بابەتی گولەنییەكان بدات. دوایی چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ ئەمریكا و رووسیا لەبارەی سووریا و رۆژئاوای كوردستان بكاتە واقیعی، ئەگینا چارەنووسی توركیا و ئاكپارتی وەك پارتی یەكەمی توركیا بەرەو خراپی دەڕوات.

گوتاری ئەردۆغان لە كۆنگرەی حەوتەمی ئاكپارتی، چارەسەری بۆ ھیچ لەم كێشانەی خستوومەتەڕوو نەبوو، ئەوەی لە گوتارەكەیدا بەدیدەكرا زەق كردنەوەی پتری كێشەكانە، كەوابێ ئاكپارتی پرۆژەی قەیرانی ھەیە نەك چارەسەر، بەمەش ئەم پلانەی ئەردۆغان وەك پلانی ئاكپارتی بۆ چەند ساڵی داھاتووی توركیا دایناوە، ماڵوێرانكار دەبێت بۆ گشت سێكتەرەكانی توركیا.

بژار حەكیم

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا