هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشك

پۆڵەتیك پرێس:
نرخی مریشكی زیندوو بەشێوەیەكی بەرچاو لەبازاڕەكانی هەرێم بەرزبووەتەوەو چاودێری بازرگانیش هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخەكە ئاشكرا دەكات.

سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لەئێستادا نرخی مریشكی زیندوو بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیووە، بەشێوەیەك نرخی كیلۆیەك مریشك لەنێوان سێ هەزار 500 بۆ چوار هەزار دیناردایە، هۆكارەكەشی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە.

سۆران عەبدولغەفور وتیشی: ئێمە ناتوانین ڕێگری لە بەرزبوونەوەكەی بكەین، چونكە سەرجەم ئەو ماددانەی لە بەخێوكردنی جوچك بەكار دەهێنرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە گرانی بەخۆوە بینیوە، هاوكات بۆ هەر تۆنێك عەلەف ئەو خۆراكەی بە مریشك دەدرێت بڕی 150 دۆلار زیادیكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، نەك هەر مریشكی زیندوو تەنانەت مریشكی بەستوش بۆ هەر كیلۆیەك هەزار دینار نرخەكەی زیادیكردووە.

لە ئێستاشدا نرخی یەك كیلۆ مریشك لەنێوان سێ هەزار بۆ سێ هەزار و 750 دینارە لەكاتێكدا پێشتر بەدوو هەزار و 250 دیناربوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا