ئێران و ئەمریكا: بەرەو داخستنی پەنجەرەكە

بە هاتنی بایدن هیوای ئەوە هاتە ئاراوە كە ئێران و ئەمریكا دەگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنەكەی سەردەمی ئۆباما. هۆكاری ئەم پێشبینی و گەشبینییە زۆربوو. نزیكێتی ئۆباما و بایدن، بانگەشەی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنەكە لە كاتی كەمپەیندا، هەبونی لۆبییەكی بەهێزی ئێرانی نزیك لە دیموكراتەكانەوە. بەڵام سەرباری دەنگۆ و باسكردن و هەوڵی بچوك هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەك لە ئارادانیە كە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆكە فەراهەم دەبێت.

لێرەدا بە كورتی ئارگومێنتی ئەوە دەخەمە ڕوو كە بۆچی بایدن پەلەی نیە یان نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنەكە. پاشان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە كە ئایا ئێران چی دەكات.

ڕۆژانی ڕابوردوو بینیمان شەقامەكانی بەغدا پڕبوون لە چەكداری میلیشیاكان. هۆكاری ئەمە و ئامانجی ئەمە تەنها یەكێك نیە بەڵكو زۆرە. بەڵام بە دڵنیاییەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی نمایشی فشارە لە سەر ئەمریكا و دۆستەكانی لە عێراق. ئەمە لە جێگاكانی تریش دەبینین لە هەمانكاتدا. سیاسەتی ئێرانی ئاشكرایە، كە خۆی لە چەند هەنگاوێكدا دەبینێتەوە. یەكەم، بەم ئەم كارانە ئێران دەیەوێت خۆی بیری كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بخاتەوە كە دۆخی خراپە و پێویستە ئەمریكا ئابڵۆقەی لە سەر لاببات ئەگینا دەتوانێت كاری تێكدان بكات لە زۆر شوێن. دووەم، ئەڵتەرناتڤی نەگەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی شلۆقانی سەرتاپا ناوچەكەیە. دۆستەكانی ئێران لە واشنتۆن دەیانەوێت ئەم پەیامە بگەیەنن. هەموو ئێرانییە ئەمریكییەكان وەك یەك قسە دەكەن لەمبارەوە.

بەڵام بایدن هەست بە فشار ناكات. چونكە لە ڕاستیدا گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی لە بڕی ئەوەی فشار لە سەر بایدن لاببات فشاری زۆری لە سەر دروست دەكات. بایدن پەروەردەی سێناتە. چاك شارەزای كۆنگریسە. ئەوەی لە ئێستادا فشارە لە سەری دۆخی سەختی ناوخۆی ئەمریكایە، لە ئاستی كۆڤید، ئابوری، ژێرخان، كۆچبەر. ئەوەی بڕیار لە سەر سەركەوتن و سەرنەكەوتنی ئیدارەی بایدن و دیموكراتەكان دەدات ئێران نیە، بەڵكو دۆخی ناوخۆیە. بۆیە بایدن نایەت كۆنگریس لەخۆی بئاڵسكێنێت و هەموو كارەكانی لە ناوەوە توشی شكست بن، لە بەر ئێران.

ئێران باش ئەمە دەزانێت بۆیە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بنێرێت كە ئەگەر ئاوڕی لێنەدەنەوە ئەوا ناوچەكە تێكدەدات. بەڵام ئێران كۆریای باكورنیە، هەرچەندە هەوڵدەدات بە ڕێچكەی ئەودا بڕوات.

لە لایەكی ترەوە ئەگەر سەیری ئەجیندای هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بكەیت ئەوا ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی نیوەییە، میدتێرم، لە كاتی وەهادا دانوستان ناكرێت. پاشان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نزیك دەبینەوە، دیسانەوە دانوستان ناكرێت، بە گشتی لە خولی یەكەمی بایدندا مەحاڵە لەو پرسە نزیك ببنەوە، مەگەر ئێران بە تەواوی ڕەفتاری بگۆڕێت بە جۆرێك كە كۆنگریس لێی ڕازی بێت. لە ئێستادا لە نەبونی هیچ جۆرێك لە باوەڕ بەیەكتركردن لە نێوان هەردوولادا، ئەوا چاوەڕوان ناكرێت ئێران ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت. لە ڕاستیدا ئەگەری زۆرە لەیەنگرانی ڕێككەوتن لە گەڵ ئەمریكادا لە پاش هەڵبژاردن كەمتربن. ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئێران و چین ڕێككەوتنی ٢٥ ساڵە لە نێوانیاندا واژۆ دەكەن. ئەمەش جۆرێكە لە فشار، بەڵام ئەمریكا، ئەمریكای جاران نیە، ئێستا ناوەوە لە هەموو شتێك گرنگترە، لە دەرەوە چین.

بۆیە ڕەنگە برادەرانی ڕەبع اللە زیاتر سەرقاڵبن لە ماوەی داهاتودا.

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا