گۆڕان و كۆمه‌ڵ پێنج مانگه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ستبه‌كاربونن له‌سێ پۆستی حكومیدا

پۆڵەتیك پرێس
ماوەی پێنج مانگە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی متمانەی بەخشیوە بە دوو بەڕێوەبەری گشتی لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان و بەڕێوەبەرێكی گشتی لەسەر پشكی كۆمەڵی دادگەری، بەڵام تا ئێستا دەستبەكارنەبوون، بەرپرسێكی كۆمەڵ دەڵێت، تا ئێستا ئەو سێ‌ كەسە لە ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی دەست بەكاربوونیان بۆ دەرنەچووە و بەرپرسێكی گۆڕانیش دەڵێت، “بەم نزیكانە دەست بەكار دەبن”.

ئەنوەر سەنگاوی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “هۆكاری دەستبەكارنەبوونی ئەو سێ‌ كاندیدەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی متمانەیان پێدرا، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی تا ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی دەستبەكاربوونیان بۆ دەرنەچووە”.

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵ وتیشی:”ئەمەش كێشەیەكی دیكەیە لە حكومەتدا بەدیدەكرێت كە نووسراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پارێزگاكان بە هەند وەرناگرێت، پێویستە حكومەت رێز لە ئەنجومەنی پارێزگاكان بگرێت كە لە سنوری خۆیاندا نوێنەرایەتی خەڵك دەكەن”.

باسی لەوەشكرد، لە رووی حزبی و ساسییەوە لەگەڵ حزبی دەسەڵاتداری سلێمانی قسەمانكردووە، هه‌روه‌ها نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێممان ئاگاداركردووەتەوە، ئەوانیش نەیانوتووە ئەم كارە ناكرێت یان راگیراوە بەڵام دیارە كێشەیەك هەیە یان رێگە پێدانێك نییە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ جێگرەكەی، پێمان وایە دەبێت حكومەت خۆی ئەم كێشەیە چارەسەربكات ئەگەر دەیانەوێت رێزی دامەزراوە فەرمییەكان پارێزراوبێت.

لەلایەكی دیكەوە كاوە عەبدوڵڵا، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دەستبەكارنەبوونی ئەو سێ‌ بەڕێوەبەرە گشتییە بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”بەپێی ئەو زانیارییانەی لای منە دەست بەكاربوونەكەیان تەواوبووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە”.

رۆژی 20_10_2020 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكۆبوونەوەی خۆیدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی هەریەك لە موحسین ئەدیب-ی وەك بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ئەندازیار محەمەد جەلیل، وەك بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی و ئیسماعیل رەشید، وەك بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشكی كۆمەڵی دادگەری پەسەندكرد، بەڵام تا ئێستا هیچ كام لەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی لە پۆستەكانییان دەستبەكارنەبوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا