ھەڵەی ناوبژیوان لە یارییەکانی تۆپی پێ و لێکدانەوەی سۆزداری ..

دانا محەمەد كەریم/ ناوبژیوانی كوردبەڵجیكا

‎زۆرجار ناوبژیوانان ھەڵە ئەکەن لە کاتی بەڕێوەبردنی یاری یەکاندا لە سەر ھەموو ئاستەکان تەنانەت لە بەرێوەبردنی، یارییەکانی جامی جیھانیش من وەك ناوبژیوانێك ھەمیشە ئەو ھەڵانە بە ئاسایی و سروشتی ئەیبینم وەك بەشێك لە یاری سەیری ئەکەم.

بەلای منەوە چۆن گۆڵچییەك بەرگریکارێك ھێرشبەرێك ھەڵە ئەکات لە یاری دا بەھەمان شێوە ناوبژیوانیش ھەڵە ئەکات، بەڵام ھەڵەی ناوبژیوانان زۆر دیارە و لە دوای تەواو بوونی یاریيەکان ھەموو حاڵەتەکان بە چەندین کامێرا گیراوە و پاشان دانیشتن لە ستۆدیۆ و یان لە ماڵەوە بە دەم چا خواردنەوە و دەمە تەقێ ئەو ئەڵێت ئەوە فاوڵ بوو ئەوی تر ئەڵێت نا فاوڵ نەبوو ئەو حاڵەتە پەنالتی بوو ئەو حاڵەتەی تر پەنالتی نەبوو !! و چەندین ڕاو بۆچوونی جیاوازی لە سەر حاڵەتەکان دروست ئەبێت و زۆر کات سۆز و خۆشەویستی بۆ یانەیەك یان بۆ ھەڵبژاردەیەك کاری ئەبێت لە سەر زۆربەی لێکدانەوەکان.

بە بۆچوونی من ئەمانە ھەموو ئاسایین، بەڵام ھەندێك جار بە داخەوە کەسانێك لە کوردستان کە بە ناو شارەزا لە بواری تۆپی پێ لە شیکاریيەوە پەلاماری حاڵەتە یاساییەکان ئەدەن و ئەکەونە شیکردنەوە و پەلاماردانی ناوبژیوانان بە سۆزێکی گەرم بۆ یانەیەك کە ئەو ھاندەرێتی یان بە پێچەوانەوە یان تاوانبار کردنی ناوبژیوانان بە پاڵپشتی کردن یان لایەنگیری (تحیز) بۆ یانەیەك لە سەر بەرژەوەندی یانەیەکی تر کە ئەمانە ھەموو دوورن لە ڕاستییەوە ئەگەر بڵێین ناوبژیوان بە ئەنقەست ئەو ھەڵانە ئەکەن یان ناوبژیوان كڕدراوه یان خۆی فرۆشتووە یان یانەیەك بتوانێت کار بکاتە سەر بڕیارەکانی ناوبژیوان !!!

من زۆر بە دڵنیاییەوە ئەڵێم ئەو بیركردنەوانە زۆر دوورن لە ڕاستییەوە، چونکە گەیشتن بە لووتکە و بەڕێوەبردنی یارییە ئاست بەرزەکانی جیھان بە ئاسانی ناوبژیوانان نایگەنێ بە تایبەتی لە ئەوروپا ھەر بۆیە زۆر ئاستەمە ھیچ ناوبژیوانێك پاشەڕۆژی خۆی بکاتە قوربانی ئەو جۆرە کردەوانە تەنانەت بیرکردنەوە لەو کردەوانەی کە دوورن لە ڕوحی وەرزش.

بۆیە تكایه با هەموومان بەڕوحێکی وەرزشی هەڵەی ناوبژیوانان وەك هەڵەی فێرکەران و یاریزانان و گۆڵچی سەیری بکەین و بردنەوە و دۆڕاندن بە شێوە ئاساییە وەرزشییەکە وەری بگرین .

لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستیم …..

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا