پۆڵەتیك پرێس
لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو سیاسەتی مامەڵەكردنەی لەگەڵ كەرتی سوتەمەنی بەردەوام بێت نرخی سوتەمەنی بەتایبەت بەنزین گرانتر دەبێت.
كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەپۆڵەتیك پرێسی رایگەیاند، تەواوی هۆكارە دەرەكییەكان و هەر جوڵەیەك لەگرانبوونی نرخی دراو یان دروستبونی بارگرژی سیاسی لە سنورەكان هۆكاری گەورەن تا نرخی سوتەمەنییەكان بەتایبەت بەنزین گران ببێت.
راشیگەیاند، هۆكاری گرانبونی بەنزین ئەوەیە سەرچاوەی سوتەمەنی هەرێمی كوردستان دەرەوەیە، ئەوەش كاریگەری زۆر دروستدەكات بەتایبەت گرانبوونی بەهای دۆلارو بەرزبونەوەی نرخی نەوت.
وتیشی، “تا حكومەت بەمشێوەیە ئێستا مامەڵە لەگەڵ سوتەمەنی بكات بەنزین هەر بەگرانی دەمێنێتەوە، هۆكارە ناوخۆییەكانیش وادەكات نرخی سوتەمەنی بەردەوام بەرەو گرانبوون بڕوات وەك وەرگرتنی پارە لەشۆفێری تەنكەرەكانی گواستنەوە و هەروەها قۆرغكاری بازرگانانی سوتەمەنی لەهێنانی سوتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان”.
لەماوەی رابردودا بەچەند قۆناغێك نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش نیگەرانی شۆفێرانی لێكەوتەوە.