پۆڵەتیك پرێس
بەرپرسانی تەندروستی هەرێم ئاشكرای دەكەن، بڕیارە 336 هەزار ڤاكسین بگاتە عێراق و لەو ژمارەیەش 43 هەزاری رەوانەی هەرێم دەكرێت و سەرەتاش ڤاكسینەكە بۆ كارمەندانی تەندروستی بەكار دەهێنرێت.
هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، تائێستا بە فەرمی لە هاتنی وەجبەی دووەمی ڤاكسین ئاگادار نەكراونەتەوە، بەڵام پێشتر بڕیاری ئەوە دراوە كە ئەمڕۆ پێنج شەمە 25ی ئازار وەجبەی دووەمی ڤاكسین بگاتە هەرێم.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ڤاكسینەی بڕیارە بگاتە هەرێم لە جۆری ئەسترازنیكای بەریتانییە و سەرەتا بۆ كارمەندانی تەندروستی بەتایبەتی ئەوانەی لە هێڵی پێشەوەی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنان بەكار دەهێنرێت.
هاوكات، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ 336 هەزار ڤاكسین دەگاتە عێراق و پشكی هەرێمی كوردستانیش 43 هەزار ڤاكسینە.
پێشتر وڵاتی چین بڕی 50 هەزار ژەمە ڤاكسینی جۆری سینۆفارمی وەك دیاری بۆ عێراق نارد، لەو ژمارەیەش هەرێم پێنج هەزار ژەمە ڤاكسینی بەركەوت.