هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی هەرێم و شیعەكان ئاشكرادەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، دەستكاریكردنی رێككەوتنەكەی هەرێم و عێراق لەلایەن سەرۆكی یەكێك لە فراكسیۆنە شیعەكان و یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، كێشەی بۆ رێككەوتنەكە دروستكرد.

شیروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، رۆژی هەینی رابردوو رێككەوتنی تەواو ئەنجامدرا لەسەر ئەو دەقەی شیعەكان پێشكەشیان كردبوو، رێككەوتنەكە هاوسەنگ بوو ئەوە نەبوو لایەك خۆی بە سەركەوتوو بزانێت و لایەك شكستخواردوو بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو رێككەوتنە مایەی جێبەجێكردن بوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەنگی لەسەرداو بوو بە بەشێك لە پرۆژە یاسای بودجە، ئەو شەوە هەموو تێبینییەكانی شیعە و سونە و كورد تەواو كران.

وتیشی، “بەڵام بۆ رۆژی دواتر تاك لایەنانە یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی یەكێك لە فراكسیۆنە شیعەكان دەستكاری رێككەوتنەكەیان كردبوو، ئێمەش لە لیژنەی دارایی رەتمانكردەوە، چونكە هەر گۆڕانكارییەك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە دەبێت بە ئاگاداری شاندی هەرێم و فراكسیۆنە شیعەكان بێت و لیژنەی دارایی پەسەندی بكات”.

شیروان میرزا رونیشیكردەوە لە رێككەوتنەكەدا بڕگەیەكی تێدایە بەپێی ئەو بڕگەیە ئەگەر هەرێم پابەندی رێككەوتنەكە نەبوو ، ئەوا بە بەهای بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی لێدەبڕدرێت و ئەوەی لە پشكی هەرێم دەمێنێتەوە ناوەند رادەستی هەرێمی دەكات، بەڵام دەستكاری ئەو بڕگەیە كراو گۆڕیان بەوەی ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو، ئەوا هیچ بڕەپارەیەكی بۆ رەوانە ناكرێت وەك ئەوەی لە یاسای قەرزدا روویدا بەوەش رێككەوتنەكە هەڵوەشایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا