ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی دانپێدانانی 6 دەستگیركراوی دیكەی بادینان تۆماردەكات

پۆڵەتیك پرێس

پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان ئاشكرایكرد، رۆژێك پێش نەورۆز هێزەكانی ئاسایشی گشتی لە هەولێر، ڤیدیۆيى دانپێدانانی شەش دەستگیركراوی دیكەی بادینانیان تۆماركردووەو لە چەند رۆژی داهاتودا بڵاویدەكەنەوە.

بەشدار حەسەن پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی رۆژنامەنوس و چالاكوانەكانی بادینان تایبەت بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاشكرایكرد، زانیارییان پێگەشتووە رۆژێك پێش نەورۆز شەش دەستگیركراوی دیكە لە دەستگیركراوەكانی بادینان گرتەی ڤیدیۆییان پێ تۆماركراوە، بەڵام ئەوەندەی بزانن هیچ شتێكیان نەوتووە كە تۆمەتێك بەسەر خۆیاندا ساغ بكەنەوە.

وتیشی، “ترسمان لەوە هەیە وەك پێنج كەسەكەی دیكە دەستكاری قسەكانیان بكرێت، دەنگەكە شتێك بێت و جوڵەی دەمیان شتێكی دیكەبێت، دواتر سیناریۆیەك بەسەریاندا ساغ بكەنەوە”.

دەربارەی چارەنووسی پێنج سزادراوەكەی بادینانیش بەشدار حەسەن رونیكردەوە، تا ئێستا لە زیندانی ئاسایشی گشتین و ناتوانن بیان بینن، دۆسیەكەیان رەوانەی دادگای تەمیزكردوەتەوە.

باس لەوەشدەكات، سروشتی كاری ئەو دادگایە وایە، دۆسییە هەیە بە مانگێك یان دوو مانگ دۆسیەش هەیە شەش مانگ یان ساڵێكی پێدەچێت تا ئەنجامەكەی دەردەچێت.

رۆژی 16ی شوباتی رابردو دادگای دووی لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاری سزادانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینانی دەركردو هەریەكەیان سزای شەش ساڵیان بەسەردا سەپێنرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا