پۆڵه‌تیك پرێس
ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی سه‌ر به كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاریدا به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران دواین بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مان بۆ ڕه‌هه‌ندی عێراقیی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاشكراكرد و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، “به‌گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌رداوه، عێراقییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ته‌نیا ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگبده‌ن”.
ئاماژه به‌وه‌شدراوه، “كۆمسیۆن كێشه‌ی هونه‌ری، دارایی، یاسایی و سیاسیی هاتووه‌ته به‌رده‌م، كه واده‌كات هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌نجامنه‌درێت”.
به‌وته‌ی به‌رپرسانی كۆمسیۆن، نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری 160 ڕۆژی پێویسته، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا 40 ڕۆژ له‌به‌رده‌ستدا ماوه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی باڵیۆزخانه‌كانی خۆی له‌وڵاتان ئاگاداركردووه‌ته‌وه، كه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌نجامنادرێت.