مەلا هەورامان و پیر لوقمان و كوردی بەلەنگاز

ئەم بابەتە 35 جار بینراوە

بڕوانەبوون بە ئازادی كارەساتە ، بڕوابوون بە ئازادی واتە رێزگرتن لە بیرو باوەڕی ئەوانی تر بە مەرجی ناتوند و تیژی و ستەم ، توندو تیژی و ستەم پەیوەندیان بە ئازادیەوە نیە ،وەك خۆم چەندین جار لە سەر ئازادی ئەوانی تر بە دەنگ هاتوم بە ئازادی مەلا هەورامانیشەوە، بۆ ئەوەش هەمیشە چاوەڕێی ئەوە بوومە باجی هەڵوێست و بیرو باوەڕەكانم بدەم .

دوای رونكردنەوەكەی عەلی باپیر لە سەر نەورۆز ، مەلا هەورامان دەنووسێت ” نەورۆز نەجەژنەو نەهیچ پەیوەندی بە قەومی كوردەوە هەیە ” ئەوە لە كاتێكدا جەژنی نەورۆز ژیانەوەی هەر چوار پێكهێنەرەكەی سروشتەو بەر لە ئیسلامیش و لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلامیشا هەر هەبووە، كورد كۆنترین نەتەوەن كە ئەم بۆنەیەیان پیرۆز كردووە ، پرسی كاوەو جودی و ئەوانە پێویستی بە توێژینەوەیە ، بەڵام یەكەم رۆژی نەورۆز واتە 21ی 3 وەرچەرخانی سروشت بە جۆرێكە هەوا دەگۆڕێ‌ زەوی دەبوژێتەوەو دارو درەخت چرۆدەكەن و ئاو رونتر دەنوێنێ‌ ، ئاگریش دوارەگەزە كە بۆ پیرۆزی هەموو ئەو گۆڕانكاریانە دەكرێتەوە .

جەژنێك یان بۆنەیەك ملیۆنان كەس دڵی پێخۆش بێت و بەرگی ئاڵ و واڵابكەن هیچ هۆیەك نیە بۆ ئەوەی رقت لێیبێت .

پیر لوقمان لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا دەڵێ‌ هەموو رۆژێ‌ تف لە سەلاحەدین دەكەم ، راستی بۆ من جێی داخە پیاوێكی نوسەرو خوێنەوار كە هاوڕێشمە ئەمە بیرو بۆچوونی بێت بۆ كەسێتیەكی دیرۆكی و كەسی سەردەمێكی تر ، لای من سەلاحەدین فریشتە نیە ، بەڵام شایانی رێزە نەك تف لێكردن ، لە بەرانبەر كوشت و بڕو نادادیدا كاری چاكی زۆری كردووەو ئێستا بە شێكە لە دیرۆكێكی گرنگ ، با واز لەو بێنین ئێمە خۆمان دەتوانین چی بكەین ، ئەوە پرسیارەكەیە .

بە هۆی نەبوونی پەروەردەوە ئێمە كەسمان یەكترمان قەبوڵ نیە ، هەموو پەلاماری یەكتر دەدەین ، هەموو هەوڵی سڕینەوەی یەكتر دەدەین ، دیرۆك و رابردوی خۆمان وێران دەكەین ، ئەمەش ئەو پەڕی بەلەنگازی و بێئاوەزیە ، هەر بۆیە دوژمەنكانیشمان زۆر بە ئاسانی كەویمان دەكەن ، ئاخۆ ئەم قۆناغە تاریك و نوتەكە كەی تێدەپەڕێنین و دەبینەخۆمان ، خۆمان بەو مانایەی رێز لە مرۆڤبوونی یەكتر بگرین .

ئەگەر پەیامە پیر لوقمان كۆن بێت یان تازە هیچ لەوە ناگۆڕێت كە دڵ و دەرونی ملیۆنان كەس بریندار دەكات ئەوەش لە تەك پەیامی زەردەشتا نایەتەوە ، ئەگەر مەلاهەورامان نەورۆزیشی قەبوڵ نەبێت ناكرێ‌ بە دەربڕینی دیدێكی جیاواز ملیۆنان كەس بریندار بكات كە خوداش ئەوەی پێخۆش نیە .

لەتیف فاتیح فەرەج

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک