پۆڵەتیك – سپۆڕت
سەعات 10 ی ئەمشەو یەكەم یاری قۆناغی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە نێوان هەردوو یانەكانی پاریس سانت جێرمانی فەڕەنسی پاڵەوانی خولی لیگ 1 و یانەی لایبزیجی ئەڵمانی سێیەمی ڕیزبەندی گشتی بۆندزلیگا بەڕێوە دەچێت.
یارییەكە بۆ هەردوو یانە گرنگ و مێژووییە بەو پێیەی خەونی گەیشتن بە یاری كۆتاییان هەیە پاریس پاش چەندان ساڵ لە هەوڵدان توانی دواجار خۆی لە یاری كۆتایی چامپیۆنس لیگ نزیك بكاتەوە لایبزیجیش یانەیەكی نوێ لە سەر نەخشەی تۆپی پێی جیهان ئەمشەو خەونێكی سەندڕێلایی دەبینێت.
پاریس پێش ئەم یارییە چاوەڕوان كراوە ڕووبەڕووی یانەی ئەتەڵەنتای ئیتاڵی بۆوە و بە ئاستەم توانی خۆی لەو داوە ڕزگار بكات كە گاسپرینی و كوڕانی بۆیان نانەوە لە بەرامبەردا لایبزیج توانی بردنەوەیەكی ئاسان بەرامبەر یانەیەك تۆمار بكات كە هەموان چاوەڕێییان دەكرد لە یاری كۆتایی بیبینن كە یانەی ئەتڵەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی بوو، بەڵام لایبزیج زۆر بە ئازایی توانی ڕووبەڕووی ببێتەوە و سەركەوتنی بە سەریدا تۆمار كرد و خۆی گەیاندە یارییەكەی ئەمشەو.
جەنگی تەكتیكی ئەمشەو لە نێوان مامۆستا و قوتابییەكەیدا دەبێت تۆماس تۆخێل لەو بارەیەوە ڕایگەیاند كە 12 ساڵ لەمەوبەر كاتێك ڕاهێنەری بوو لە لاوانی ئۆگسبۆرگ هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتووە ئەمشەو ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە بەرامبەریشدا ناگلیزمان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ئاشكرای كرد كە ڕێزی ڕاهێنەر و مامۆستاكەی پێشووی دەگرێت و شادومانە بەرامبەر ئەو دەبێتەوە ئەمشەو.
ئەمشەو سێ شەممە سەعات 10
پاریس سانت جێرمان X لایبزیج
دانەر ئەسڵان