پۆڵەتیک پرێس
کامل بەیاتی، شرۆڤەکاری سیاسی عێراق رایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی سەرجەم پلانەکانی کورد دەکات یەکێک لەوانەش جیابوونەوەیە لە عێراق ئەگەر لە حاڵەتێکدا پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت.
کامل بەیاتی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، پاڵپشتی ئەمریکا بۆ کورد تەنیا لە سەربەخۆیی هەرێمدا کورتنابێتەوە، بەڵکو پشتیوانی کوردەکان دەکات لە هەوڵەکانیاندا بۆ زیادکردنی شنگال و کەرکوک بۆناو خاکی هەرێم.
باسی لەوەشکرد، ئەمریکا بنکەی سەربازی لە چەند شوێنێکی ستراتیژی هەرێم جێگیرکردووە تا بتوانێت وەک ئیدارەی ئۆپەراسیۆن و کۆنتڕۆڵ بەکاریبهێنێت و تەنانەت لە کاتی پێویستدا بتوانێت لەوێوە شەڕ بکات.
وتیشی: ئەمریکا پشتیوانی کوردەکان دەکات لە پلانی جیابوونەوە و سەربەخۆیی، بەڵام دۆخی هەرێمیی لە ناوچەکە رێگە نادات بە دروستبوونی دەوڵەتێکی لەو شێوەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا پاڵپشتی هەرێم دەکات بۆ زیادکردنی شنگال و کەرکوک بۆناو خاکی خۆی، تا ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا ئاسان بکات و لەڕێی شنگالەوە کوردانی هەرێم و رۆژئاوا بەیەکتر بگەیەنێت.