وەڵامی داخستنی HDP درایەوە

زۆربوون ئەوانەی ڕایان وابوو كە دوای شكستی پڕۆسەی ئاشتی، جارێكی دیكە HDP ناتوانێت گردبوونەوەیەكی ملیۆنی لەتوركیاو باكووری كوردستان ئەنجامبدات.

ئەو قەناعتەی ئەوان لەوە سەرچاوەی گرتبوو گوایە گردبوونەوە ملیۆنیەكانی نەورۆزی ئامەدو شارەكانی دیكەی باكووری كوردستان، تەنها بەرهەمی پڕۆسەی ئاشتی بووە، هەروەها لێرەو لەوێش بەناڕەوا HDP بەهۆكاری لەدەستدانی ئەو دەرفەتی پڕۆسەی ئاشتی تۆمەتباردەكرا.

ساڵانێكە لەسەر ئاستی دەسەڵاتدارانی توركیا، بەتایبەت لەنێو هاوپەیمانی حوكمڕانی ئەكەپەو مەهەپە، كار بۆ ئەوە دەكرێت كە جەماوەرو HDP لێكداببڕێن.

دوای سەركەوتنەكانی HDP لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی توركیا كە لەحوزەیرانی 2015 ئەنجامدرا، هەروەها شكستی هاوپەیمانی ئەردۆغان – باخچەلی لەهەڵبژاردنی شارەوانیەكان لە2019، بەتایبەت بەلەدەستدانی هەریەك لەشارەوانی مەزنی (ئیستانبوڵ‌و ئەنكەرەو ئیزمیر)، دەسەڵاتدارانی توركیا بەپلان‌و بەرنامە كاریانكردووە بۆ دژایەتی HDP، تا كار گەیشتە ئەوەی لەو چەند رۆژە لەڕێگای دادگاوە هەوڵبدرێت كە HDP وەك سێیەمین هێزی توركیا دابخرێت، خەباتی سیاسی لەهەزاران سەركردەو كادیری HDP قەدەغە بكرێت.

جێگای هەڵوەستەیە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا، جگە لەزیندانیكردنی هاوسەرۆكەكانی HDP، سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوكسەگداغ، چەندین پەرلەمانتاری HDP پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیراو خرانە زیندانەكان، دەیان سەرۆك شارەوانی دەستگیركران‌و قەیوم لەشوێنەكانیان سەپێندران، بەهەزاران كادیرو لایەنگیری HDP خرانە زیندان، بەشێوەیەك كە بەڕای زۆرێك لەچاودێران لەئێستادا توركیا جگە لەزیندانێكی گەورە هیچی دیكە نییە، بەتایبەت بۆ كوردان‌و لەنێویشیاندان بۆ هەدەپەیەكان.

ئەگەر توركیا بەرامبەر دۆزی میللەتێك ئەوە سیاسەتی بووبێت كە HDP نوێنەرایەتی دەكات كە ملیۆنان كەس لەهەڵبژاردنەكان دەنگیان پێداوە، ئەوا HDP ئەركی بووە لەسەر چەندین ئاڕاستە شكست بەو سیاسەتەی ئەردۆغان‌و هاوپەیمانەكەی بهێنێت.

شایانی باسە زیندانیكردنی هاوسەرۆك‌و پەرلەمانتارەكان‌و سەرۆك شارەوانیەكان نەك پاشەكشەی بەخەباتی سیاسی‌و مەدەنیانەی ئەو پارتە نەهێناوە، بگرە گەورەترین شەرمەزاری بۆ توركیا لێكەوتۆتەوە، بەتایبەت كاتێك لەئاستی دادگای مافی مرۆڤی ئەورپی چەندینجار داوا لەتوركیا كراوە كە دەمیرتاش ئازادبكات.

هەروەها هەڵوێستی ئەمدواییەی كۆشكی سپیش بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەچیتە چوارچێوەی ڕەوایەتی پرس‌و خەباتی HDPو شكستی پلانی نەیارانی.

لەئاستی ناوخۆی توركیاو باكووری كوردستانیش، بەرخۆدانی بەردەوامی HDP بەڕووی فشارە نادیموكراسیانەی هاوپەیمانی فەرامانڕەوا وایكردووە كە ڕۆژ بەڕۆژ خەڵكی زیاتر بەدەوری ئەو پارتە كۆببێتەوە.

كۆكردنەوەی سەرجەم پارتە كوردی‌و كوردستانیەكان لەباكووری كوردستان لەژێر ناونیشانی ئیتفاقی نەتەوەیی كە هەدەپە وەك چەترێك كۆیكردوونەتەوە، وەڵامێك بوو بۆ ئەوانەی كە وەك توركیا رەخنەیان لەبیرورباوەڕو سیاسەتی HDP دەگرت، پێیانوابوو هەدەپە تاكڕەوانە لەباكووری كوردستان كاردەكات‌و نوێنەرایەتی دۆزی كورد ناكات.

دواجار HDPلەجەژنی نەورۆزدا پەیامی بۆ دۆست‌و نەیارانی نارد، دۆستەكانی شادكردو نەیارانی زیاتر نیگەران كرد.

جەژنی نەورۆز ئەمساڵ، باشترین پەیام بوو بۆ هەوڵەكانی (ئەردۆغان‌و باخچەلی) كە بەخەیاڵی خاوی خۆیان HDP دادەخەن‌و ئەو پیلانەیان بۆ دەچێتەسەر.

بەڵام بینرا كە نەورۆز بۆ HDP كرایە گەورەترین ڕاپرسی كە دەبێت ئەردۆغان لێی تێبگات كە HDP مادام ملیۆنان كەسی لەپشتە، بەتایبەت لەئەو خەڵكە ئازاو خۆڕاگرە، ترسی لەداخستن نییە، بۆیە لەزاری هاوسەرۆكەكان وتیان: HDP نا پارتێكی دیكە.

هیوا سەید سەلیم

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا