دوای پێنج مانگ هەڵكەوت بەهۆی پەلاماری گورگەوە گیانی لە دەستدا

پۆڵەتیك پرێس – محەمەد مستەفا

هەڵكەوت رەسوڵ دوای پێنج مانگ لە پەلاماردانی لەلایەن گورگەوە بەهۆی كاریگەری برینەكەیەوە ئێوارەی 21ی ئازار یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆز گیانی لە دەستدا، باوكی هەوڵكەوت تەندروستی راپەڕین بەكەمتەرخەم ناودەبات، لەبەرانبەریشدا بەرپرسانی تەندروستی ناوچەكە رایدەگەیەنن گشت هەوڵێكیان بۆ چارەسەركردنی هەوڵكەوت داوە.

مانگی 11 ی ساڵی رابردو لە گوندی خەرینەی سنوری قەزای رانیە، ژمارەیەك گورگ پەلاماری دانیشتوانی گوندەكەیاندا لەنێو ئەوانەشدا گورگێك پەماری هەڵكەوتی 13 ساڵان و برایەكی دیكەی دەدات بەوهۆیەشەوە هەڵكەوت بەسەختی بریندار دەبێت.

بردمە لای چەند پزیشكێك وتیان دەبوو سەرەتا زیاد لە یەك دەرزی دژە ژەهری هاری لێ بدرایە، چونكە ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا ماوەتەوە

بەوتەی رەسوڵ حاجی باوكی هەڵكەوت، هەر دوای رووداوەكە بەخێرایی هەردوو كوڕەكەی گەیاندوەتە نەخۆشخانەكانی راپەڕین و دەرزی دژە نەخۆشی هاریان بۆ كراوە.

ئاماژە بەوەشدەكات، هەرچەندە ماوەیەك تەندروستی هەردوو كوڕەكەی باش بووە، بەڵام دوای ماوەیەك دۆخی تەندروستی هەڵكەوت رووی لە خراپی كردووە، چونكە دەركەوتووە كاریگەری ڤایرۆسی هاری كە بەهۆی پەلاماری گورگەكەوە چووەتە جەستەیەوە تێیدا ماوەتەوە.

رەسوڵ حاجی بە پۆڵەتیك پرێسی وت، “رۆژ بە رۆژ تەندروستی هەڵكەوت خراپتر دەبوو، بردمە لای چەند پزیشكێك وتیان دەبوو سەرەتا زیاد لە یەك دەرزی دژە ژەهری هاری لێ بدرایە، چونكە ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا ماوەتەوە”.

وتیشی، “داوا دەكەم لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت و لێكۆڵینەوە لە كەمتەرخەمییەكانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رانیە لەئاست چارەسەر نەكردنی كوڕەكەم بكەن”.

باوکی هەڵکەوت: دەمەوێت لێكۆڵینەوە لە كەمتەرخەمییەكانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رانیە بکرێت

زۆركات لە هەرێمی كوردستان روداوەكانی گیانلەدەستدانی نەخۆش بۆ كەمتەرخەمی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام لایەنە تەندروستییەكانیش بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە.

دكتۆر پێشڕەو خالید وتەبێژی تەندروستی راپەڕین بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەوان وەك تەندروستی راپەڕین رەتیدەكەنەوە كەمتەرخەمیان لە چارەسەركردنی هەڵكەوت رەسوڵدا كرابێت، دوای رووداوەكەش دەرزی دژە ڤایرۆسی هاری لێدراوە.

وتیشی، “ئەو چارەسەرەی بۆ هەڵكەوت كراوە لە هەموو كوردستان هەمان دەرزی بۆ بەكاردەهێنرێت و تاكە چارەسەری ئەو جۆرە حاڵەتانەیە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا