دەمیرتاش هۆکاری داخستنی هەدەپە ئاشکرادەکات

پۆڵەتیک پرێس

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” لە زیندانەوە جەختی لەوە کردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەشێوەیەکی نایاسایی هەوڵدەدات رێگری لە پارتەکەی بکات کە داکۆکیکاری مافەکانی کوردە، هەتا گرەنتی بردنەوەی خۆی بکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا.

ساڵانێکە هەدەپە کە سێیەم گەورە پارتی پەرلەمانی تورکیایە، دووچاری فشاری سەخت دەبێتەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەبیانوی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” هەیە، هاوکات، بە دەیان ئەندام و سەرکردەی ناو پارتەکە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی “تیرۆر” و پاڵنەری سیاسی زیندانی کراون.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی تورکیا دوو جار رکابەری ئەردۆغانی کردووە، لە ساڵی 2016ەوە سەرباری داواکارییەکانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئازادکردنی، لە زینداندایە.

ئەمڕۆش پارتی دیموکراتی گەلان رووبەڕووی هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە و داخستن دەبێتەوە بەتایبەت لەدوای ئەو سکاڵایەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەلایەن داواکاری گشتی تورکیاوە بۆ دادگای دەستوری بەرزکرایەوە و تیایدا تۆمەتیدایەپاڵ پارتەکە لەبارەی ئەوەی گوایە پەیوەندی لەگەڵ چەکدارە کوردەکان هەیە.

هیوادارم دادگای دەستوری شەرعیەت نەدات بەم جۆرە رەفتارە ناعەقڵانییە و رەتی بکاتەوە

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری سەرەکی کە پاڵنەرە بۆ ئەوەی هەوڵی داخستنی پارتەکەی بدەن بەرفراوانکردنی مەودای بردنەوەی “هاوپەیمانی گەل”ە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بڕیارە لە ساڵی 2023 ئەنجامبدرێت.

هاوپەیمانی گەل پارتی داد و گەشەپێدانی باڵادەست و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست لەخۆدەگرێت، کە بەپێی زۆرێک لە راپرسییەکان پشتیوانییان تابێت کەم دەکات.

دەمیرتاش لە زیندانەکەیەوە لە ئەدرەنە لە باکوری رۆژئاوای تورکیا رایگەیاند، ئەم هۆکارە خۆی بەتەنیا بەسە بۆ ئەوەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بکاتە دۆسیەیەکی نایاسایی و ناشەرعی، وتیشی: هیوادارم دادگای دەستوری شەرعیەت نەدات بەم جۆرە رەفتارە ناعەقڵانییە و رەتی بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی تورکیا ئیدانەی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هەدەپەیان کرد، ئەمریکاش پێیوایە ئەم هەنگاوانە زیاتر دیموکراسیەت لاواز دەکەن، یەکێتی ئەوروپاش هۆشداریدا لەبارەی ئەوەی ئەم هەنگاوانە ببنەهۆی پێشێلکردنی مافی ملیۆنان دەنگدەر.

دەمیرتاش هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە و وتی: هەر بەربەستێک لەسەر رێگامان دروستبکرێت، سیاسەتمان هەر بەرەو گەشەسەندن دەچێت و واز لە مافی سیاسەت و حوکمڕانی دیموکراسی ناهێنین.

پێویستە بە سیاسەتی خۆماندا بچینەوە و رەخنە لە خۆشمان بگرین

وتیشی: دەمەوێت بڵێم، جگە لە دۆسیەی داخستنی هەدەپە و تۆمەتەکانی دەدرێنەپاڵ ئەم پارتە، پێویستە بە سیاسەتی خۆماندا بچینەوە و رەخنە لە خۆشمان بگرین، تا بەشێوەیەکی باشتر لەبەردەم کۆمەڵگادا پێناسەی خۆمان بکەین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەگەر تۆمەتەکانی دراونەتەپاڵ دەمیرتاش راست بن و دەرکەوێت پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە هەیە، ئەگەری هەیە حوکمی 142 ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت.

هەفتەی رابردوو لەبەردەم دادگای دەستوری، هۆشداری لەبارەی هەدەپەوە دراو و باس لەوەکرا کە ئەم پارتە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر یەکێتی دەوڵەتی تورکیا، هاوکات، هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی 687 ئەندامی هەدەپە رێگریان لێبکرێت و دووربخرێنەوە لەناویشیاندا دەمیرتاش کە ماوەی پێنج ساڵە بەشێوەیەکی کردەیی دوورە لە گۆڕەپانی سیاسی.

پێدەچێت ئامانجی ئەم رێگریانە دڵنیابوونەوە بێت لەوەی ئەندامە ئێستاییەکانی هەدەپە نەتوانن لە حاڵەتی داخستنی پارتەکەیاندا، پارتێکی نوێ لەژێر ناوێکی جیاوازدا پێکبهێنن بۆ درێژەدان بە سیاسەتیان.

لەبارەی پرسیارکردن لە داهاتووی سیاسییەوە، دەمیرتاش وتی: بەهۆی دەستگیرکردنەکەوە کاری سیاسی بۆ من قەدەغەیە، بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلانیش نەبوومایە یاخود کاندیدی ئەو پارتە نەبوومایە، هەر شانبەشانی گەلەکەم بەردەوام دەبووم لە شەڕکردن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا