پۆڵەتیك – سپۆڕت
ئەمشەو سێ شەممە و سبەی شەو چوار شەممە هەردوو یارییەكانی قۆناغی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای ئەم وەرزە بەڕێوە دەچن.
چوار یانەی دوو وڵات ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە ئەڵمانییەك و فەڕەنسییەك ئەمشەو یاری دەكەن سبەی شەویش ئەڵمانییەكی تر و فەڕەنسییەكەی تر ڕووبەڕوو دەبنەوە.
ئەمشەو پاڵەوانی فەڕەنسا و سێیەمی ڕیزبەندی كۆتایی بۆندزلیگای ئەڵمانیا دەدەن بە یەكدا سبەی شەویش پاڵەوانی لە مێژینەی ئەڵمانیا و دووەمی ڕیزبەندی كۆتایی لیگ 1 ی فەڕەنسا ڕووبەڕوو دەبنەوە.
ئەمشەو یانەیەكی سەرمایەداری فەڕەنسی ڕووبەڕووی یانەیەكی نوێ لە سەر نەخشەی تۆپی پێی ئەڵمانیا و ئەوروپا دەبێتەوە كە تەنها 11 ساڵ تەمەنیەتی سبەی شەویش دێوەزمەكەی باشوری ئەڵمانیا ڕووبەڕووی زەبەلاحێكی خاوەن ڕابردووی زێڕینی فەڕەنسا دەبێتەوە.
ئەمشەو دوو یانە دەجەنگن بۆ بلیتێكی یاری كۆتایی سبەی شەو دوو یانە دەجەنگن یەكێكیان 5 نازناوی چامپیۆنس لیگی هەیە ئەوی تریان كە فەڕەنسییەكەیە وەك ئەوانەی ئەمشەو بێ نازناوە.
ئەمشەو مامۆستا و قوتابی ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە وەك ڕاهێنەر یەكێكیان دەیەوێت یانەیەكی فەڕەنسی بگەیەنێتە یاری كۆتایی لە سەر حسابی یانەیەكی وڵاتەكەی خۆی ئەوی تریان دەیەوێت لە سەر حسابی یانەیەكی فەڕەنسی یانەكەی وڵاتەكەی خۆی بگەیەنێتە یاری كۆتایی لە كاتێكدا سبەی شەو ڕاهێنەرێكی ئەڵمانی ڕاهێنەری یانە ئەڵمانییەكە دەبێت ڕاهێنەرێكی فەڕەنسیش ڕاهێنەری یانە فەڕەنسییەكە دەبێت.
ئەمشەو ڕاهێنەرێكی ئەڵمانی دەچێتە یاری كۆتایی چامپیۆنس لیگەوە سبەی شەویش دەشێت ڕاهێنەرێكی تری ئەڵمانی خۆی بگەیەنێتە یاری كۆتایی یاخود ڕاهێنەرە فەڕەنسییەكە ئەو كات یاری كۆتایی یاخود ئەڵمانی تەكتیك دەبێت یاخود فەڕەنسی بەرامبەر ئەڵمانی دەبێت.
یاری كۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ یاخود بە وێنەی یاری كۆتایی جامی سوپەری فەڕەنسا دەبێت یاخود بە وێنەی ڕووبەڕوو بوونەوەكانی بۆندزلیگا دەبێت یاخود شەڕێكی تۆپی پێی دوو یانەی هەردوو وڵاتانی پاڵەوانانی هەردوو مۆندیالەكانی 2014 و 2018 دەبێت.
دانەر ئەسڵان