بەزمی سەیران

شەو تا سەعات12 لەگەڵ خزم و برادەرەكانی بەتەلەفون قسە لەسەر ئەوە ئەكات بەیانی بۆ كوێ بچن ، هەریەكەیان شوێنێك ئەڵێت، خزمێك ئەڵێت ئەگەر فڵان بێت من نایەم ، یەكێكی تر ئەڵێت ئەگەر بچنە ئەو سەیرانگایەی ساڵی رابردوو من نایەم . بەم شێوەیە كۆتایی بەتەلەفون دێت بێ ئەوەی ڕێكبكەون لەگەڵ كێ بچن و بۆ كوێ بچن.

بەیانی سەعات 10ی بەیانی خەبەری ئەبێتەوەو بە هات و هاوار مناڵەكانی خەبەر ئەكاتەوەو لەگەڵ ئیشپێكردنی ئۆتۆمبێلەكەی تەسجیلەكەی بە گۆرانییەكی هەڵپەڕكێ دەنگ دەداتێ بۆ ئەوەی هەموو گەڕەك بزانن بۆ سەیران ئەچێ. هەرچۆنێك بووە دوای سەعاتێك منداڵەكان بە جلی ماڵەوە ئەكاتە پشتی پیكابەكەی، دوای بەڕێكەوتنی نەوت یا چەرخ یان خوێی بیرچوە. بەدەم تەلەفون كردنەوە دەڕواتە سەر شەقام و هەموان ئاگادار ئەكاتەوە لە فڵان چوار ڕیان كە ئەچێ بۆ سەیرانگاكەی ساڵی رابردوو چاوەڕێیان ئەكات.

دوای ماوەیەكی زۆر خزمان بەنیوە ناچڵی دەگەنە لای و هەندێكیان پێش سەلام ناڕەزایی دەردەبڕن و داوا دەكەن بچن بۆ شوێنێكی تر، هەر جۆنێك بێت دەكەونە ڕێ ، ڕێگا وەك هەموو ساڵێك قەرەباڵغەو ئەمیش وەك پیشەی هەمیشەیی دواكەوتووەو ماڵ و مناڵ دەڵێن گەر بەمجۆرە بڕۆین بۆ سەعات دوو ناگەین، كابراش خۆی گیڤ ئەكاتەوەو دوای جنێودان بە حكومەت دەست دەشكێنێتەوە سەر خۆڵەكەو وەك ( )ی ناو مەیدان تەپ و تۆز دروست دەكات تا دەگاتە لای خاڵی پشكنین.

هەر چۆنێك بێت بەهەزار فەرتەنە دەگاتە شوێنی مەبەست ، بەڵام ئەوەی جێی داخە خزمان لەوێش لەسەر شوێنی دانیشتن ڕێكناكەون و بەهەزار پرتەو بۆڵە دواجار هەوار هەڵئەدەن، لەو لاشەوە ئەو خزمەی بەنیاز نەبوو بێت هێشتا شتەكانی لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدایە دی جەی داگیرساندووەو لەگەڵ ژن و منداڵەكانی سێ پێیی هەڵدەپەڕێت.

كات گەیشتە سەعات دووی دوانیوەڕۆ و نانخواردن دەست پێدەكەن بە 15 خولەك چی دانراوە دەپێچرێتەوەو لەسەر سفرە بوونی نامێنێت، جارێكی تر دی جەی تا ئەوپەڕی دەنگ دەدرێتێ و هەرچی سەیرانكەری ئەو سنورەیە دەكەونە بەردەم دوو بژاردە قبوڵ كردنی دۆخەكە یان گواستنەوەی بارو بنە بۆ شوێنێكی دوور تر.

هێشتا دی جەی گەرم نەبووە دووان بە دەپڵ و باڵەبان دێنە هەڵپەڕكێ ، خزمێكیش دی جەی دەكوژێنێتەوەو هەڵپەڕكێ بۆ سەر ئاوازی دەپڵ و باڵەبان دەگۆڕن. تا شەكەت دەبن دەست بەرنادەن،

دوای ئەم بەزمە ئیتر تەنگاوی دەستپێدەكات كوڕ ئەو كوڕەیە مزگەوت بدۆزێتەوەو خۆی پێ بگەیەنێت، لەوێش تەنگاوی حاڵی تێكدەدات و دەكەوێتە پاڕانەوە بۆ نۆرە بڕی هەر چۆنێك بێت خۆی پیادەكات و دوای چارەكێك وەك ئەوەی بەسەر قەندیلدا سەركەوتبێت دەست لە گیرفان و بەنەخوێن ( دووخوێن) بەدەمییەوە دێتە دەرەوەو بەلوت هەناسەیەكی ئاسودەیی هەڵدەكێشێت.

بەمجۆرە كات نزیكدەبێتەوە لە سەعات چوار بۆ پێنج، ئیتر قۆناغی كەباب و گۆشت برژاندن دەستپێدەكات ، خەڵوزو مقەڵی دادەنرێت و نەوت دەكرێت بەسەر خەڵوزداو ئاگرێكی گەورە دەكرێتەوە. گۆشت نیوە سوتاو دەبرژێنرێت كەبابەكەش نیوە زیاتری دەكەوێتە خوارەوەو دەبێتە خەڵوز.

لەگەڵ هەڵكردنی كزەبای ئێوارە و بێزاربوونی منداڵ پرۆسەی خۆكۆكردنەوەو گەڕانەوە دەستپێدەكات، بەهەمان شێوەی هاتن لە گەڕانەوەشدا دەچێتە سەرخۆڵ و خۆشی دەبینێت لە بێزاركردنی كەسانی دەوروبەری،

بەگەیشتنەوەی بە ماڵ و داكەندنی جلە كوردییەكانی لەبری سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە ئەم جەژنەش وەك جەژنی ڕابردوو دەبڵی ئۆتۆمبێلەكەی لەكاتی كەوتنە ناو چاڵی ڕێگا خۆڵەكە نەتەقیوەو بەسەلامەتی گەڕاوەتەوە دەكەوێتە ناڕەزایی و دوای جنێودان بە حكومەت دەڵێت كوردستان شوێنی سەیرانی تیانیەو كوردیش قەت نەیزانیوە سەیران بكات.

ئەمە حاڵی هەریەكێكمانە..

رێبوار حەمە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا