پۆڵەتیك پرێس
رۆژی یەك شەممە گەشتیارێكی زۆر بە مەبەستی بەرێكردنی یەكەم رۆژی نەورۆز روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی كرد و شارۆچكەی دوكان زۆرترین گەشتیاری لە خۆگرت، بە بێ روودانی هیچ رووداوێكی هاتووچۆ، گەڕان و پشكنینی تیمەكانی فریاگوزاری ژێركەوتن بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو گەشتیارەی لە ئاوی دوكاندا خنكا.
پەیامنێرمان لە شارۆچكەی دوكان وتی: رۆژی یەك شەممە زۆرترین رێژەی ئەو گەشتیارانەی روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی كرد، هاتبوونە شارۆچكەی دوكان.
وتیشی: هیچ رووداوێكی سەختی هاتووچۆ رووینەداوە و دوای ئەوەی دوو گەشتیار كەوتنە ناو دەریاچەی دوكانەوە، تیمەكانی فریاكەوتن توانییان گەشتیارێكیان رزگاربكەن و گەڕان بەدوای تەرمی گەشتیارەكەی دیكە بەردەوامە.
پێشتر ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە سەیرانگای دوكان رایگەیاندبوو، زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار لە سەرلەبەیانی رۆژی یەك شەممەدا سەدانی سەیرانگای دوكانیانكردووە و زیاتر لە 10 هەزار گەشتیاریش هاتوونەتە ناو سەنتەری پارێزگای سلێمانی.