پۆڵەتیك پرێس
ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان و گەشتیارانی سنوری گەرمیان روویانكردە ناوچە گەشتیارییەكانی گەرمیان و لە یەكەم رۆژی نەورۆزدا پێنج رووداوی هاتووچۆ لە سنوری قەزای كەلار روویانداوە و بەهۆیەوە سێ كەس برینداربوون.
پەیامنێری پۆڵەتیك پرێس لە كەلار وتی: بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری گەرمیان لە رۆژانی رابردوو ئەمڕۆش زیاتر لە سێ هەزار گەشتیار روویانكردووەتە ناوچە گەشتیارییەكانی گەرمیان.
دەربارەی رووداوەكانی هاتووچۆ پەیامنێرمان لە زاری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان گواستییەوە، رۆژی یەك شەممە، لە سنوری كەلار پێنج رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، دوو رووداو لە ناو سەنتەری قەزای كەلار و سێ رووداویش لە دەرەوەی كەلار بووە، كە بەهۆیانەوە دوو هاووڵاتی بە سوكی برینداربوون و باری تەندروستیان جێگیرە.