چەند مەرجێک بۆ تێپەڕاندنی پشکی هەرێم دادەنرێت

پۆڵەتیک پرێس

مونا غەرابی، پەرلەمانتاری کوتلەی مواتن رایگەیاند، کوردەکان لەبارەی هەناردە و داهاتەکانی نەوت ئەو بەندانە هەڵدەبژێرن کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام ئێمە رێگە بەوە نادەین.

مونا غەرابی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، ئێمە سورین لەسەر جێبەجێکردنی دەستور لە پڕۆژەیاسای بودجە و رێگە بە هەرێم نادەین خۆی بەندەکانی ناو رێککەوتنەکان دەستنیشان بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەرێم پابەند بێت بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن حکومەتی بەغداوە بۆی دیاریدەکرێت.

وتیشی: ئەو خاڵەی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە زیادکراوە ئەوەیە لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەرێم راستەوخۆ نەوتەکەی رادەستی بەغدا نەکات، ئەوا بودجەی مانگانەی دەبڕدرێت، ئەمەش لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە رەتکراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزە سیاسییە ناکوردەکان لە پەرلەمان زۆرینەن و ئەگەر هەرێم سوربێت لەسەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان، ئەوا پڕۆژەیاسای بودجە بە دەنگی زۆرینە تێدەپەڕێندرێت.

ماوەی چەند مانگێکە پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ە و هەتا ئێستا رێککەوتنی کۆتایی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە نەکراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا