هۆكاری پەسەندنەكردنی بودجە ئاشكرا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

بەشێك لە لایەنە شیعەكان هۆكاری پەسەندنەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021 بۆ رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغداو بوونی داواكاری زیاتری چەند پەرلەمانتارێك دەگەڕێننەوە.

سادق مەدلول ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دواخستنی دەنگدان بە بودجە بەهۆی نەگەیشتنە رێككەوتن بوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی بڕگەی 11ی پڕۆژەیاساكەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، جگە لە پشكی هەرێم، هاوكات چەند پەرلەمانتارێكی دیكەش داواكاری دیكەیان هەبوو كە پێشتر داوایان كردبوو، بەڵام لە یاساكەدا جێگەی نەكرابوەوە.

لەلایەكی دیكەوە، عەدنان فەیحان سەرۆكی فراكسیۆنی سادیقون لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بێ كەموكورتی نیە، بەڵام بۆ دۆخی ئێستای سیاسی و ئابوری عێراق پڕۆژەیەكی باشە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، پێداگری هەندێك لەپەرلەمانتاران بۆ تێپەڕاندنی چەند بڕگە و ماددەیەك كە تایبەت بووە بە لایەن و كەسایەتییەكان، هۆكاری سەرەكی پەسەندنەكردنی بودجە بووە.

لە دوو رۆژی رابردودا گفتوگۆو كۆبونەوەی چڕی لایەنەكانی نێو پەرلەمانی عێراق لەلایەك و كۆبونەوەكانی شاندی هەرێمیش لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەچوو، بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرانەش پەسەندكردن و تێپەڕاندنی بودجە بۆ شەمەی داهاتوو دواخرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا