نەورۆزو ئاگرەكەی كەمبوونەوەی تین و كاڵبوونەوەی ھێما؟!

سەرەتا نەورۆزو سەری ساڵی كوردی لە كوردستانیان و ڕۆڵەكانی نەتەوەی كورد لە ھەر چوار پارچەی كوردستان و كونج و قوژبنەكانی جیھان، پیرۆز بێت. بەھیوای سەركەوتنی خەباتی ئەو پارچانەی ھێشتا نەتەوەی ئێمە لە قۆناغی بەربەرەكانێدایەو ئاگری نكوڵی كردن لە مافەكانی، بە جەستەی خاراوی كوردو ناسیۆنالیزمەكەی دەكوژێنرێتەوە!

بەڵام بۆ ئێمەومانێ، كە خۆمان بە خاوەن فیكرو چاودێر دەزانین، واچاكە لەم بۆنەدا، تەنھا بە پیرۆزبایی واز نەھێنین، بەڵكو سەرنج بۆ چۆنێتی تێپەڕینی زەمەن و پەرەسەندنی مێژوو رەنگدانەوەیان، بەسەر ئێمەو ڕەمزو بۆنەكانماندا ڕابكێشین و ھوشیاری پێویست بدەین.

ھەر لەم چوارچێوەو لەمەڕ نەورۆزو ھێما مێژووییەكانی و ئێستای باشور و ناسیۆنالیزمەكەی، ئەم چەند سەرە قەڵەمە خوارەوە دەخەینە پێش چاو:
١- نەورۆز لە باشوری كوردستاندا تا راددەیەكی زۆر لەوە كەوتووە ھێمای بەرخۆدانی نەتەوەیی بێت، نەك لەبەر ئەوەی بەرخۆدان پێویست نەماوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی لەبەر زیاد لە ھۆكارێك، لە زۆرێ لە ئاماژەكانی ئاماژەكانی بەتاڵ كراوەتەوە!!

٢- ئەگەر نەورۆز لە ڕووی دیرۆكیەوە، ھێمای سەركەوتن بەسەر ستەم و زۆرداریدا بێت، ئەوا لەم ڕووەشەوە، ھێماكانی كاڵبوونەتەوە؟! لەبەرئەوەی دۆخەكە سەبارەت بە ئێمە، ھێندەی ھەوڵدانە بۆ رێگرتن لە دانەڕوخانی زیاترو سەیركردنی سەركەوتن لەسەر ئاستی حیزبیی و نەبوونی پڕۆژەی ھاوبەش، بەو ئەندازە چاوبرینە ئاسۆی بەرینتر و دەستكەوت و سەركەوتنی مێژوویی مەزن نیە؟! جگە لە زەقبوونەوەی فۆرمی جۆراو جۆری ستەمی خۆماڵی بەرامبەر بە یەكتر؟!

٤- گەر ئاگر لە كۆنەوە رەمزی خاوێنی و پاكبوونەوە بێت، لە سۆنگەی ئەوەی نوخبەی ئێمە لەم رووەوە بە گشتی شكستی خواردووە، نەورۆزیش لەم رووەو وەك ھێما بوونی خۆی لەدەستداوە؟!

بە كورتی، لە سۆنگەی ئاڵوگۆڕی جۆراوجۆری و ئیستیھلاكی زۆر ھێماو رەمزی ناسیۆنالیزمی كوردی، نەورۆزیش وەك ھێمایەكی ئەم ناسیۆنالیزمە لە ئێستادا، لە زۆرێ لە ئاماژەكان و وھێمابوونی داڕنراوە؟!

ئاگرەكەی ساردوسرەو روحی سەرما لە سكچوی كورد لە ئاستە جۆراوجۆرەكانیدا گەرم ناكاتەو! تەزوو گەرمی پێویست بۆ عەقڵی كەسیرە بووی ناگێڕێتەوە.

بەڵام، سەرەڕای ھەموو ئەوەی وتمان ھێشتا نەورۆز لە سنورێكداو بەشێوەیەكی رەمزی ئەركێكی ناسیۆنالیزمانە ڕادەپەڕێنێت، ئەویش ئەوەیە كە لەم بۆنەداو بۆ ماوەی ڕۆژێك یاخود چەند ڕۆژێك، گەر كەش و ھەواكە تێكنەدرێت، خەڵكەكە ناسنامە خوار نەتەوەییەكانی خۆیان لە بیربكەن و چێژ لە ھەستی ھاوبەشی كوردو كوردستانی بوون بەرن و لە بۆنەیەكی مێژوویدا مێژووە گروپی و ناوچەییەكانی خۆیان بۆ تاوێك لە بیربكەن.

كە ئەوە پێویستیەكی نەتەوەسازییە.بەڵام كێشە لەوەدایە، ئەم ھەست و ھوشیاربوونە دەستەجەمعیە بەخۆ، زۆر ناخایەنێت و ڕاستەوخۆ دوای نەورۆز، واقیعی لێكدابڕان و پارچەبوونەكە، بۆ ئاستی یەكتر بوغزاندن و كاڵبوونەوەی ناسنامەی ھاوبەش، خۆی دەسەپێنێتەوەو ئەوەی لە نەورۆزدا ڕوودەدات، دەبێتە دیمەنێكی نامۆو دابڕاوی پانتاییەكی رەنگكراو بە مۆركی شەڕی یەكتر كردن و پشتكردنە یەك و رەتكردنەوەی كلتوری نیشتیمان و نەتەوە سازی!!

لە كاتێكدا دەبێت ھەست بە ھاوچارەنوسی و ھەست و ناسنامەی ھاوبەش، بنچینەو دۆخە ھەمیشەییەكە بێت، نەورۆز پتەوترو بەھێزتری بكات و لە ساتە وەختێكی ھێما بۆ بوژانەوەو ڕزگاری و شكۆمەندی و سەركەوتندا، لە لوتكە گەشانەوەی خۆیدا نمایشی بكات؟

ئەبوبەكر كاروانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا