شیعەكان مەرجی نوێ بۆ ناردنی پشكی هەرێم دادەنێن

پۆڵەتیك پرێس:
دوای رێككەوتن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق لایەنە شیعەكان چەند گۆرانكارییەكیان كردووە و مەرجیان بۆ ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان داناوە بەشێوەیەك ئەگەر هەرێم پابەندی رادەستكردنی نەوت نەبێت، حكومەتی عێراقیش شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نانێرێت.

موسەننا ئەمین ئەندامی هاوپەیمانی هیوای كوردستان لەپەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی پەرلەمانی عێراق هەندێك گۆرانكاری لەو رێككەوتنەی كردووە، كە شەوی هەینی لەنێوان شاندی هەرێم‌و لایەنە شیعەكان كراوە.

موسەننا ئەمین وتیشی: لایەنە شیعەكان هەندێك وشەیان گۆڕیوەو بەپێی گۆڕانكارییەكەش ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبوو ئەوا بودجەی بەكاربردن‌و وەبەرهێنان دەبڕدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، ئەو دەقە حەسەن كەعبی خۆی هێناویەتی، رێككەوتنی لەسەر نەكراوە و كێشەی بۆ پشكی هەرێم دروستكردووە، لەلایەكی دیكەشەوە سوننە و شیعەكان سەرنج و بۆچوونی جیاوازیان هەیە و لەسەری رێككنەكەوتوون، ئەو گۆرانكاریانەش كاریگەری لەسەر رێكەوتنەكە دەبێت و جارێكی دیكە پێویستی بە رێككەوتنە.

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی هیوای كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد لەسەر كۆی رێككەوتنەكە سەرنجی هەیە، بەهەڵەی دەزانێت، چونكە دەستكەوتەكان كراونەتە قوربانی پرسی فرۆشتنی نەوت، جگە لەوە دەستكەوتێكی راستەقینەی بۆ خەڵكی هەرێم و موچە خۆران تێدا نییە و تەنیا لە بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی نەوتە.

شەوی هەینی لایەنە شیعەكان‌و شاندی هەرێمی كوردستان رێككەوتن، بەپێی رێككەوتنەكە دەبوو هەرێم رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشێت‌و نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بكات، لەبەرانبەردا عێراق شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا