پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان چەندین ناوچەی گەورەی بازرگانی دروست دەكەن و شوێنیشیان بۆ دابینكراوە.
فەتحی محەمەد وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەزارەتەكەیان لە پلانیدایە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و لایەنە پەیوەندیدارەكان 11 ناوچەی پیشەسازی دابمەزرێنێت ئەو هەنگاوەش دەرفەتی گەورە بۆ هەلی كارو خزمەتی هاوڵاتیان دەڕەخسێنن.
وتیشی، “هەنگاوی دروستكردنی ئەو ناوچە پیشەسازییانە دەبێتە هۆی ئەوەی ژێرخانی پیشەسازی هەرێم بەرەو قۆناغێكی نوێ بڕوات و بەرهەمی ناوخۆیش بۆ ئاستێكی زۆر بەرزدەكاتەوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ناوچەكان پیشەسازییەكان لەپارێزگاكان و بەشێك لە ئیدارە سەربەخۆكان دروستدەكرێت و زەویش بۆ بەشێكیان تەرخانكراوە، لەزوترینكاتیشدا كاركردن تیاندا دەست پێدەكات.
بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە، پرۆژەكان سێ ناوچەیان لە سنوری پارێزگای هەولێر دروستدەكرێت و چوار ناوچەشیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ئەوانی دیكەشیان لەپارێزگاكانی دهۆك و هەڵەبجە و لە ئیدارەی گەرمیان دروستدەكرێن.