یاریزانانی سیروانی نوێ بۆ هەڵبژاردەی عێراق

پۆڵەتیك سپۆڕت

پاش ئەوەی وەرزی ڕابردوو توانییان نازناوی فۆتساڵی خانمانی كوردستان بۆ شاری سلێمانی بهێننەوە.

تیپی تۆپی پێی فۆتساڵی خانمانی یانەی سیروانی نوێ‌ سەرنجی بەرپرسانی وەرزشی عێراق بۆ خۆیان ڕادەكێشن و ژمارەیەكیان بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە سەر ئاستی خانمان دەست نیشان دەكرێن.

عەباس فەرەج ڕاهێنەری ناسراوی كوردستان و فۆتساڵی یانەی سیروانی نوێ‌ لە لێدوانی تایبەت بە پۆڵەتیك سپۆرت ڕایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە پاش بردنەوەی نازناوی یانەكانی كوردستان لە لایەن یانەكەمانەوە ئیدی هەموان لە سەر ئاستی عێراق بە سەرنجەوە لە كچانی سیروانی نوێ‌ دەیانڕوانی هەر بۆیە وەفدێك لە بەغدادی پایتەختەوە هاتنە سلێمانی و سەردانی شوێنی مەشقەكانیان كردین من بۆ خۆم چەند ڕۆژێكە لە گەشت و سەیران تووشی ڕووداو هاتم قاچم شكا، بەڵام هەر چووم بۆ پێشوازییان و لەگەڵیاندا بووم تا خۆیان چاودێری وردی لاوانی یانەكەمانیان كرد كاتێك لەگەڵ یاریزانە نایابەكان مەشقیان دەكرد و بڕیاری ئەوەیاندا كە 10 لە كچانی سیروانی نوێ‌ بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی فۆتساڵی خانمانی عێراق لە سەر ئاستی لاوان بانگهێشت بكەن كە ئەمە هەواڵێكی دڵخۆشكەرانەیە هەم بۆ كچە یاریزانەكانی یانەكەمان و هەم بۆ خۆشم وەك ڕاهێنەریان كە دیارە شتێكی باشمان كردووە بۆیە بەو شێوە بەر چاوە یاریزانەكانمان دەست نیشان دەكرێن لە نێویشیاندا وەك باوكێك خۆشحاڵم هەردوو كچەكەی خۆشم بانگهێشت كراون لەگەڵ هاوڕێكانیان.

ڕاهێنەر عەباس وتیشی: لە ئێستاشدا خەریكی ئامادەكارین لە تیپی پاڵەوانی كوردستانماندا بۆ بەشداری كردن لە خولێكی چوار تیپی كە ڕێكخراوی ژیانەوەی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توند و تیژی دژی ژیان سازی كردووە و ئێمەشی وەك یانەی سیروانی نوێ‌ بانگهێشت كردووە بە خۆشحاڵییەوە لەگەڵ تیپێك لە دەربەندیخان و تیپێك لە هەورامان و تیپێكی تر لە چەمچەماڵی ئازیز بەشداری دەكەین بە هیوای ئەوەی لەم كاتی نەبوونی خول و پاڵەوانێتییەدا ئەو خولە تۆزێك كەشی وەرزشی بۆ خانمان بگەڕێنێتەوە.

لە كۆتاییدا هیوای سەلامەتی و زوو چاك بوونەوە بۆ ڕاهێنەر عەباس فەرەج دەخوازین وەك پێگەی پۆڵەتیك سپۆڕت

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا