چۆنیەتی گرتنی هەڵەبجە

سوپای ئێران لەپاش گرتنی فاو ١٩٨٦ ەوە ، لە زۆربەی بەرەكانەوە زۆری بۆ سوپای عێراق هێنابوو . هێرشە بەردەوامەكانی بەناوی فەجر و فەتح و كەربەلاوە ناونابوو كە زنجیرەیەك بوون لەو هێرشانەی ناویان نابوو دیفاعی مقەدەس .

هێرشی گرتنی هەڵەبجە سەر بە زنجیرە هێرشەكانی فەتح بوو بەناوی فەتحی پێنجەمەوە . لە ١٣ ی ئازاری ١٩٨٨ دا بەهاوبەشی سوپا و پاسداران و پێشمەرگە كوردەكانی دژ بە عێراق دەستپێكراوە .

پلانە سەربازیەكە ( كەماشە) یی بۆ ئابڵۆقەدانی سوپای عێراق بووە لە سێ لاوە ( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور ) ی هەڵەبجە بە دەشتی شارەزوورەوە و دواتر لە باكوورەوە لە عەرەبەت هەرسێ سوپاكە یەكبگرنەوە و بەرەو سلێمانی هێرش دەست پێبكەنەوە .

ئەگەر ئەو پلانە بەتەواوی سەریبگرتایە ، سوپای ئێران دەربەندیخان و كەلاریشی دەخستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە ، بەهۆی دابڕینی سلێمانی لە سێ لاوە هەمان ئابڵۆقەدانی سەربازی ( كەماشە) ی دووبارە دەكردەوە و بەئاسانی سلێمانیشی داگیردەكرد .

هێڵی بەرگری سوپای عێراق بریتی بوو لە دوو فیرقەی ٤٢ لەناو هەڵەبجە و ٣٦ لە دەربەندیخان . فیرقەی ٤٢ بە سەرلەشكری عەمید ڕوكن عەلی حسێن عەلگاوی ، لیواكانی ٦٠٧ ، ٦٠٢ ، ٤٣٤ ی بەدرێژایی سنووری عێراق – ئێران لە سوورێنەوە تا هەورامان و شنروێ و باڵانبۆی لەژێر دەستدابوو .

فیرقەی ٣٦یش كە سەرلەشكركەی عەمید فەرحان جاسم عەباد بوو ، بەدوو لیوای ٥٠٦ ، ٦٦ ئەركی پاراستنی خۆرئاوای ڕووباری سیروان و دەریاچەی دەربەندیخانی لە ئەستۆبوو .

ئێرانیەكان لە ١٣ ی ئازاردا لەگەڵ پیشمەرگەدا لە چیای شنروێ وە دەستیان بەهێرشەكە كرد . لەهەمان شەودا پێشمەرگە دەچنە ناوشاری هەڵەبجەوە و سوپای عێراق بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەكەن .

فیرقەی فەتح ی سوپای ئێران لە ڕووباری سیروان و چیای باڵانبۆوە هێرشە سەرەكیەكەیان دەستپێدەكەن . بە خێرایی دەپەڕێنەوە بەرەو ناوچەی زەڵم و یەكگرتنەوە لەگەڵ هێزی پاسداراندا كەلە هەورامان و خورماڵەوە هێرشیان دەستپێكردبوو و لە نێوان سەیدسادق و زەڵمدا یەكدەگرنەوە .

پێكەوە پێشڕەوی دەكەن بەرەو سەیدسادق . بەشێك لە فیرقەی فەتحیش هێرش دەكەنە سەر لیواكانی ٥٠٦ و ٦٦ . بەڵام لیوای ٦٦ بەرگریەكی سەخت دەكەن كەمقەدەم فەرید حەمودەی بەڕەگەز فەڵەستینی بووە .

كاتێك فیرقەی ٤٢ لە ڕۆژی ١٤ ی ئازاردا بۆیان دەردەكەوێت ئابڵۆقەدراون هیچ دەرچەیەكیان لەبەردەمدا نەماوە ، هەموو ڕێگاكانی بەهاناوە چونیان لێگیراوە ، داوای هێزی دابەزینی ئاسمانی دەكەن .

سوپای عێراق هێزێكی مغاویریان بە هالیكۆپتەر لە چیای باڵانبۆ بۆ یارمەتیدانیان دەنێرێت . بەڵام هیچیان پێ ناكرێت . لە ١٥ ی ئازاردا فیرقەی ٤٢ تەسلیم بە ئێرانیەكان دەبن .

سەرلەشكرەكەیان لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەمن و ئیستخباراتەكانی هەڵەبجە دەیانەوێت بەپیادە لە ڕووباری سیروان بپەڕنەوە و خۆیان دەربازبكەن .

زۆرینەیان لە ڕووبارەكەدا خنكاون . عەمید عەلی حسێن عەلگاویش لەناو ڕووبارەكەدا فیشەكێك بەخۆیەوە دەنێت و خۆی دەكوژێت .

لە ١٦ ی ئازاردا ، سەدام حسێن فەرماندەكات تەڕ و وشك لە هەڵەبجەدا پێكەوە بسووتێنن و شارەكە بەچەكی كیمیایی بۆردمان دەكات .

هونەر تۆفیق

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا