شه‌نگال چۆن ده‌بێته‌ خاڵی پێكدادانی ئێران و توركیا؟

پۆڵەتیک پرێس

ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لەم دواییانەدا لە شەنگال چڕبووەوە، عێراقی کردە خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئێران، بەجۆرێک هەردوو هێزەکە لە یاری راگرتنی باڵانسیاندان لە عێراق و هەوڵ دەدەن هەژمونی زیاتری خۆیان بسەپێنن.

لەمبارەیەوە گۆڤاری “ناشناڵ ئینترێست”ی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە تیایدا ئاماژە بە ئاڵوگۆڕی لێدوان و پەیامەکانی هەردوو باڵیۆزی تورکیا و ئێران لە بەغدا کراوە کە لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا لەبارەی دۆسیەی دەستوەردانی تورکیا لە خاکی عێراق و تۆمەتەکانی تورکیا بۆ ئێران لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” بلاویانکردەوە.

هەر لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە هەڕەشەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کراوە کە لەبارەی بەرفراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا کردی دژی پەکەکە لە چیای شەنگال، کە بەیەکێک لە ناوچە ستراتیژییەکانی سەر سنوری عێراق و سوریا دادەنرێت.

بەپێی بڵاوکراوەی میدیاکانی تورکیا، دەستەی حەشدی شەعبی لە وەڵامی هێرشەکەی تورکیا و بە ئامانجی رزگارکردنی ئەندامانی پەکەکە، هێزەکانی لە شەنگال پتەوترکرد.

ئێران دوودڵە لەبارەی ئەگەری ئەوەی تورکیا هەوڵ بدات پەکەکە بکاتە بیانوو بۆ بنیادنانی دەسەڵاتی سەربازی درێژمەودا لە شەنگال

بەڵام گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەتا مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووش چ تورکیا و چ ئێرانیش بەیەکەوە هێرشی ئاسمانییان دەکردەسەر چەکدارانی کورد لە هەرێم، چۆن لەماوەی ساڵێکدا بەم شێوەیە هەڵوێستیان گۆڕا و کەوتنە ململانێوە دژی یەکتر لەسەر هەمان دۆسیە؟!

بەپێی گۆڤارەکە، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا وا دەردەکەوت کە هەژموونی ئێران لە عێراق پاشەکشەی کردووە، خۆپیشاندانەکانیش هێمایەکی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق بەرەو پاشەکشە هەنگاویناوە، دواتریش کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لێدانێکی گەورەبوو بۆسەر هەژموونی ئێران لە عێراق.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کاتێک لە مانگی ئایاری ساڵی 2020 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق گۆڕابە مستەفا کازمی، کە بە یەکێک لەو سیاسەتمەدارە عێراقییانە ناسراوە سەربەخۆیی زیاترە و هەوڵ دەدات پارێزگاری لە هاوسەنگی پەیوەندییەکانی عێراق چ لەگەڵ ئێران چ لەگەڵ دراوسێکانی دیکە لەوانەش تورکیا و سعودیە بکات.

باس لەوەشکراوە، کەچی ئەنقەرە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتە رێککەوتن بۆ روبەڕوبوونەوەی پەکەکە لە شەنگال، بەڵام دوورخستنەوەی ئێران لەو رێککەوتنە سێ قۆڵییە، گومانی لەسەر رۆڵی تورکیا لە عێراق دروستکرد، بەپێی راپۆرتەکە، ئێران دوودڵە لەبارەی ئەگەری ئەوەی تورکیا هەوڵ بدات پەکەکە بکاتە بیانوو بۆ بنیادنانی دەسەڵاتی سەربازی درێژمەودا لە شەنگال وەکچۆن پێشتر لە باکوری سوریا و پارێزگای دهۆک کردی.

لەلایەکی دیکەوە هەر بەپێی راپۆرتەکە، تورکیا رکابەری یەکەمی ئابووری ئێرانە لە بازاڕی عێراقیدا، لە ساڵی 2019 تورکیا بە بەهای 10.2 ملیار دۆلار شمەک و خۆراکی هەناردەی عێراق کرد، لەکاتێکدا ئێران بە بەهای 9.6 ملیار دۆلار شمەک و خۆارکی هەناردەی عێراق کردووە.

پێناچێت تورکیا بیەوێت لەناو خاکی عێراق رووبەڕووی ئێران ببێتەوە

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رکابەرییەکی زیادلەپێویست لەنێوان تورکیا و ئێران هەیە لەسەر کەرتی کارەبای عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا، تورکیا دەیەوێت لەڕێی عێراقەوە هەوڵی قۆرغکردنی هێڵەکانی گواستنەوە بدات، لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدات پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراقدا پتەوتربکات.

بەپێی گۆڤارەکە، تورکیا دەیەوێت بەربەست بخاتەبەردەم رۆڵی ئێران لە گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە لەڕێی عێراق و سوریاوە بۆ ئەوروپا، وەکچۆن هەوڵدەدات ببێتە ناوەندی سەرەکی گواستنەوەی وزە بۆ ئەوروپا و لەڕێی دەروازەکانی سنوری عێراق لەگەڵ ئوردن و سعودیە شمەکی تورکی و ئەوروپی بگەیەنێتە بازاڕەکانی وڵاتانی عەرەبی.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێناچێت تورکیا بیەوێت لەناو خاکی عێراق رووبەڕووی ئێران ببێتەوە، بەڵکو هەوڵدەدات ئەو بۆشاییەی کە هەیە لە بەرژەوەندی پتەوکردنی ستراتیژی خۆی بەکاریبهێنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری روبەڕوبوونەوەی نێوان تورکیا و ئێران لە عێراق بەتەواوەتی دوور نییە، ئەگەر لە حاڵەتێکدا تورکیا هەڵمەتی سەربازی لە شەنگال دەستپێبکاتەوە و پێکدادان لەگەڵ حەشدی شەعبی دروست بکات، ئەو کاتە ئەستەمە ئێران بەبێدەنگی بمێنێتەوە و بهێڵێت تورکیا چی دەوێت بیکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا