پۆڵەتیک پرێس
لە چوارچێوەی پرۆژەی سینەماتیکی غەزەلنووس و سینەما سالم، ناوەندی غەزەلنووس پرۆژەی (بەیەکەوە گفتوگۆکردن دەربارەی فیلمی کوردی) ڕادەگەیەنێت.
ئەم پرۆژەیە بە نمایشی فیلمە کوردییەکان لە سینەما سالم و دواتر گفتوگۆ و دانیشتنی ڕەخنەیی سەبارەت بە فیلمەکان، لە هەمان ڕۆژدا دەست پێ دەکات و دواتر هەنگاوەکانی دیکەی پرۆژەکە ڕادەگەیەنرێت.
ناوەندەکە داوا لە سەرجەم فیلمسازان دەکات کە فیلمەکانی خۆیان بنێرن تا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی پێشوەخت ڕاگەیەندراودا، چونیەتیی نمایش و گفتوگۆکردن دەربارەیان ڕابگەیەنێت.
وەک ناوەندی غەزەلنووس ئاماژەی بۆ دەکات ئامانجی سەرەکیی ئەم پرۆژەیە دروستکردنی فەزای گفتوگۆ و خستنەڕووی تێڕوانینەکانە دەربارەی سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی فیلمە کوردییەکان و سازدانی زەمینەیەکە بۆ گەشەکردنی زیاتری سینەمای کورد.
لە راگەیەندراوی پڕۆژەکەدا هاتووە : ئەم پرۆژەیە هەڵگری هیچ دروشمێکی گەورە نییە و هەوڵێکی خاکەڕایانەیە، ئامانج تەنیا گفتوگۆی زیاتر و خەمخورییە بۆ خزمەتکردنی بە فیلم و سینەمای کوردی و سەنگەرگرتن نییە لە هیچ کەس و هونەرمەندێک.
ئەوەشی راگەیاندووە هەر فیلمێک بڵاو بووبێتەوە و لە هەر ڕێگەیەکەوە هاتبێتە ناو فەزای گشتییەوە، ئەم پرۆژەیە بە ئەرکی خۆیی دەزانێت بیهێنێتە ناو چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەوە و نمایشی بکات و گفتوگۆی لە بارەوە بکات.
ئەم پرۆژەیە (کورتەفیلم، فیلمی درێژ و فیلمی دۆکیۆمێنتەری) دەگرێتەوە.