نووسینی: سەیوان محەمەد
تادێوژ بۆرۆڤسکی (١٩٢٢-١٩٥١) نووسەر و ڕۆژنامەنووسی پۆڵەندیی ڕزگاربووی ئاوشڤیتز کە بەهۆی شیعر و چیرۆکەکانییەوە دەربارەی ئەزموونی لە کامپی دەستبەسەرکردندا پێگەیەکی جیاوازی هەیە لە ئەدەبی پۆڵەندی و جیهانیدا. پێگەیەکی جیاوازی هەیە چونکە تەرزی گێڕانەوە لای بۆرۆڤسکی کە زۆرجار هێندە سارد و دڵڕەقانەیە، بە ئەستەمیش هەست بە هاوسۆزی بۆ قوربانی و ڕق لە جەلاد ناکەیت، ئەمەیش خوێنەر دەخاتە دوودڵییەوە سەبارەت بە ناسینەوەی قوربانی و جەلاد، هێندە هێڵێ جیاکەرەوەی نێوان ئەو دووانە کاڵ دەبێتەوە تا بگاتە ئەوەی درک بە بوونی جانوسێکی دوو ڕوخسار بکەیت کە هاوکات هەردوو ئەگەرەکەی تێدا دەربکەوێت.
ئەو هەوڵدەدات ئاوێنەیەکی بێخەوش بێت و تەواوی وردەکارییەکانی ژیانی کامپ وەک خۆی پیشان بداتەوە بەبێ ئەوەی خۆی بدزێتەوە لەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەی کە وەک ڕزگاربوویەکی ئاوشڤیتز لەسەر شانێتی. تادێوژی ڕزگاربووی ئاوشڤیتز فریشتەیەک نییە تەنیا پاکی و بەرائەتی خۆیمان بۆ نمایش بکات، بەڵکو ئەو دیوە شەیتانییەیش کە ژیانی کامپ لێی خواستووە بووەتە بەشێک لە بوونی و بۆمانی دەگێڕێتەوە. بەمجۆرەیە کە بۆرۆڤسکی لەدەرەوەی ئەو نەریتەیە کە تایبەتە بە ‘ئەدەبیاتی هۆڵۆکۆست’، کە بە زۆری نووسەرانی سەر بەو نەریتە کۆمەڵێک وێنەی دووبارەی کامپەکانمان بۆ دەگوێزنەوە، لەکاتێکدا تادێوژ بە خوێنساردییەوە وردەکاریی زۆر بچووکی ڕۆژانەییمان بۆ وێنا دەکات کە دەبن بە دەلاقەی گەورە بۆ ئەوەی لەڕێیەوە وێنەیەکی تەواوکۆی ماشێنە دێوئاساکە ببینین.
بۆ من، ئاوشڤیتز نوگرەسەلمانە. ئاوشڤیتز ئاوێنەیەکە تا ئێمە برینی خۆمانی تێدا ببینین، کە ئێمە نەمانتوانیوە برینی خۆمان پیشان بدەین. بۆیە بە پێویستی دەزانم زیاتر بایەخمان بۆ ئەدەبیاتی جینۆسایدی گەلانی تر هەبێت، هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە کە ئەم کۆمەڵەچیرۆکە کراوەتە کوردی. هەمیشەیش بەئومێدی ئەوەی کاری جدی لەسەر کارەساتە زۆر زەبەندەکانی ڕابردوو و ئێستای نەتەوەکەمان بکرێت، بۆ ئەوەی ژیانمان خۆشبوێت.
کۆمەڵەچیرۆکی «لێرەوە بۆ ژووری گاز، خانمان و بەڕێزان»، لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە چاپ کراوە و ڕۆژی پێنجشەمە ١٨ ی ئادار دەکەوێتە بەر دیدەی خوێنەران.