نێچیرڤان بارزانی ئاوێك بكە بە ئاگرەكەدا!

ئەم ڕۆژانە بە گەرمی كۆبوونەوە یان نەبوونەوەی مەسعود بارزانی و لاهوری شێخ جەنگی مشتومڕی میدیا و سیاسیەكان و خەڵكیشە.

بە هۆی ئەو پەستانە زۆرەی ناوخۆی پارتی كە بەرئەنجامی سۆنامی میدیایی دوای ریفراندۆم و ۱٦ی ئۆكتۆبەرە و پارتی پێشتر خۆی ئەم زریانە ئیعلامییەی تەخوینكردنی هەستاند؛ كۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەم دوو سیاسیە ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە.

لە مێژوودا پارتی سوپرایزی سیاسی گەورەی نەكردووە، بەهۆی پێكهاتە ئایدۆلۆژی و بونیادە جەماوەرییەكەی و ئیعتیباراتە خێڵەكییەكەوە پارتی حیزبێكی سست و خاو و قورسە.

چاوەڕێی بڕیاری خێراو و ناكاوگیر بۆ دەستپێشخەری كۆبونەوە و دانیشتن لە پارتی دوورە و دیارە تا ئێستایش واقیعەكە لە بەرژەوەندی ئەودا بووە، بەڵام پرسیاری زیندوو ئەوەیە؛ ئەی ئەگەر لە جوڵەیەكدا واقیعەكە قڵپ بۆوە؟ ئەی ئەگەر یارییەكە ناخۆشتر بوو؟ ئەو كاتە ئەوەی زیان دەكات و كولەمەرگتر دەبێ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانن نەك مەسولەكانی سەرەوە.

مێژووی پارتی خاڵی نییە لە سازش؛ لە هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ شا، لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی، لەگەڵ توركیا، تا دەگات بەدەستخستنە ناو دەستی سەدام و هێنانی دەبابەی بەعس بۆ سەر هەولێر لە ۳۱ی ئابدا نمونەیەكە سوور دەچێتەوە، كەچی ڕاستەوانە لەگەڵ ڕێكخستنی هاوكێشەی سیاسیدا پارتی تەنها لە زوعفدا ئامادەی كۆبوونەوە بووە و لە قوەتدا هەمیشە داشی خۆی سواركردووە.

بە كورتی پارتی مام جەلال نییە لە شەڕی ناوخۆدا بێ حیمایە و بە تەنها شۆفێرێكەوە بڕوات بۆ ماڵی بارزانی، پارتی نەوشیروان مستەفا نییە بێ پاسەوان و لەگەرمە و ئەوجی گۆڕاندا بەتەنیا بچێ بۆ سەری ڕەش!

لەناو پارتیدا نێچرڤان بارزانی پیاوێكی سیاسی و ئاقڵ و كراوەترە، هەم بارزانی وەك زاوای گەورە و برازایەك گوێی لێ دەگرێت، هەم وەك سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حیزبەكەشی لەناو پارتیدا سەنگ و قورسایی هەیە… باشترین چارەسەر لە ئێستادا بریتییە لە دەستپێشخەرییەكی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆبوونەوەیەكی چوار قۆڵی بارزانی و خۆی لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆكەكەی یەكێتی، ئەمە ئاو دەكات بە ئاگرەكەدا و ڕێی كۆبوونەوەی دوو قۆڵیش خۆشتر دەكات.

خۆ لەوانەیە قبووڵ نەكردن و ڕەتكردنەوەی كۆبوونەوە لەگەڵ هاوسەرۆكێكی شەرعی یەكێتی كە بە زۆرترین دەنگی كۆنگرەی حیزبەكەی دەرچووە، نە كێشەی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكات، نە لەبەرژەوەندی كابینەكەی مەسرور بارزانییدا بێت، نە پارتیش تا كۆتایی بۆی بچێتە سەر.

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بردنەوەی دانوستانێك لە بردنەوەی شەڕێك كە دوایی هەر دەبێت بە سازش كۆتایی پێ بێت گەورەترە… حەقە ئەمانە لەبەرژەوەندی گشتی بۆ كۆبونەوەیەكی چكۆلەی دوو قۆڵی لە غروری خۆیان خۆش ببن..

توانا ئەمین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا